وتار
دەوڵەتی كوردی لەنێوان خەون و دروشمبازیدا !!!

نەوزادی موهەندیس

كەمتر لە 3 مانگی تر 100 ساڵی تەواو تێپەڕ دەكات بەسەر ڕێكەوتنی سایكس بیكۆی ساڵی 4/1916دا كە تیایداو لە ئەنجامی جەنگی جیهانی یەكەمەوەو سەركەوتن و باڵادەستبونی هاوپەیمانان بەسەر وڵاتانی میحوەرداو داگیرو دابەشكردنەوەی میراتی دەوڵەتی عوسمانی (( پیاوە نەخۆشەكە))، كوردستانی گەورە بە خاك و نەتەوەوە داگیرو دابەشكرایەوە بەسەر چوار وڵاتی ناوچەكەدا لە توركیا و ئێران و عێراقی هێشتا دروستەنەكراو و سوریاشدا، بەم شێوەیە سەد ساڵی ڕێكە كورد خەون و خەبات دەبینێت و دەگێڕێت بۆ وەدەستهێنانەوەی سەربەخۆیی و ئازادی و دەوڵەتی نەتەوەی خۆی.
بەڵام تائێستا ئەو خەونەمان وەدینەهاتووەو نەگەیشتونەینەتە دوا مەنزڵی سەركەوتن و ترۆپكی ئاوات و خواستە ڕەوا نەتەوەییەكانمان وەكو نەتەوە سەردەست و هاوشانەكانی خۆمان، كورد وەك نەتەوەگەلێك دواكەوتووە لەبەدەستهێنانی خواستە رەواكانیدا لە پێكەوەنان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی، ئێمە لەكاتێكدا نەمانتوانیوە كە دەوڵەتێك ڕابگەیەنین كە سەردەمی نەتەوەپەرستی و تۆخبونەوەی سنورەكان و داڕشتنیان بووە، ئیدی لە ئێستادا چۆن بتوانین كە دەوڵەتی كوردی ڕابگەیەنین كە سەردەمی جیهانگیری و نەمانی سنورەكان و كاڵبونەوەو تێكەڵاوبونی شارستانێتیەكان و كۆمەڵگا مرۆڤایەتیەكانە، ئێمە كە ماوەی 100 ساڵە نەمانتوانیبێت خەونێك بهێنینەدی و بیكەینە دیفاكتۆو بیسەپێنینە سەر هەموان لەناوچەكەو دونیاشدا، ئیدی دەبێت چ ئومێدێكمان بە ئایندە هەبێت و خەباتی زیاتری بۆ بكەین.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئەرێ‌ بەڕاستی بۆچی كورد تا ئێستا نەگەیشتۆتە ئەو خەون و ئاواتەی كە 100 ساڵە هەوڵی بەدیهێنانی دەدات كە ئەویش دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەیی خۆیەتی؟
زۆر بەكورتی و بەكوردی، بەداخەوە سەرەڕای هەموو سەركەوتن و شۆڕش و ڕاپەڕین و قوربانیدانە زۆرەكانی كورد لەو پێناوەدا، بەڵام هەمیشە خاڵی گرنگ بۆ نەگەیشتنی كورد بەو ئاواتەی تەنهاو تەنها كورد خۆی بووە، سەرەڕای هەبوونی فاكت و هۆكاری دەرەكی لەتواناو وزەی كورددا، بەڵام ڕاستییەكی مێژوویی هەیە كە بریتیە لەوەی كە هیچ گەل و نەتەوەیەك ناتوانێت بگاتە ئامانج كاتێك بڕوای تەواوی بە تواناو وزەو قوربانیدانەكانی گەلەكەو جەماوەرەكەی خۆی نەبێت و سەركردەو جەماوەر متمانەی پتەویان لە نێواندا نەبێت و لەگەڵ یەكتریشدا ڕاستگۆ نەبن، بەداخەوە كوردو مەسەلەكەی هەمیشەو لەهەموو قۆناغەكانی خەباتدا بۆتە قوربانی ململانێ‌ حیزبیە تەسكە ناوخۆییەكانی و خۆخۆری و دووبەرەكی و پەرتوبڵاوی لەكار و كردارو گوتاریداو هەمیشە ڕۆحیەتی خۆ بەزلزانین و خۆسەپاندن و قۆرخكاری ئامادەگی هەبووە لەنەستی سەركرە كوردەكانداو گەر خاوەنی بچوكترین دەسەڵات بوبن هەمیشە جەماوەرو تواناو متمانەیانی لەدەستداوە لە پێناو دەسكەوت و دەسەڵاتی خۆی و حیزب و بنەماڵەكەی.
هەمیشە كوردایەتی لەنێوان درووشمبازی لایەن و سەركردەكاندا ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خەباتی خۆی ونكردووەو كەوتۆتە بەر ڕاكێش ڕاكێشی سەركردە و لایەنەكان و بەداخیشەوە هەموانیان هەمیشە بەرژەوەندییە تەسك و كەمەكانی خۆیان لا بەرزترو پیرۆزتر بووە لە مەسەلە گەورەكەی كورد و كوردایەتی.
لەئێستاشداو دوای  سەد ساڵ لەخەبات و قوربانیدان، هێشتاكە كورد نازانێت خەونە لە مێژینەكەی چۆن بهێنێتەدی و بیكاتە ئەمری واقیع یاخود چۆن واز لەدرووشمبازی بهێنێت و بەڕاستی و ڕاستگۆیی دەستبگرێتە ئەڵقەی دەوڵەتی سەربەخۆدا، لەم پێناوەشدا چۆن بتوانێت ئیجماعێكی سیاسی و كۆدەنگییەكی میللی لەدەوری كۆبكاتەوەو بتوانێت هەموان بەهەموو ئاڕاستەو گوتارو كردارە جیاوازەكانەوە كۆبكاتەوەو زۆر بەتوندی و بەهێزەوەو بەبێ‌ شەرم و ترسنۆكی داوای دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی سەربەخۆ بكات و پەردەی شانۆگەری تراژیدیای كوردو مەسەلەكەی لە كۆتاییدا بەسەركەوتن و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردی بەكۆتا بهێنێت و مافی خوراوی سەدساڵەی ڕابووردوومان بۆ بگێڕێتەوەو خوێن و فرمێسكی ڕژاوی خەم و كارەساتەكانی سەد ساڵەمان بۆ بگۆڕێتەوە بە فرمێسكی خۆشی و سەركەوتن.
دەبێت ئەو ڕاستییەمان لەبیرنەچێت كەئەم قۆناغە هەڵكەوتووەی كورد كە بەژیرانە خۆی خزاندۆتە ناو بەرەی جەنگی دژە تیرۆرەوەو لەو پێناوەشدا قوربانی و خەباتی زۆری داوەو پێشمەرگەو شەڕڤانان و گەریلا بونەتە سیبمولی سەركەوتن و دژە داعش و كۆنەپەرستی و ترس و تۆقاندن و لە ئێستادا كە باشوور و ڕ‌وژئاوا ڕزگار و سەرفرازن و باكوریش لە ژانێكی قورس و سەختی لەدایكبونێكی نوێدایە دەروازیەكی گەورە و فراوان كراوەتەوە لەسەر كوردو مەسەلەكەیدا و ئەوەی كە بەدرێژایی 100 ساڵی ڕابردوو وەك فاكتی دەرەكی و ناوچەیی دژمان بووە لەئێستادا ئەو فاكتە بەتەواوەتی لەگەڵ كوردو مەسەلەكەیدایەو بە مادی و مەعنەوی لەگەڵ سەرخستن و پشتیوانی كوردان و بۆیە ئەوەی ماوەتەوە  لە ئێستادا هۆكاری ناوخۆیی خۆمانە كە بەداخەوە لەهیچ بەشێكی كوردستاندا ناوخۆیەكی پتەوو بەهێزو یەكگرتوومان نییە، ئەوەتا لە باشوور تازە بەتازە ململانێ‌ حیزبییەكان و بەرژەوەندییە حیزبیەكان تۆخ دەكەینەوە دژی یەكتری و لەهەوڵی لەباربردنی هەموو دەسكەوتی 24 ساڵەداین و تازە بەتازە خەریكی خۆسەپاندن و قۆرخكارین لەدەسەڵات و سەرقاڵی دەڕپەڕاندنی ئەوانی ترداین، لەڕۆژئاواشدا بە ئاشكرا ململانێكان دیارەو بونەتە دوو بەرەی دژ بەیەكترو هەموو كارە باشەكانی یەكتریان پێخراپەو لەهەوڵی خۆسەپاندن و دەرپەڕاندنی خەڵكانی تردان، لەباكوور خۆشبەختانە تاڕادەیكی زۆر باش ڕیزەكان یەك و یەكگرتوون سەرەڕای بوونی بڵقە سەر ئاوكەوتوە لاوازەكان.
بۆیە لەئێستادا دەوڵەتی كوردی زۆر نزیكە لەدوا مەنزڵ و ڕاگەیاندنی، بەڵام ماوەتەوە سەرخۆمان كە چۆن زەمینەو زەمانی گونجاوی بۆ بڕەخسێنین و كاری گەرموگوڕی بۆ بكەین و هەموو لایەنە سیاسی و ئابوری و سەربازی و كۆمەڵایەتی و دەروونیە ناوخۆیەكانی بۆ ئامادە بكەین، چونكە ڕِاگەیاندنی دەوڵەتێكی كوردی سەربەخۆ لەم ناوچە گرینگەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا كارێكی سەرپێیی و ڕاگوزەرو سان نیەو ناشبێت، بەبێ‌ ئەوەی تەداروكاتی تەواوەتی بۆ ئامادە بكرێت، خاڵی گرنگ ئەوەیە كە هەموان واز لە درووشمبازی بێنین و دوور بكەوینەوە لە خودو خۆپەرستی و زاڵكردنی بەرژەوەندییە حیزبییەكان بەسەر بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەو نیشتیماندا، چونكە قۆناغەكە هێندەی پێویستی بەكارو كردارە  نیوهێندە پێویستی بەدرووشمبازی و تەكتیكاتی حیزبی نییە ، ئەگینا بەپێچەوانەوە سەدساڵی ئایندەشمان تاریك و توون و خوێناویتر دەبێت و دەگەڕێینەوە بۆ چوار گۆشەی یەكەم و خاڵی سفر.

‌ 2514 جار بینراوه‌
23/01/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved