وتار
وه‌زیر له‌ به‌غداو سودی بۆ كوردستان

مەلا ياسين

سه‌ره‌تا ئه‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم ئه‌م وتاره‌م پێچه‌وانه‌ی رای حیزبیمه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ك ته‌حدای حیزبی وه‌ریبگرم، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئاگاداربم یه‌كێتی تا ئێستاش پێداگری له‌سه‌ر وه‌رگرتنی پۆستیكی وه‌زاری ده‌كات و وه‌ك ته‌حدا وه‌ریگرتوه‌، بیرمه‌ لێپرسراوێكی باڵای ئه‌مریكا ساڵی2003 به‌ ره‌حمه‌تی مام جه‌لالی وت ؛ مام هه‌وڵبده‌ن له‌ جیاتی پۆستی باڵای به‌غدا دوای سه‌رۆك كۆمار له‌ به‌غدا پۆستی چالاك و نزمی ناو داموده‌زگاكان وه‌ربگرن باشتره‌ بۆ خزمه‌تی هه‌رێمه‌كه‌تان له‌ وه‌زیر و ته‌نانه‌ت وه‌كیل وه‌زیریش، ئێستا و دوای 15 ساڵ بۆمن ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و پیاوه‌ راستیكرد، ئێستا ده‌پرسم كه‌ جگه‌ له‌ سه‌رۆكی كۆمار كه‌ پۆستێكی ره‌مزی گه‌وره‌ی عێراقه‌ بۆ كورد ده‌كرێ بپرسم ئه‌و هه‌موو وه‌زیر و وه‌كیل وه‌زیره‌ی كه‌ له‌م 15 ساڵه‌دا شه‌ڕی دنیامان له‌سه‌ر كردووه‌و جاری واش هه‌بووه‌ له‌سه‌ر پۆستێكی وه‌زاری ره‌نگه‌ ته‌نازولمان له‌ كۆمه‌ڵێك مافی گه‌له‌كه‌مان كردبێت تا ئه‌مڕۆ چ سوودێكمان له‌و پۆسته‌ باڵایانه‌ی به‌غدا كردووه‌ بۆ كوردستان و به‌ گه‌له‌كه‌مان، ئه‌وه‌ی من بزانم هه‌ر له‌ جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ به‌ده‌ستمان هێناوه‌ تا وه‌زاره‌ته‌ سیادییه‌كانی وه‌ك ده‌ره‌وه‌و سه‌رۆك ئه‌ركان و دارایی و بازرگانی و ئاوو سه‌رچاوه‌ ئاویه‌كان و ورۆشنبیری وچه‌ندین پۆستی وه‌زاری تر كه‌ له‌ هه‌ندێكیاندا یان له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی یان بێتوانایی ره‌نگه‌ ده‌ریش كرابین یان هه‌موو سوده‌كه‌یان ئه‌وه‌ بوبێت بۆته‌ هۆی داخستنی باشترین رۆژنامه‌ی رۆژانه‌یه‌ك له‌به‌ر سه‌رقاڵی جه‌نابی وه‌زیر به‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌یه‌وه‌، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك وه‌كیل وه‌زیریشمان هه‌ر له‌ به‌غدا هه‌بووه‌ ناكرێت ناویان بهێنم به‌ڵام ده‌كرێت بپرسین خێرو بێریان چی بووه‌ بۆكورد و كوردستان و ئه‌و حیزبانه‌شی كه‌ كاندیدیان كردون و ناردویانن بۆ به‌غدا.

راستی جگه‌ له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوینه‌ران له‌ به‌غدا كه‌ شه‌ڕی په‌رله‌مانیان له‌سه‌ر مافه‌كانی كورد كردووه‌ به‌ شێوازی په‌رله‌مانی ئه‌وانیش به‌ده‌نگی خه‌ڵكی كوردستان رۆیشتونه‌ته‌ به‌غداو هیچ مه‌منونی به‌غداو پۆسته‌ باڵاكانی نین و ئه‌وه‌شی كردوویانه‌ له‌سه‌ر مافی كورد بووه‌و بێمنه‌تیش بوون له‌ هه‌موو حیزب و ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌غدا، چونكه‌ به‌ ئیستیحقاقی حیزبی و جه‌ماوه‌ری خۆیان و حیزبه‌كه‌یان گه‌یشتوونه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و راستی بڵێم رۆژێكیش نه‌مدیوه‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی كوردستان پرسیان پێبكات كاتێك وه‌فدیان ناردووه‌ بۆ به‌غدا بۆ دانوساندن و هه‌میشه‌ گوێم لێبووه‌ كه‌ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوینه‌ران گله‌یی حیساب بۆنه‌كردنیان هه‌بووه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جیكردنی كوردستان كاتێك وه‌فده‌كان چوونه‌ به‌غدا.

له‌ملاشه‌وه‌ من یه‌ك رۆژیش له‌ ماوه‌ی 15 ساڵی رابردوو گوێم له‌ ده‌نگی وه‌زیرێك نه‌بوه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی به‌غدا چ له‌ سه‌رده‌می عه‌للاوی یان مالكی یان عه‌بادیدا وته‌یه‌كی له‌ ده‌م بێته‌ ده‌ره‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ مافی كوردو كوردستان یان ته‌نانه‌ت حیزبه‌كانیشیان .. له‌ به‌غدا كاتێك بووجه‌ی كوردستان بڕا وه‌زیری دارایی كورد بوو كاتێك هێرشكرایه‌ سه‌ر كه‌ركوك كۆمه‌ڵێك وه‌زیر و پۆستی باڵامان له‌ به‌غدا هه‌بوو، نمونه‌ زۆرن با خۆمانی پێوه‌ سه‌رقاڵ نه‌كه‌ین له‌سه‌ر نه‌بونی خێرو بێری پله‌ی باڵای به‌غدا بۆ كوردو كوردستان و ته‌نانه‌ت حیزبه‌كانیش كه‌ زۆرترین پشكیان هه‌بوه‌ له‌ پۆسته‌كانی به‌غداو كه‌مترین خێریش بۆ كوردستان.

 كه‌چی ده‌بینم كه‌لله‌ ره‌قی و پێداگری له‌سه‌ر پۆستی تر هێشتا به‌رده‌وامه‌و یه‌كێتی نیشتمانیش كه‌ منیش پێموایه‌ ته‌حدایه‌ ئه‌گه‌ر پێی له‌سه‌ر دانه‌گرین و پێویسته‌ وه‌ریبگرین، ئێستا له‌پێشدا له‌ خۆم ده‌پرسم دواتر له‌ خه‌ڵكی تر، ئه‌رێ به‌راست ئێمه‌ له‌سه‌ر حه‌قین یان نا ئه‌وه‌نده‌ له‌سه‌ر ئه‌م پۆسته‌ باڵایانه‌ خه‌ریكه‌ دۆست و هاوڕێ و هاوپه‌یمانان له‌ خۆمان زویر ده‌كه‌ین؟ دواییش پۆست پێدراوه‌كه‌ له‌به‌ر عێراقی بوون و ده‌وڵه‌تی ئتیحادی ناتوانێت و ئیحراج ئه‌بێت هیچ بۆ كوردستان بكات.

بۆیه‌ تكایه‌ با هه‌وڵ بده‌ین ئه‌و پۆسته‌ وردانه‌ له‌ به‌غدا پڕ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ده‌توانن خزمه‌تی هه‌رێمه‌كه‌مان بكه‌ن كه‌ به‌ چواریان تای ته‌رازوی وه‌زیرێك نابن له‌ خاڵ به‌شكردندا به‌ڵام به‌ ئه‌ندازه‌ی دوو وه‌زیر خزمه‌ت ده‌كه‌ن یان هه‌وڵ بده‌ین نوێنه‌رانی هه‌رێمه‌كه‌مان له‌ سه‌رجه‌م داموده‌زگاكاندا دابنێین تا بتوانین ئیشوكاری هه‌رێمه‌كه‌مان له‌ به‌غدا به‌ زویی رایی ببێت باشتره‌ بۆ كوردستان و حكومه‌ته‌ هه‌رێمیه‌كه‌ی، پێشنیاریش ده‌كه‌م هه‌موو حیزبه‌كان و میدیای ره‌قیب و حه‌سیبی كوردیش حه‌ق و حیسابێك له‌گه‌ڵ هه‌موو وه‌زیرو وه‌كیل وه‌زیره‌كانی به‌شدار له‌ 15 ساڵی رابوردودا له‌سه‌ر پێشنیاری حیزبه‌كانیان بكه‌ن بزانین له‌ماوه‌ی به‌وه‌زیر بونیان چیان هیناوه‌ته‌ كوردستان یان حیزبه‌كانیان تا سوپاسیان بكه‌ین و ده‌ستی ماندوونه‌بونیان بگوشین، تكایه‌ چیتر شه‌ڕ له‌سه‌ر پۆستێك مه‌كه‌ن كه‌ ده‌زانن خێری نابێت بۆ كوردستان.

 قاهیره‌


‌ 295 جار بینراوه‌
14/12/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved