وتار
كورد بێكەسترین گەلی ناوچەكەیە

موعتەسەم شوانی



زۆرمان گوێ‌ لەو قسانە دەبێت كە گوایە دنیا گۆڕاوەو ئەمڕۆ سەردەمی جیهانگیرییە و كێشەكان لەچوارچێوەی سنوری هیچ دەوڵەتێكدا نامێنێتەوە، كەس ناتوانێت وەك جاران بەناوی كێشەی ناوخۆییەوە پەردەپۆشی كێشەكانی گەلانی بن دەست بكات، بەڵام راستییەكان وانالێن و واش دەرناخەن .
بەداخەوە ئێمەی كورد زۆر خۆش باوەڕ و ساویلكە بووین و باوەڕمان بەدەوڵەتانی داگیركەری وڵاتەكەی خۆمان دەكرد كەپشتی خەباتی نەتەوەییمان بگرن لە پارچەیەكی دیكەی كوردستانی گەورە، یان باوەڕمان بەزلهێزەكانی دۆستی داگیركەرەكانمان دەكرد كە ئێمەیان بۆ مەبەست و بەرژەوەندی خۆیان بەكاردەهێنا.
بەشداریكردن و بەشداری نەكردنی كورد لە كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە جنێف یەكێكە لەو راستییە تاڵانەی دەریدەخات كە زلهێزەكانی دنیا هەرگیز لەگەڵا خەڵكی ژێر دەستەو بێ‌ پشت و پەنادا نین و تەنانەت تیرۆرستانیش (احرار الشام و جیش الاسلام) لەبەر ئەوەی پشتوپەنایان هەیە بانگێشت دەكرێن بۆ كۆنگرەی جنێف و كورد بەهێزترین جەنگاوەری گۆڕەپانی جەنگی سوریایە كەچی بانگێشت ناكرێت.
ئەوە راستی ئەو وتە كۆنە دەردەخات كەكورد تەنها چیاكان پشت و پەنایانەو هیچ هێزێك لەجیهاندا بەبێ‌ بەرامبەرو بەبێ‌ بەرژەوەندی پشتی نەتەوەی كورد ناگرن و كوردیش هیچ سەرچاوەیەكی نییە بەرژەوەندی زلهێزەكان بەلای خۆیدا راكێشێت، ئەوەتا ئەمریكا كوردی لەجێگای هێزی زەمینی خۆی خستۆتە بەرەی شەڕی تیرۆری ئیسلامیەوەو تەنانەت خەریكە حكومەتی كوردیش دادەڕوخێت و ئامادە نییە هاوكاری بكات و ئامادەش نییە دوور لەچاودێری توركیا هاوكاری كورد بكات لەباشورو لەرۆژ ئاواش، بەهەمان شێوە تەنها هێز كەشەڕی تیرۆری كردووە كورد بووە هەتا ئێستا ئەمریكا وای دەردەخست كەپشتگیری كورد دەكات كەچی لەگەڵا یەكەم چاو سوركردنەوەی توركیادا كوردیان لەلیستی ئۆپۆزسیۆنی سوریادا دەركرد، كەچی تیرۆرستانی وەك (احرار الشام و جیش الاسلام) بانگێشتی كۆنگرەكە دەكەن لەبەر ئەوەی توركیاو سعودیە وقەتەر پشتگیرییان دەكەن.
پێویستە تاك بەتاكی كورد بەتایبەتی سیاسییەكانی باش ئەو راستیە بزانن كەهەموو دروشمەكانی دیموكراسی ومافی مرۆڤ هەمووی قسەی زلی سەر میدیاكانن و لەو خەوە بەئاگا بێینەوە كەدنیای ئەمڕۆ بەدەستی ئەمریكاو سەرمایەدارییەوە تەنها مۆڵێكی گەورەیەو هەموان دەیانەوێت كەرەستەكانی خۆیانی تێدا ساغ بكەنەوەو ئێمەش هیچ كەرەستەیەكمان نییە بۆ ساغكردنەوە جگە لە نەوتە ئابڕوچووەكەمان كە لە جیاتی خۆشگوزەرانی هەرچی نەهامەتی هەیە بۆی هێناوین!

‌ 341 جار بینراوه‌
07/02/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved