وتار
ده‌میرتاش و زیندانیكردنی زمانی كوردی

سالار مەحمود

 

كورد له‌ قۆناغه‌كانی خه‌باتیدا چه‌ندین سه‌نگه‌ری به‌رگری و مانه‌وه‌ی گرتووه‌.

یه‌كێك له‌ سه‌نگه‌ره‌ سه‌خت و قایمه‌كان و رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی سته‌م سه‌نگه‌ری زیندان بووه‌. له‌م سه‌رده‌مه‌شدا هێشتا زیندان هه‌ر هه‌مان سه‌نگه‌ره‌كه‌ی خاڵه‌ شیهاب و جه‌عفه‌رو ئه‌نوه‌ره‌.

ده‌میرتاش له‌ نوێترین هه‌ڵوێستیدا له‌به‌رده‌م دادگا به‌ زمانی شیرینی كوردی به‌رگری له‌ ناسنامه‌ی خۆی و نه‌ته‌وه‌ بن ده‌سته‌كه‌ی كرد.

هه‌بوون و هه‌ن بۆ تانه‌دان له‌و جوامێره‌ باسی ئه‌وه‌یان ده‌كرد ده‌میرتاش زمانی كوردی نازانێ، بێ خه‌به‌ر له‌و كوڕه‌ زازاییه‌ی كه‌ زۆربه‌مان ئه‌و دایه‌لێكته‌ نازانین، كه‌ كوردیه‌كی په‌تیه‌، به‌ڵام ئه‌و له‌به‌رده‌م دادگا به‌شێوه‌زاری كرمانجی شیرین و به‌ زمانێكی پاراو به‌ رۆحی (سه‌حه‌ر) به‌رپه‌رچی تۆمه‌ته‌ ناڕه‌واكانی دادگای توركیای دایه‌وه‌.

ئه‌و سوربوو له‌سه‌ر وته‌كانی كه‌له‌په‌رله‌مان كردویه‌تی و داكۆكیكردن بووه‌ له‌مافخوراوانی گه‌له‌كه‌ی.

ئه‌م سه‌رده‌مه‌ زیندان یه‌كێكه‌ له‌ سه‌نگه‌ره‌ پڕ له‌ ژن و پیاوی نه‌به‌ز له‌توركیا، هه‌موومان پشتیوانی ئاشتی و كۆتایهاتنی كێشه‌كانین له‌ رێگه‌ی دیالۆگ و كۆتایی هێنان به‌ شه‌ڕو كوشتار له‌و روانگه‌ی كه‌ سه‌دان ساڵه‌ كوشتن و بڕین و سیاسه‌تی ئینكار نه‌یتوانیه‌وه‌ رێگا دروسته‌كه‌ی ژیان بێ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌و وڵاتانه‌ی كوردستانی به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه‌. په‌یامی كورد په‌یكی پێكه‌وه‌یی و داد بووه‌. سوربوون له‌سه‌ر ئه‌م هێڵه‌ ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ئامانجه‌كانمان.

په‌یامم بۆ ده‌میرتاشی هاوڕێم، په‌یامی سوربوون و به‌رده‌وامیه‌ له‌و شێوازه‌ نه‌رم و سۆز راكێشه‌یه‌ كه‌ گرتویه‌تیه‌ به‌ر. هه‌مووان پشتیوانی گوتاری خه‌باتی په‌رله‌مانیی و مه‌ده‌نی و به‌رگری ره‌وایین له‌ دزه‌ ره‌واكه‌ی گه‌له‌كه‌مان. تۆ سیمبولێكی به‌رزی ئه‌و كاروانه‌یت و رۆژێ دێ به‌رژه‌وه‌ندی دونیا وه‌رده‌چه‌رخێته‌ سه‌ر ئه‌م راسته‌ رێیه‌.

رۆژگار ده‌ڕواو خه‌رمانی خه‌باتت باڵاترو پڕ به‌رهه‌متر ده‌بێ و رۆژێك زووتر بێده‌نگه‌كانیش ویژدانیان ده‌جوڵێ و له‌ قۆزاخه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ بچوك و، كه‌وڵی شه‌رمنی دێنه‌ ده‌رو له‌ ده‌مكه‌لی سه‌ركه‌تن سرودی سه‌ركه‌وتنی سه‌رتاسه‌ری پێكه‌وه‌ ده‌ڵێینه‌وه‌.

‌ 141 جار بینراوه‌
14/12/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved