وتار
(داما الكردیه‌)و كوردی شانشینی ئه‌رده‌ن و شتی تریش

مه‌لا یاسین

كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد كۆبوونه‌وه‌ی ژماره‌18هه‌می خۆی له‌ شاری بارلۆی هۆڵه‌ندی گرێَداو و نوێنه‌ری كوردی شانشینی ئه‌رده‌نیش به‌شداریان كرد، دیاره‌ كۆبوونه‌وه‌و خودی كۆنگره‌كه‌ش هه‌واڵێكی گه‌وره‌ بوو سه‌رجه‌می كورد پێیانزانی، دیاره‌ ئه‌مه‌ بابه‌تی من نیه‌ چونكه‌ ره‌نگه‌ به‌شی خۆی پێدرابیت وه‌ك هه‌واڵ، ئه‌وه‌ی لای من گرنگ بوو خاتوو داما كه‌وه‌ك كچه‌ راگه‌یاندنكارێكی ئوردونی به‌رنامه‌ پێشكه‌ش ده‌كات، به‌ڵام له‌م كۆنگره‌یه‌ وه‌ك كوردێكی ئوردونی به‌شداریكرد و دواتریش باسی كوردی ئوردونی كرد له‌ به‌رنامه‌یه‌ك كه‌ له‌ جێی ئه‌وه‌ی خۆی پێشكه‌شكار بێت وه‌ك میوان به‌شداریكرد، له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌م كچه‌ كورده‌ ئوردونیه‌ زۆر به‌ ئازایانه‌و زۆریش به‌ بی ترس باسی كوردی ئوردون و بوونیان و به‌ زیندوویی مانه‌وه‌یان ده‌كرد، دیاره‌ پێویسته‌ ئێمه‌ش بزانین كه‌ كورد له‌ ئوردون حاڵی وه‌ك حاڵی كوردانی تری ناوچه‌ كوردییه‌كانی سوریاو توركیاو ئێران و عێراق هه‌یه‌و  زۆر بێجیاوازی و بێكه‌م كردنه‌وه‌ی مافیان له‌م وڵاته‌ شاهنشاهیه‌ كه‌ له‌ شۆڕشه‌كانی عێراق و ئێران و سوریاو ئێراندا به‌ كۆنه‌په‌رست و دواكه‌وتوو كلكی ئیستیعمار ناو ده‌برا مافی بوون به‌ وه‌زیرو گزیرو پڕكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م بڕگه‌و پۆسته‌كانی وڵاتیان هه‌یه‌ وه‌ك هه‌موو ئوردونیه‌ك بێجیاوازی به‌ هۆی ره‌گه‌ز یان قه‌ومیه‌ت یان مه‌زهه‌به‌وه‌ كه‌چی له‌ وڵاتانی شۆڕشگیری پێشكه‌وتوخوازی ئینقیلابچی به‌سه‌ر مه‌له‌كیه‌تی عێراق و سوریاو توركیا و ئێراندا خۆتان باش حاڵیان ده‌بینن، له‌بیریشمان نه‌چێت حاڵی هه‌موو وڵاته‌كانی كه‌ ناوم هێنان و ئینقیلابی شۆڕشگیرانه‌یان به‌سه‌ر كلكه‌كانی ئیستیعمارو كۆنه‌په‌رستا كرد له‌سه‌رده‌ستی عبدولكه‌ریم قاسم و دواتر حیزبی به‌عس و حافزولئه‌سه‌د و كه‌مال ئه‌تاتورك و دواتریش ئینقیلابی ئیسلامی ئێران ده‌بینین حاڵی میلله‌ت به‌ گشتی و كورد به‌ تایبه‌ت چۆنه‌.

كه‌من ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ ژیانا ماون و كاتی ئینقیلاب و شۆڕشه‌كانی ساڵانی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابردویان بیربێت و چۆن ئینقیلابچییه‌كان لاشه‌ی مه‌لیك و داروده‌سته‌كه‌یان به‌ جاده‌كاندا راده‌كێشاو دواتر به‌ مه‌حكه‌مه‌كانی به‌ناو مه‌هداوی به‌ جوێن و سوكایه‌تی پێكردن ئه‌ندامانی حكومه‌ته‌كانی سه‌رده‌می مه‌لیكیان به‌ره‌و ئیعدام ئه‌برد، به‌ڵام بێگومانم ئێستا ئه‌وانه‌ی كه‌ ماون و ئه‌وانه‌شی كه‌ كۆچیان كردووه‌ گه‌ر بمانایا كورد گوته‌نی كاڵه‌كیان به‌ ئه‌ژنۆ ده‌شكاندو سه‌د خۆزگه‌یان به‌ زه‌مانی مه‌له‌كیه‌ته‌كه‌یان ده‌خواست له‌ده‌ست ئه‌و هه‌موو جه‌ورو جه‌فایه‌ی كه‌ به‌سه‌ر خاك و خه‌ڵك و وڵات هات دوای شۆڕشه‌ پێشكه‌وتوخوازه‌كانی كه‌ به‌رپایان كردو وڵاتیان له‌ ژێر چنگی رژێمی پاشایه‌تی ده‌رهیناو كردیان به‌ (كۆماری)، دیاره‌ پێویست به‌ باسی ئه‌م كۆماریانه‌ ناكات من باسیان بكه‌م كاروكرده‌وه‌و ده‌رئه‌نجامی شۆڕش و خزمه‌ته‌كانیان شاهیدی رابوردو ئێستایانه‌، جارجاره‌ به‌ یادی جاران و زه‌مانی رابردوو گۆرانی و یادگارییه‌كانی جاده‌كانی شام و به‌غداو و تارانی جاران و ئیستانبوڵ له‌ سه‌ر واتس ئاپی ساڵ خورده‌كانی ئه‌وی زه‌مانم بۆ دێت و ده‌بینم كه‌ به‌ فرمێسك و ئاهی سارده‌وه‌ بۆم ده‌نێرن و دیاره‌ له‌ ناخیشیانا ده‌ڵێن ؛( ئای هه‌رده‌بێت بڵێین ؛ ئه‌م نانه‌ به‌و رۆنه‌) كورد گوته‌نی یان ره‌حمه‌تی علی مه‌ردان گوته‌نی كاتێك ده‌ڵێت ؛ (له‌ده‌ستم چوو به‌ خوا چیتر نایه‌ته‌وه‌ نایه‌ته‌وه‌)، ئه‌م یاده‌وه‌رییه‌ ته‌نها كاتێك خانمه‌ كوردی شۆخ و شه‌نگی ئوردونیم بینی له‌ سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنێك باسی كوردی ئوردون و ئازادی و سه‌ربه‌ستی و سه‌ربه‌خۆیی خۆیانی ده‌كردو وه‌ك نوێنه‌ری كوردی ئوردون به‌شداری چالاكییه‌كی كوردانه‌ی كردبوو بۆی ده‌گێڕاینه‌وه‌ ئایا ده‌بێت چه‌ند هه‌زار یاده‌وه‌ری وا هه‌بێت قه‌تماغه‌ی برینی كۆنه‌ شۆڕشگێڕه‌كان هه‌ڵبداته‌وه‌و په‌نجه‌ی په‌شیمانییان پێ بگه‌زێت و رایان چڵه‌كێنێت له‌و كاره‌ی كردیان (ناوی نانێم تاوان ) حه‌قی ئه‌وه‌م نیه‌ به‌ خۆیان و گه‌له‌كانی كه‌ كه‌وتنه‌ ژێر ده‌ستی شۆڕشگێڕه‌كان ناوی پڕ به‌ پێستیان لێبنێن دواتریش باسی شۆڕشه‌كانی تریش ده‌كه‌ین ئێوه‌ش بمێنن به‌ خۆشی..
 قاهیره‌

‌ 168 جار بینراوه‌
01/12/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved