وتار
داهاتی نەوتی عێراق و هەرێم لەنێوان شەفافیەت و شاردنەوەدا..

نەوزادی موهەندیس

 

ئاشكرایە هەر كات داهات و خەرجیەكانی هەر حكومەت و دەوڵەتێك ئاشكرا و ڕوون بوون،ئەوا هیچ كات ڕەخنە و گلەیی ئاڕاستە ناكرێت و بەپێچەوانەشەوە كاتێك دەسەڵاتداران و دەستڕۆیشتوانی ئەو وڵات و كۆمەڵگایانە هەوڵیاندا كە داهات و سەروەت و سامانی وڵاتەكانیان بشارنەوە و خەرجیەكانیش دوور لە یاسای ساڵانەی بودجە و بە ئارەزووی خۆیان و بۆ بەرژەوەندی حیزب و سەركردە و بنەماڵەكان خەرج بكەن و بیخەنە خزمەت خۆدەوڵەمەندكردن و هەاژاركردنی كۆمەڵگا و جەماوەری گەلەكانیانەوە، ئەوا بەدڵنیای ڕەخنەی توند و گومان لە تەواوی پڕۆسەكە دەگیرێت و دروست دەبێت .بۆیە هەق وایە لە سیستەمە حوكمڕانیە دیموكراسیەكاندا هەموو سیاسەت و ئیدارە و بەڕێوەبردنەكان تا ئەو ئاستە شەفاف و ڕوون بن كە هیچ گومان و پرسیارێك هەڵنەگرن و لەهەمان كاتیشدا نەبنە هۆی زیان گەیاندن بە ئاسایشی وڵات.بەم شێوەیە حومكڕانیەكی ساغڵەم و تەندروست دێتە كایە و هەموانیش هەست بە بوون و پارێزراوی سەروەت و سامانی خۆیان و وڵاتیش دەكەن.بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی كوردستانی بەناو دیموكراسیدا ئەم ڕاستیانە پێچەوانە بونەتەوە و سەروەت و سامانی وڵات هیچ كەس زانیاریان لە بارەیەوە نازانێت و ناشزانرێت چۆن خەرج دەكرێنەوە، بەپێچەوانەشەوە لە دەوڵەتی عێراقدا تاڕادەیەكی باش هەموو زانیاریەكان لەبەردەستان.
ئەوەتا عێراق لە مانگی 9/2018دا بڕی((06795022)) بەرمیل نەوتی لە كێڵگەكانی بەسرە و باشوری عێراقەوە جگە لە كێڵگەكانی نەوتی كەركوك فرۆشتوە و بڕی داهاتەكەشی بریتیە لە(( 7912571000)) دۆلار و تێكڕای هەناردەی ڕۆژانە بریتی بوە لە ((3560000)) بەرمیل نەوت و هەر 1 بەرمیل نەوتیش فرۆشراوە بە تێكڕای ((091ر74)) دۆلار.
بەڵام لەهەرێمی كوردستاندا 3 ساڵە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان ڕاپۆرتی مانگانەی فرۆشتنی نەوت بڵاوناكاتەوە و هیچ كەس نازانێت چەند نەوت دەفرۆشێت و داهاتەكەی چەندە و چیشی لێدەكرێت؟
ئەوەی ئاشكرا بوو دوای ڕیفراندۆم كە ڕۆژنە هەرێمی كوردستان تەنها(( 360000 )) بەرمیل نەوت دەفرۆشێت چونكە نەوتی كێڵگەكانی ((ئاڤانا و بای حەسن لە كەركوك )) گەڕایەوە بۆ كۆمپانیای نەوتی باكور و ژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقی.
بۆیە لە ئێستادا دەتوانرێت بوترێت ڕۆژانە بڕی(( 400000 )) بەرمیل نەوت دەفرۆشرێت
گەر نرخی 1 بەرمیل نەوت بە(( 70 ))دۆلاریش دابنرێت كە ڕەنگە زیاتریش بێت چونكە ماوەی 10 مانگە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزبۆتەوە و لە ئێستادا گەیشتۆتە(( 84 دۆلار)).
بۆیە:
لە مانگێكدا 30 ڕۆژ*400000 بەرمیل= 12000000 بەرمیل نەوت
نرخەكەی 12000000*70 دۆلار= 840000000 دۆلار
لە ساڵێكدا 840000000*12 مانگ = 10080000000 ملیار دۆلار
لەكاتێكدا بڕی پارەی پێویست بۆ مووچەی تەواو بریتیە لە(( 860 )) ملیۆن دۆلار
بەم شێوەیە 10080000000/ 860000000 =7ر11 مانگ
كەواتە حكومەتی هەرێم دەتوانێت بەتەنها لە داهاتی نەوت مووچەی تەواوی(( 11 مانگ و نیو)) بدات.
ئەمە جگە لە داهاتە ناوخۆییەكانی تر لە 
1.بەروبومە نەوتیەكان مانگانە 150 ملیۆن دۆلار 
2.داهاتی ڕسومات و باجەكان و ...هتد. بریتیە لە 150 ملیۆن دۆلاری تر
واتە 300 ملیۆن دۆلاری تر داهات هەیە
بەڵام بەهۆی دانەوەی قەرزی كەڵەكەبووی ساڵانی ڕابووردوو كەزیاد لە(( 20 ملیار دۆلارە )) و لە ئێستادا زیاتر لە(( 1 ساڵ)) ە مانگانە حكومەتی هەرێم بڕی(( 250-300 )) ملیۆن دۆلار قەرزی كۆمپانیاكان دەداتەوە ،بۆیە ناتوانێت مووچەی تەواو بداتەوە
بەم شێوەیە حكومەتی هەرێم لە مووچە و قوتی فەرمانبەران و هاوڵاتیان دەبڕێت و قەرزەكانی دەداتەوە و میلەتی هەژار و برسی كردوە لەئەنجامی هەڵەی سیاسەتی نەوتیەوە.
بۆیە هەق وایە هەموو ئەو لێپرسراوانەی كە بونەتە هۆكاری ئەم دۆخە ئابوریە خراپەی 4 ساڵی ڕابووردوو:
1.بدرێنە داداگا.
2.لە خولی داهاتووی پەڕلەماندا هەموو ڕاستیەكان ئاشكرا بكرێن. 
3.داهات و خەرجی 4 ساڵی ڕابووردوو بخرێنە بەردەم پەڕلەمان و هەموان بزانن چی لێكراوە و كێ‌ بەرپرسیاری خەرجیەكان بوە.
4.پێویستە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان مانگانە هاوشێوەی وەزارەتی نەوتی عێراقی و كۆمپانیای سۆمۆ ڕاپۆرتی فرۆشتن و داهاتی نەوت بڵاوبكاتەوە.
5.پێویستە ڕاپۆرتەكانی كۆمپانیای ووردبینكەری كەتری نەوت ((دیلیۆت)) مانگانە و لەكاتی خۆیدا بڵاوبكرێتەوە بە كورتی و بە پوختی و دوانەكەوێت و تەنها ڕێكخستنەوەی ژمارەكان نەبێت.چونكە ماوەی 2 ساڵە تەنها 3 ڕاپۆرتی بڵاوكردۆتەوە لەسەر ساڵی 2017 و 3 مانگی ساڵی 2018 كە پێویستە ساڵانی 2014 و 2015 و 2016ش ووردبینی بكات و بڵاویان بكاتەوە..
ئەوەی دیارە تەنها مانگانە بڕی(( 375ملیار دینار )) دەدرێتە وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ مووچە و خەرجیەكانی تر.بەڵام داهاتی حكومەت زۆر لەوە زیاترە.
•بۆیە پێویستە:
1.یاسای ژمارە 2 ساڵی 2015 ((یاسای صندوقیكوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازیەكان))بخرێتە كار و هەموو داهاتەكان ئاشكرا بكرێن وبگەڕێتەوە خەزێنەی حكومەت.
2.بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە 22 ساڵی 2007((یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان-عێراق)) بەشی پێنجەم (( دامەزراندنی كۆمپانیا گشتیەكان))لە مادەكانی ((10 و11 و 12و13)) كە 11 ساڵە دەرچوە و كاری پێناكرێت كۆمپانیا نەوتیەكان دابمەزرێن و دەسەڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان كەمبكرێتەوە.
3.هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە 22 ی ساڵی 2007 چونكە كەموكوڕی تیادایە و باسی لە دامەزراندنی كۆمپانیای غازی سروشتی نەكردوە،كە هەرێمی كوردستان بڕێكی زۆری غازی سروشتی هەیەكە دەگاتە نزیكەی ((5 تریلیۆن مەتر سێجا)).
4.سیاسەتی نەوتی هەڵەی چەند ساڵی ڕابردوو ڕاستبكرێتەوە.
هەموو ئەم كارانە لە كەرتی نەوتدا بەكەسانی بەهێز و شارەزا و بە ئەزموون و پسپۆڕ دەكرێت،بەداخەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا كەسانێكی پسپۆڕ و شارەزا نەبوون لە كەرتی نەوتدا لە پەڕلەمانی كوردستاندا بۆیە سیاسەت و كەرتی نەوت بەوشێوەیە براوە بەڕێوە.
لەكۆتاییدا و دوای 16 ساڵ لە سیاسەتی نەوتی هەڵە و بەڕێوەبردنێكی شكستخواردوو و دوای 16 ساڵ لەگەندەڵی و شاردنەوەی داهاتەكانی نەوت و دوای 16 ساڵ لە قۆرخكاری و شاردنەوە و تاریكاندنی و هەڵلوشینی داهاتێكی زۆری ئەم وڵات و میلەتە،ئیتر كاتی ئەوە هاتووە كە نەوتی كوردستان خۆماڵی بكرێت نەك لە چنگی كۆمپانیا بیانیەكان(( بەناو ئیستیعماری كۆن و نوێ‌)) بە تەنها بەڵكو لە چنگی دەستڕۆیشتوانی ئەو كەرتە لە كوردستانیشدا و هەق وایە نەوت و داهاتەكانی بخرێنە خزمەتی خۆشگوزەرانی و ئاوەدانكردنەوەی كوردستانەوە و ڕەخساندنی هەزاران هەزار هەلی كار بۆ گەنجانی بێكار و بەشمەینەتی ئەم وڵاتە و نەهێشتنی بێكاری ونەوت چیدی نەبێتە هۆكاری دواكەوتن و سووتماككردنی كوردستان ولە نیقمەتەوە بگۆڕدرێت بۆ نیعمەت و هەموان بێ جیاوازی دەنگ و ڕەنگەكان لەسایەیدا بحەسێنەوە و ژیان و گوزەرانێكی پڕ شكۆ و كەرامەت بگوزەرێنن.

‌ 201 جار بینراوه‌
13/10/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved