وتار
كورد له‌ كه‌ركوك به‌ره‌و شه‌ڕی خۆ به‌خۆ

هەژار سەلمان

دوای ئه‌وه‌ی پاش پرۆسه‌ی ئازادی عێراق  و روخانی رژێمی ته‌عریبی به‌عسی سه‌دامی، كوردی شاری كه‌ركوك جارێكی دیكه‌ هه‌وای ئازادیان هه‌ڵمژی و هاتنه‌وه‌ پێشه‌نگی رۆڵ و پێكه‌ی شایسته‌ی خۆیان له‌ ئیداره‌دانی كه‌ركوك، به‌وه‌ش كورد كه‌ به‌یه‌ك لیست له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه‌كان ركابه‌رێتی ده‌كردو هه‌لێكی زێرینی ده‌ستكه‌وت له‌ كه‌ركوك و توانی زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك  ده‌سته‌به‌ر بكات و له‌ ئه‌نجامدا یه‌كه‌مین پارێزگاری كورد بۆ شاره‌كه‌ هه‌ڵبژێردراو بوو به‌ ده‌سكه‌وتێكی مێژووی و كوردی كه‌ركوك شانازی پێوه‌ ده‌كرد، به‌وه‌ش به‌ری یه‌كڕیزی چنیه‌وه‌.

به‌داخه‌وه‌ ئه‌م یه‌كڕیزی و ته‌باییه‌ روژ به‌ ڕۆژ له‌ پاشه‌كه‌شدابوو، تا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2014 ئه‌و ململانێ نه‌ته‌وه‌ییه‌ بچووك بۆ كلملانێی نێوان خودی حیزبه‌ كوردییه‌كان هۆكاری سه‌ره‌كیشی نه‌بوونی یه‌ك لیستی بوو، تا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ئایاری 2018یه‌دا شێوازی ركابه‌رێتی و یه‌كتری شكاندنه‌وه‌ گه‌یشته‌ ئاستی ئه‌وه‌ی به‌ ئاشكرا هه‌ندێك حیزب كه‌ گوایه‌ بایه‌كۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كانیان كردووه‌، هانی خه‌ڵكیان ده‌دا ده‌نگ به‌ لیست و كاندیده‌ غه‌یره‌ كورده‌كان بده‌ن.

ئێستاش له‌ پێناو به‌رژوه‌ندی حیزبی به‌ هه‌ڵوێسته‌كانیان رێگه‌ به‌ حوكمی راكان جبوری پارێزگاره‌ سه‌پێنراوه‌كه‌ی سه‌ر كه‌ركوك و سیاسه‌تی ته‌عریب ده‌ده‌ن 

ئه‌مجۆره‌ هه‌ڵسووكه‌وته‌ له‌پێناو ململانێی حیزبی كۆمه‌ڵێك ده‌رهاویشته‌ی ده‌روونی به‌سه‌ر كوردی كه‌ركه‌كه‌وه‌ جێ هێشتووه‌ و له‌ناو یه‌ك كایه‌ی سیاسی تووشی سه‌رلێشێوان و دواجار گومرایی بووه‌، به‌مه‌ش سه‌نگی كورد له‌ شاره‌كه‌ روو له‌ لاوازبوونی زیاتر ده‌كات و هێنده‌ی تر میلله‌تی كورد له‌ كه‌ركوك په‌رته‌وازه‌و خه‌مگین و بێلان ده‌بێت و له‌ ئاكامدا ئه‌م ركابه‌رییه‌ ده‌بێته‌ ده‌سكه‌لایه‌كی به‌هێز بۆ نه‌یاران و وڵاتانی ده‌وروبه‌ریش زیاتر سوود له‌و (په‌رت كه‌و زاڵ به‌)یه‌ ده‌بینین كه‌ ماوه‌ی سه‌دان ساڵه‌ دژ به‌ گه‌لی كوردستان به‌كاری ده‌هێنن.

ئه‌گه‌ر كورد جارێكی تر یه‌ك نه‌گرێته‌وه‌و ده‌سته‌جه‌معی داكۆكی له‌ كه‌ركوك نه‌كات، ئه‌وه‌ مێژوو ره‌حم به‌ بێ هه‌ڵوێستان ناكات چونكه‌ له‌ ده‌ستدانی كه‌ركوك تاوانێكه‌ له‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌ی پشتیان تێكردووه‌و سه‌رقاڵی ئاراسته‌كردنی شه‌ڕی كورد و نه‌یاران بۆ رێگه‌ی چه‌وتی شه‌ڕی خۆ به‌خۆ ده‌كه‌ن.

‌ 179 جار بینراوه‌
01/12/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved