نوێترین
لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى سلێمانی هه‌شت كافتریا و خواردن و خواردنه‌وه‌ دادخەن   |    ئه‌ندامه‌ بندیواره‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ته‌واوی موچه‌و ئیمتیازاته‌كانیان وه‌رده‌گرن   |    به‌شی وێژه‌یی له‌ ئاماده‌ییه‌كانی كه‌ركوك له‌ مه‌ترسیدایه‌   |    هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رێك خانه‌نشین بكرێت پۆسته‌كه‌ی له‌ده‌ست كورد ده‌رده‌چێت   |    به‌رپرسێكی یه‌كێتی : ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك ته‌نها له‌سه‌ر كات ماوه‌   |    پرسی سكاڵا له‌سه‌ر پۆستی قایمقامی داقوق بۆ مانگێك دواده‌خرێت   |    هه‌فته‌ هه‌واڵـی كه‌ركوك   |    له‌م هه‌فته‌یه‌دا بڕیار له‌سه‌ر موچه‌ دزراوه‌كانی مامۆستایانی خورماتوو ده‌درێت   |    دۆزینه‌وه‌ی زیاتر له‌ 200 گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی سه‌رده‌می داعش له‌ عێراق   |    له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا عه‌بدولمه‌هدی چوار هه‌زار پۆستی به‌وه‌كاله‌ت یه‌كلایده‌كاته‌وه‌   |   
كوردی  |   عربي
وتار
كوردستانی قابیل-ی بەدیهاتن بۆ یادی كاك قابیل قادر محەمەد

ستران عەبدوڵا

 
ستران عەبدوڵا

بۆنەی دانیشتنەكە، رۆژەكەی و گروپەكەشم لە خەیاڵ نییە كە لەگەڵیان بووم. كۆمەڵێك كەركوكی لە رێكخستنە حزبییەكان بوون، لە دەستەی پێشمەرگەكانی راپەڕینی ساڵی 1991 بوون. ئەمانە دەوری یەكتریان دابوو لەسەر موفاوەزاتەكەی بەرەی كوردستانی و حكومەتی بەعس لەكۆتایی ئەوساڵە قسەیان دەكرد. لەباخچەی فراوانی ناو رانیە دانیشتبوون. منیش میوانی ئەو برادەرانە بووم. هەموویان زگورتی بووین. منیش ماڵو حاڵ وێران، لە كەركوك نیم و لە كۆڕەوی كوردان گەرابوومەوە. ئاخر منیش ئیتر كوردی هاوچارەنوس بووم و راكردووی دەستی ئەبو عەددای بووم. دایك و كەسوكار لە سەردەشت بوون و هاتبووم پرسیار لە چارەنووسی ماڵی تاڵانكراومان لە شۆریجە و كتێبخانەكەی خۆم و هەروەها دەوامی زانكۆش بكەم كە لە هەولێر، لەزانكۆی سەڵاحەدین بوو.
یانی خۆم وا لە رانیە بووم، خەیاڵم لای سەردەشت، جێی ئۆردوگای ئاوارەیم ، هەولێر كە مەڵبەندی زانكۆی سەلاحەدین، كەركوك نیشتەنی لاوێتیم بوو. لە هەر جێیەك پێیەكی خەم و خولیام بزماری داكوتابوو. برادەرەكم، كە میوانی مەجلیسی ئەو بووم، وتی:
"ئەوە كاك قابیلە، بیناسە. جەلالی –ماركسی-یە وەك ئەوەی كە خۆت حەزت لێیە". 
لەگەڵ قابیل لە مەجلیسەكە جیا بووینەوە. راستتر جیایكردمەوەو وەك مەلایەكی دانای خاوەن پەیامی رۆشن زەفەری پێبردم. وەك بڵێی سەیری ئاوێنە بكات، وەك سەدای خۆی ببیستێت، نەخێر وەك ئەوەی چاوی داخستبێتو ڤیدیۆیەك تۆمار بكات كە وێنەگرێكیش لەكایەدا نەبێت، قابیل ئاوا قسەی كرد. وەك لە مژدەبەرانی دەگێرنەوە.
 راستییەكەی یەكەمجارە ببینم و ببیستم لەفزی شیرین و نەرمی دەنگ بۆ شەرحی سیاسە تو ئیستعمارو كوردستان بەكار دێت. ئەوی قابیل وتی، نەیوتەوە. من رۆژەكەی حوزەیرانی 1991م لەیاد نییە. بەس تیشكی رۆژەكەی قابیل دای لەچاوم، دڵی سمیم و كەمەندكێشی كردم. وتی: 
“كوردستان وڵاتی خۆمانە. چوار پارچەیە و پێنجەمی وا لای سۆڤێتەكانەوە و دەشماندەوێتەوە. كوردستان داگیرو دابەشكراوە، پلەی پاشكۆیەتی هەیە كە پیسترین پلەی داگیركردنە لە دونیادا، خەباتی گەلی كورد بۆ دەركردنی داگیركەران رەوایەو دامەزراندنی دەوڵەتێكی دوور مەودای سۆشیالیست و یەكگرتنەوەی هەر چوار پارچە،خەونێكی شایانی خۆمانە.هەقمانە و ئەم هەقە هەر دەبەینەوە".
قابیل وەك حیكایەتخوانێك كە شانامە بخوێنێتەوە و لەدەنگیی و لەرەنگیی سیمای سوارچاكان و شەڕی ئیمراتۆریاو دەنگی ئەسپەكانیان و شمشێرەكانیان ببیستێ. ئاوا بێ وچان كوردستانی كردە كێوماڵی بەردەممان و نەخشەكەی لەسەر مێزی ئەندێشە دانا. قابیل لەوێدا بانگخوازێكی رەوانی نەتەوەیی رۆژهەڵاتی سەرەتای سەدەی بیست بوو. یەكەمجارە ببیستم و ببینم نەخش و نیگاری كوردستان ئاوا لەبەردەستماندا بێت. سەیری بكەین و پێكەوەی گرێ بدەین، داگیركەرانی كوردستان لێ دەر بكەین.
 من لەو رۆژە قابیلییەدا ئەدگاری ئەو دیمەنەم دی كە ئیتر هەر نەمدییەوە. لە هیچ راپەڕین و رابوون و نەبەردییەكی سەربازیدا كە وڵات ئاوا خۆماڵی و خۆمانی ببێتەوە ئەم ئەدگارەم نەدیووە و لەسەرم نەخوێندەوە. ئاوارەی رانیەو سەرگەردانی سەردەشت و كەركوك و هەولێر بەخەیاڵ فریووە كە دونیا شامی شەریفەو وا ئێستا كوردستانەكانی لای خۆیەتی. 
قابیل قابلیەتێكی بێ وێنەی هەبوو لە شەرح و شرۆڤەدا. مەلا بوایە یەك بینە دینی دەگەشانەوەو شاعیر بوایە دیوانی غەزەلی چاپ و پەخش دەبوو. مەلای كادیر و كادیری مەلا بوو لەوانەی هەموو شۆرشێكی نەتەوەیی پێویستی پێی بوو و هەموو بانگەوازێكی حاجی قادرانە گەرەكی بوو. قابیل پرسیاری نەدەویست تا قسە بكات و سەیلی رازی پەنهانی برژێتە سەر جوگەڵەی باخجەی نێوان. بەس من وەڵامم دەوێت تا تینوێتیم بشكێ. كوردستانی قابیل كوردستانی چەپ و دیموكرات و یەكگرتوو و سۆشیالیست بوو. یەكپارچە و یەك خاك و یەك خەڵك بوو. كوردستانی قابیل هیچی نەدەویست كە بەدی بێت، هەر خەباتی دەویست ئاسانترین و زەحمەتترین جۆرەكانی كۆشش و بەرپەرچدانەوە. خەباتی سەهلی مومتەنیع. ئێمە گەڕاینەوە كوردستانی رزگار ، رێككەوت وابوو كاك قابیل كادیرەكەی كۆمەڵە و یەكێتی وەك فەسڵكراوێكی زانكۆش هاتە كۆلیژەكەی ئێمە: كارگێری و ئابووری. یەكتریمان ناسیووە. دەمدی و دەیبینیم ، سڵاو و رێز و حورمەت هەر لە نێواندا هەبوو. بەس وا تێدەگەم ئەو هەر دانیشتنی كۆنینی لە یاد نەبوو. من لە یادم بوو، خوێنكارەكە لە یادی بوو. 
دوای (17) ساڵ كە چوومە پرسەكەی قابیل ئەو گفتوگۆیەم كەفتە بیر. ساڵێكی ویست تا هاتە سەر كاغەز تا ئەم ئیعترافە لەسەر مامۆستاكەم، قابیل، بنووسم.

 


‌ 81 جار بینراوه‌
26/10/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
Telerik
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved