وتار
ئایا سەردەمی تاكڕەوەی بەسەرچوو؟

هەژار سەلمان




بە گشتی لە چەند ساڵی رابردوودا، چ لەپێناو پاراستنی یەكڕیزی ماڵی كورد بووبێت یاخود لەبەر لاوازای هەڵوێستی یەكێتی، لە زۆربەی هەرە زۆری پرسەكاندا ئیرادەو ویستی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەر بڕیارەكانی گەلی كورددا لە باشوری كوردستان زاڵ بووەو چی ویستووە بۆی چووتە سەر، تەنانەت پەلی هاویشتووە بۆ پارچەكانی دیكەی كوردستان بەتایبەت لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای كوردستان.
لەگەڵ هەموو ئەو سازشانەشدا كە لە رابردوو بۆ پارتی كرا، سەرەنجام نە سیاسەتێكی دروست پەیڕەو كرا تا لە چوارچێوەیدا ماف و دەستكەوتەكانی گەلی كوردی تیا پارێزراو بێت و پەرە بە ئەزموونی خۆبەڕێوەبردن بدات، نە یەكڕیزی ماڵی كورد و تەبایی بەرقەرار بوو لە نێوان پارتە سیاسییەكان، بەڵكو بە پێچەوانەوە ئەو سازشانە پارتی تووشی غرورێكی گەورە كرد و لە بڕیارە چارەنووسازەكاند حیسابی بۆ رەئی هیچ كەس نەدەكرد، ئەوەش ئەوەندەی دیكە پارتی بوغراو لایەنەكانی دیكەی ناڕازیتر دەكرد.
لە پرسی سیاسەتی نەوتی و ئابووری هەرێم، ئیرادەو ئەجێندانی پارتی زاڵ بوو، ئاكامەكەشی بە قەیرانی دارایی و بڕانی بژێوی خەڵك كۆتایی هات، لە پرسێكی چارەنووسسازی وەكو ریفراندۆم و یاری كردن بە كارتی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، دیسان ویستی پارتی و سیاسەتەكانی جێبەجێ كرا، لە پرسی پەیوەندی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیش هەر سیاسەتی پارتی لە ئەداو كارو سەفەقاتەكانی حكومەتی هەرێم هەر پەیوەندییەكانی پارتی بوونە بنەما، دەرئەنجام بەر پیلانی نێودەوڵەتی كەوتین و باجەكەیمان دایەوە، سیستمی ئابووری و حوكمڕانییش هەر بە خواستی پارتی بەڕێوەچوو، بەتایبەتی دوای نەمانی خوالێخۆشبوو مام جەلال لە گۆڕەپانی سیاسی.  
ئەوەی سێشەممەی رابردوو رێكەوتی 2 / 10 / 2018 لە هۆڵی پەرلەمانی عێراق روویدا، بەدەر لەوەی كێم پێباش و كێم پێ باش نەبووە، بەڵام من گرنگییەكەی لەوەدا دەبینم كە ئەو مێژووە دەستپێكی نەمانی هەیمەنەی پارتی بوو لە ناوەندی بڕیاری سیاسی كوردستان و بەسەرچوونی سەردەمی تاكڕەوییە، كە پێویستە پەرەی پێ بدرێت، چونكە تاكە گرەنتی ئارامی كوردستان و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كورد لەم بەشەی كوردستان، راگرتنی باڵانسی هێز و رێزگرتن لە بیرو رای حیزبە خاوەن پێگەو پەیوەندی نێودەوڵەتی و مێژووە دێرینەكانە، كە هەموو ئەو فاكتەرانەو فاكتەری سەربازی و بوونی هێزی چەكداریش لە یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا بەدی دەكرێت.
هیوادارم یەكێتی ئەمجارەیان بەتەواوی سنوور بۆ تاكڕەوی لە ئیدارەدانی هەرێمدا دابنێت و هیچ باڵ و كاكێكی ئەو حیزبە بە سەفقەیەكی سیاسی رێڕەوی ئەم نەهجە تازەیەی یەكێتی نەگۆڕێت، كە ئەمەش مەبەست لێی دژایەتی و نانەوەی ئاژاوە نییە، بەڵكو پەیڕەوكردنی بەشێوەیەكی حەكیمانە كە لە حیكمەتی تاڵەبانییەوە سەرچاوەی گرتبێت دەبێتە هەوێنی ئارامی و گێڕانەوەی باڵانس و پێشگرتن لە ئاراستەكردنی هەرێمی كوردستان و گەلە ستەمدیدەكەی بەرەو هەڵدێر نەبەن و گەیاندنی گەلەكەی بە كەناری ئارامی و خۆشگوزەرانی، چونكە كاتی هاتووە، بە هەڵە بوترێت هەڵەیەو لە ژێر هیچ ناوو ناونیشانێكشدا نەهیڵدرێت چیتر هەڵەی كوشندە كەشتی كوردستان بەرەو گێژەنگی بێ ئامانی دەریای سیاسەت نەبات، چونكە ئەركە لێردا كۆتایی نەهاتووە بەڵكو سەرەتای قۆناغێكی نێیە.     
 

‌ 471 جار بینراوه‌
06/10/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved