وتار
كورد لە نێوان ململانێ مەزهەبییەكانی سعودیەو ئێراندا...

نەوزادی موهەندیس



ئاشكرایە ململانێكانی نێوان شانشینی سعودیەو كۆماری ئیسلامی ئێران هێندەی ململانێیەكی مەزهەبیە نیوهێندە ململانێیەكی سیاسی و ئابوری و سەربازی نیە، بەڵام دووریش نیە لەهەموو ئەو ململانێیانەی ترو هەریەكەیان گەرەكێتی كە هەژموون و دەسەڵات و نفوزی خۆی لەناوچەكەدا فراوان بكات و بسەپێنێت.
ئاشكرایە ئەم ململانێ مەزهەبیە رەگ و ڕیشەیەكی مێژووی دێرینی هەیەو بۆ زیاتر لە 1000 ساڵ دەگەڕێتەوە، لە زۆرێك لە قۆناغەكاندا توندوتیژی و خوێناوی بووەو لە ئێستاشدا پەردەیەكی ئەو شانۆگەرییە خوێناوییە دووبارە دەبێتەوە، ئەوەتا ئێران پشتیوانی لە شیعەی دەسەڵاتداری عێراق و دەسەڵاتی عەلەوی ئەسەد لە سوریا و حیزبوڵڵای لوبنان و حوسیەكانی یەمەن و كەمینە شیعەكانی بەحرەین و كوێت و داگیركردنی 3 دورگەی ئیمارات لە ساڵی 1971وەو ...هتد دەكات، سعودیەش ئەم كارو هەنگاوانەی ئێران بە گەمارۆ بۆ سەر خۆی دادەنێت و لەبەرامبەریشدا سعودیە هەڵپەی پێكەوەنانی هاوپەیمانیە لەگەڵ زۆرترین وڵاتە ئیسلامییەكان و بەتایبەتیش توركیاو وڵاتانی كەنداو و ...هتد. و گەرەكیشێتی كوردیش بەناوی سونە مەزهەبەوە تێكەڵ بەم گەمە قێزەونە بكات وسعودیەش بە لە سێدارەدانی 47 كەسی شیعەو لەناویشیاندا ئایەتوڵڵا (( نەمر باقر ئەلنەمر)) هێندەی تر ململانێكانی گەیاندە ئاستی تەقینەوەو پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان و سووتاندنی بارەگای سەفارەت و ناڕەزایی دەربڕین لەلایەن ئێران و شیعەكانەوە و بەمەش دەسەڵاتدارانی هەردوولا ناوچەكەیان ڕووبەڕووی ململانێیەكی خوێناوی و توندتیژتر كردەوە.
 سعودیەو ئێران لە ئێستادا هەریەكەیان بەو پێیەی كە لە ڕووی پانتایی زەوی و زۆری ژمارەی دانیشتوان و دەوڵەمەندیان بەهەردوو سەرچاوەی وزە لە نەوت و غازی سروشتی كە مایەی سەرجەم ململانێ‌ ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكانن و بونەتە هۆی چاوتێبڕینی زلهێزەكان بۆ ئەم ناوچەیە و هەریەكەشیان خۆیان بە دەم ڕاست و ڕابەری مەزهەبی سون و شیعە دەزانن لە دونیای ئیسلامدا، هەریەكەشیان سەر بە بلۆكێكی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتن و گەرەكیانە بە زەبری هێز و توانای سەربازی ململانێكەیان یەكلا بكەنەوە.
سعودیە كە بەدرێژایی مێژوو وەك سەرچاوەی ئیسلام سەیركراوە بەهۆی سەرهەڵدانی ئیسلام تیایداو بوونی جێگە پیرۆزەكان لەناویداو دواتریش بەهۆی سەپاندنی ڕێبازی وەهابیەتی سەلەفی لەو وڵاتەدا لەلایەن بنەماڵەی ئال سعودەوە، سعودیە بۆتە پاڵپشت و هاوكاری سەرجەم بزوتنەوە توندڕەوە ئیسلامییە سەلەفییەكان لە دونیاداو هەر لەسەر دەستی سعودیەدا ڕێكخراوی موجاهیدە ئەفغانیەكان و قاعیدەی ئوسامە بن لادن و جوندلئیسلام و ئەنسارولئیسلام و تازەترینیشان داعش لەسەردەستی سعودیەو قەتەر و ئیمارات و توركیای سونە مەزهەبدا دروستكراون، كوردیش یەكێكە لەو گەلانەی كە بە بەڵای ئەم توندەڕەوە سونە مەزهەبانەوە سووتاوە و خاك و گەلەكەی زیانی گەورەیان پێگەیشتووە هەرچەندە كە خۆشی سونە مەزهەبە.
هەرچی ئێرانی شیعە مەزهەبیشە، بەهەمان شێوە لەسەرەتای سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی و دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەساڵی 1979وە سیاسەتی هەناردەكردنی شۆڕشی پیادە كردووە بۆ دەرەوەی ئێران و لەماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا توانیویەتی تاڕادەیەكی باش نفوزو هەژموونی خۆی بسەپێنێتە سەر گەلێك لە وڵاتان و دەسەڵاتدارانی عەرەبی لە عێراق و سوریا و لوبنان و سەڵتەنەتی عومان و یەمەن و .... هتد. كە سعودیە ئەم هەوڵانەی ئێران ڕاستەوخۆ بەهەڕەشە بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی خۆی دادەنێت و كەوتۆتە بەرگریكاری و هێرش و پەلاماردانی ئێران و هاوپەیمانەكانی، هەر ئەم ململانێ‌ مەزهەبیەش بۆتە هۆی ئەوەی كە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین ببێتە چەقی ململانێكان و گۆڕەپانی سەرەكی جەنگەكان و هاتنە ناوەوەی زلهێزەكان و تێكدانی ئاسایش و ئارامی سیاسی و ئابوری و سەربازی و كۆمەڵایەتی ناوچەكەو ئەم ناوچەیە هەمیشە بۆتە كوانوی ململانێكان و گەشانەوەی پشكۆی ململانێ‌ مەزهەبی و ئاینیەكان و كۆمەڵگا و خاكی وڵاتەكانیش بونەتە سووتەمەنییەكەی.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە، كە كورد چ ڕۆڵ و كاریگەری و پێگەیەكی هەیە لە نێوەندی ئەو ململانێیانەدا؟ ئایا كورد دەتوانێت بێلایەن و گۆشەگیری هەڵبژێرێت؟ ئایا كورد چی دەستدەكەوێت لەلایەنگیری لایەكدا و كامیشیان هەڵببژێرێت ؟ ئایا كورد چ هەڵبژاردەیەكی بە قازانجی خۆی لەبەردەمدایە؟
كوردی باشوور((هەرێم)) لەبەرئەوەی تا ئێستا خاوەنی دەوڵەت و سەروەری و سنوری نێودەوڵەتی خۆی نیەو دانپیادانراو نیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیداو هێشتاكە هەرێمێكە لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵدا، هیچ كات پێگەو قورساییەكی ئەوتۆی نیە لەسەر یەكلاكردنەوەی ئەو ململانێیانەدا، چونكە لەڕووی پانتایی جوگرافی و ژمارەی دانیشتوانەوە هێزێكی سەربازی بچووك و لاوازەو تەنها لەڕووی ئابوریەوە گرنگیەكی گەر هەبێت دەتوانێت سوودی لێوەربگرێت، بەڵام بەداخەوە تائێستاش ئەو سوودەی وەرنەگرتووە لەبەر سیاسەتی هەڵەو ناشەفافیەت لەكەرتی نەوت و غازی سروشتیدا، بەداخەوە هێندەی كوردستان وەك هەرێم زیانی پێگەیشتووە لەم ململانێیەدا هیچ كام لە سعودیەو قەتەرو توركیا بەناو دۆست و هاوپەیمانی سونە مەزهەبیەوە پێیان نەگەیشتووە چونكە كوردستان بۆتە گۆڕەپانی سەرەكی ئەم جەنگە لە ڕۆژئاواو باشوور و شەڕی داعش تەنها بەكورد جێبەجێدەكەن و لەگەڵ ئەوەشدا سعودیەو توركیاو هاوپەیمانەكانی هێندەی دۆستی داعشن هیچ كات دۆستی كوردو مەسەلەكەی نەبوون نە لەڕابردوو نەلە ئێستاشدا، بەدرێژایی دەسەڵاتی سعودیەكان و ئەتاتوركەكان هیچكات پشتگیری ئیسلامی و مرۆڤایەتی مەسەلەی كوردیان نەكردووە نە لەسەر ئاستی دەسەڵات و دەوڵەت و نە لەسەر ئاستی پیاوانی ئاینی، ئەوەتا لەسەردەمی كیمیایباران وئەنفال و جینۆسایدی كورددا بچوكترین هەڵوێستیان نەبووەو تەنانەت لە تازەترین كارەساتدا كە بەسەر شەنگالیەكاندا هات پیاوانی ئاینی سعودیە فتوای حەڵاڵكردنی كڕین و فرۆشتن و بە سەبایاكردنی ژنانی ئێدزیان دەركردو دەستخۆشی و پیرۆزباییان لە داعش دەكرد.
بەم شێوەیە پێگەی جێوسیاسی كوردستان واهەڵكەوتووە كە ناتوانێت بێلایەنی بپارێزێت و خۆی لە ئاگری ئەم ململانێ ناڕەوایانە بەدووربگرێت چونكە كوردستان دەوڵەتێكی سەربەخۆ نیەو لە ئەوروپاشدا هەڵنەكەوتووە كە بتوانێت وەك سویسرا بێلایەنی هەڵببژێرێت و دەرودراوسێكانیشی ڕێز لەو بێلایەنیەی بگرن، دوژمنان و داگیركارانی كوردستان لە توركیا و ئێران و هاوپەیمانە سونە و شیعە مەزهەبەكانیشیان هیچ كات نیەتێكی ڕاستگۆیانەیان نەبوەو نیشە بۆ چارەسەركردنی مەسەلەی كوردو دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی، بەڵكو تەنها كوردو مەسەلەكەیان وەك كارتی فشار و بۆ بەرژەوەندی خۆیان و كات كوشتن بەكارهێناوە و بەداخیشەوە كوردو سەركردەكانیشی بە بەڵێنە شیرین و هەنگوینیەكانی ئەوان هەڵخەڵەتاون و قۆناغ و هەڵكەوتە سیاسیەكانیان لەدەستداوە.
هەربۆیە كورد ناتوانێت بێلایەن بێت و لایەنگیری تەواویش بێت، چونكە كوردو مەسەلەكەی دابەشبۆتە سەر 4 وڵاتی عەرەبی و ئێران و توركیا و بەوپێیەش دەبێت هەم پەیوەندی دۆستانەو هەمیش دژایەتی هەموانیان بكات، پێویستە كوردو سەركردایەتیەكەی بەدوای بەرژەوەندیەكانی نەتەوە و نیشتیمانی خۆیەوە بێت و بتوانێت تواناو نفوز و هێزی سیاسی و ئابوری خۆی وەك كارتێكی فشار و بەلێزانانە لەناو گەمە سیاسی و ئابوریە ئاڵۆزەكانی ناوچەكەدا بەكاربهێنێت و بەهیچ شێوەیەكیش خۆی ساغ نەكاتەوە لەسەر هیچ لایەكیان، چونكە هەردوولایان بۆ كورد وەكو یەك وان، بەڵام نابێت هەندێ‌ چاكە و ڕاستی مێژوویمان لە بیر بچێت لەهەندێ‌ قۆناغی خەباتی كوردایەتیدا كە ئێران هەرچەندە وڵاتێكی داگیركاری بەشێكی كوردستانە(( ڕۆژهەڵات)) بەڵام بەدرێژایی شۆڕشەكانی كورد لە ئەیلول و شۆڕشی نوێ‌ و بە ئێستاشەوە هەمیشە هاوهەڵوێست و پشتیوانی مادی و مەعنەوی كورد بووەو لەكارەسات و ناوخۆشییەكاندا هاوكارمان بووە بە پێچەوانەی تورك و عەرەبی سونە مەزهەبەكانەوە.
بۆیە كورد لەم سەردەمی جەنگی جیهانی چوارەمەدا(( جەنگ دژی تیرۆر)) دەبێت هەمیشە لە بەرەی دژە تیرۆردا بێت و بەرگری لە بەها ئەخلاقی و مرۆڤایەتییەكان بكاتەوەو هەر بەمەش دەتوانێت پشتیوانییەكی نێودەوڵەتی فراوانتر بۆ كوردو مەسەلەكەی بەدەستبهێنێت، نەك خۆی بكاتە هاوپەیمانی لایەنێك دژی لایەنێكی تری ناوچەكە كە بەداخەوە هەموانیان بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ شەریكە كاری تیرۆر و تیرۆریستانن بە ئاشكرا و بەنهێنی، بۆیە لایەنگیری كورد بۆ هەرلایەكیان وەكو ئەوە وایە لایەنگری تیرۆر وتیرۆریستان بێت كە لە ئێستادا ڕای گشتی شەقامی ناوچەكەو دونیاش و لەسەر ئاستی ڕەسمی دەسەڵات و حكومەتەكانیش بەپێچەوانەی تیرۆر وتیرۆیستانەوەیە، هەربۆیە كورد ئەوەندەی قازانجی كردووە لەجەنگی دژ بە تیرۆریستاندا هیچ كات هێندەی ئەم قۆناغە دەسكەوت و قازانجی وەرنەگرتوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا، هیچ كاتیش بەهێندەی ئێستا قازانجی لە دۆستایەتی و هاوپەیمانی وڵاتان و دەسەڵاتدارانی ناوچەكە بە سونە و شیعەیانەوە نەكردووە.

‌ 2829 جار بینراوه‌
16/01/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved