وتار
ئەرێ‌ بەڕاست دەوڵەتی سەربەخۆی كوردیمان دەوێت؟!

نەوزادی موهەندیس

لە ئێستادا راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی بۆتە دروشمێكی گەورە و گرانبەها و هەر ڕۆژەی لەلای سەركردەیەك یان حیزبێكی سیاسیەوە دەفرۆشرێتەوە بە میلەتەكەمان و هەریەكەیان موزایەدەی سیاسی پێوە دەكەن بۆ ئەوەی بتوانن كەمێك دەسكەوتی حیزبی بەدەستبهێنن و جەماوەریشی پێ هەڵبخڵەتێنن بۆ ماوەیەكی درێژتر..هەیە دەڵێت ئێستا كاتەكەی گونجاو نیە بۆ ڕاگەیاندنی ئەو دەوڵەتە و وازیلبێنن با هەر لەخەوی شیریندا بێت و خەبەری نەبێتەوە گوایە هۆكارە ناوخۆیی و دەرەكیەكان زەمینەیان بۆ ساز نەكراوە و خۆشمان لەو ئاست و پلەیەدا نین ببینە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ. هەشە دەڵێت قەیناكە باجارێ‌ لە پێشەوە ڕای گشتی میلەتی لەسەر وەربگرین و بزانین چەند كەسمان لەگەڵدایە گەر دەوڵەتمان ڕاگەیاند و ئایا دەتوانین بەرگری لەمان و بوونی بكەین ؟ و پەنا دەباتە بەر خەولێخستن و هێوركەرەوەیەك كە ئەویش بە قەولی هەندێك پێیدەڵێن (( ڕاپرسی گشتی )) و بەقەولی هەندێكی تریان پێی دەڵێن (( گشت پرسی)).لەم هەرێمەی ئێمەدا (( باشوور)) هێشتا دەوڵەتی كوردی سەربەخۆ لە نێوان خەون بینین پێیەوە و دروشمبازی و موزایەدەی سیاسیدا مردار بۆتەوە. و لە ((ڕۆژئاواش ))دا خوویان گرتوە بە (( كانتۆن و خۆسەری ))یەوە و ئەمەشیان بەدڵنیایەوە ناگاتە ئاستی دەوڵەتی سەربەخۆ. لە ((باكوور))یش كە لە ئێستادا بۆتە كوانوی خەبات و قوربانیدان و پڕ ژیلەمۆی سوورەبووە لە ژێر پێی جاندرمەی توركیدا ئەوان هەر زوو وازیان لەدەوڵەتی سەربەخۆی كوردی هێنا و دروشمیان بۆتە هەرێم و فیدڕاڵیەت و لامەركەزی و ... هتد. كە ئەمیشیان بەدڵنیاییەوە ناگاتە ئاستی دەوڵەتی سەربەخۆ. ئەوە لە ((ڕۆژهەڵات ))یش بەداخەوە نەك خەون بینین بەدەوڵەتەوە سست و كڕ و نوستوە بەڵكو جەماوەر و حیزب و سەركردەكانیشیان نوستوون و بێئاگا لەو جەڕەیانەی كە لەناوچەكەدا هەیە غەرقی خەوێكی قووڵی بێئاگایی بونەتەوە و دەوڵەتی كوردی نەخەونە ونە دروشمە بەلایانەوە.
بۆیە دەكرێت بپرسین لەم چوارچێوە بیر و باوەڕ و بەرنامە و دروشمبازیەی هەمواندا ، ئەرێ‌ بەڕاست كورد دەوڵەتی كوردی سەربەخۆی گەرەكە؟ ئایا دەوڵەتی كوردی تاكتیكە یان ستراتیژ؟ ئایا ناوهێنانی دەوڵەتی كوردی تەنها بۆ بەكارهێنانی ناوخۆییە یان هەوڵی جدی و كردارەكیان بۆ داوە؟
بەداخەوە ئەوەتا دوای 100 ساڵ لەخەبات دژی داگیر و دابەشكردنی كوردستانی گەورە تازەبەتازە هەریەكەمان لە ئاش و لە خەیاڵێكداین و تەنانەت لەسەر ئاستی نەتەوەش هاوكاری و پەیوەندی توندوتۆڵمان نیە و نەك هەرئەوەش بەڵكو هەریەكەمان بوینەتە داردەستی داگیركەرێك و دژی براكەی ترمان دەجەنگین و كەوتوینەتە كەمین و بۆسە نانەوە بۆ یەكتری و بەكار و كردەوە و گوتارمان ئاو دەكەینە ئاشی دوژمنانمانەوە و بەمەش تەنها نەتەوەكەمان زیانی پێدەگات و دوژمنانیش ئاسوودە و قازانج دەكەن.
بۆیە دەڵێم ئەمە چ بێباكیەكە و چ سایولكەییەكە كە تازە بەتازە دەست دەبەین بۆ(( ڕیفراندم ))و وەرگرتنی ڕای گشتی میلەتەكەمان كە ئایات دەوڵەتمان دەوێت یان نا؟
چونكە ئەوەی خوێنی كوردایەتی و ویژدانی زیندووی كوردایەتی و زەڕەیەك خۆشەویستی كورد و كوردستان لەناخیدا بێت هەرگیز بڕواناكەم كە دژ بە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی بێت، تەنانەت خۆفرۆشەكانیش ئەو هەڵوێستەیان نابێت.. بۆیە پێموایە كە هیچ كات پێویست بە ڕاپرسی گشتی ناكات، تەنها لە دۆخێكدا نەبێت كە هەموو هەنگاوە یاساییەكانی نێودەوڵەتی تەواو كرابێت و پشتیوانی مادی و مەعنەوی ناوچەیی و نێودەوڵەتی فەراهەم كرابێت و بناغە و بنەمای سیاسی و ئابوری و سەربازی تۆكمە دابینكرابێت، و تەنها وەرگرتنی ڕای جەماوەر مابێت وەكو دۆكۆمێنت و داواكاریەك لەبەر چاوی هەموو دونیا ئەوكات ئاساییە كە ئەو هەنگاوەش بنرێت بۆ تەواو كردنی پڕۆسەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتەكە و دانپیادانانی لەسەر ئاستی دونیادا.
بەڵام لە ئێستادا چ پێویست بەو كارە دەكات كە هێشتا هەنگاوە سەرەتاییەكان نەنراوە بەو ئاڕاستەیەدا لەسەر ئاستی ناوچەكە و دونیاشدا،بەتایبەتیش لەم قۆناغەدا كە هەرێمەكەمان بە قەیرانێكی دارایی قوڵی كارەساتباردا گوزەر دەكات كە ناتوانین تەنها مووچەی فەرمانبەرانیش پەیدا بكەین سەرەڕای دەوڵەمەندی خاك و وڵاتەكەمان بە نەوت و كانزا و غازی سروشتی و كشتوكاڵ و گەشتیاری و پیشەسازی و ..هتد.بۆیە بەڕاستی بەرزكردنەوەی ئەم دروشمە و لەم كاتەدا تەنها ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە كە بەنەفەسێكی حیزبایەتی تەسك و بۆ دەسكەوتێكی كەسی و حیزبی كاتی و تاكتیكی بەرزكراوەتەوە هەروەكو خۆشیان ڕایانگەیاندوە (( كە مەبەست لەم ڕیفراندۆمە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی نیە)) ، بەداخەوە نیەتێكی ڕاستگۆیانە و ڕاستەقینەی كوردانەی لە پشتەوە نیە و هێشتا دەوڵەتی كوردی نەبۆتە ستراتیژێكی چەسپێنراو لە بیر و هۆش و بەرنامەی سەركردە و حیزبە سیاسیەكاندا.
چونكە ئەم هەنگاوە گرنگ و زۆر هەستیارە و لەم ناوچە گرنگ و پڕ ململانێ و هەستیارەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا لە پێشدا گەرەكە زەمینەسازی تەواوی بۆ بكرێت وەك ، كۆدەنگی سیاسی نیشتیمانی و نەتەوەیی ، و تەبایی و متمانە دروستكردنێكی پتەو لەسەر سەركردایەتی و جەماوەردا،و پتەوكردن و تۆكمەكردنی ناوماڵی كوردی لەڕووی سیاسی و ئابوری و سەربازی و كۆمەڵایەتی و ..هتد.وە و كاڵكردنەوەی سنورە دروستكراوەكان و بیناكردنی ژێرخانێكی ئابوری پتەو و دامەزراندنی تۆڕێكی پەیوەندی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی حكومەت و ڕێكخراوەكان و نێودەوڵەتیەكاندا و گرنگترین كاریش ڕاستگۆبوونە لەگەڵ خۆشمان و دونیاشدا بەوەی كە دیموكراسیخواز و ئازادیخوازی ڕاستەقینەین و گەرەكمانە ئاشتی و ئارامی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بپارێزین و نابینە دەوڵەت و دەسەڵاتێكی توندڕەو و دەمارگیر وكۆنەپارێز و تیرۆریست.
گەر ئەم هەنگاوانەمان نا ئەوا دەكرێت ئەو كات بڵێین كە ئامادەین بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی و ئەو كات تەنها كەمێك بوێری و دوور كەوتنەوە لە ترس و شەرمنی گەرەكە لەلایەن سەركردە سیاسیەكانەوە، ئەگینا بە پێچەوانەوە بەم بارودۆخە شڵەژاوە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەوە كە لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵە و غرور و خۆبەزلزانین و حساب بۆنەكردنی ئەوانی تر و نیەتی قۆرخكاری دەسەڵات و پاوانخوازی و بەمیراتگرتنی دەسەڵات و بڕوانەبون بە دیموكراسیەت و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات و لە پێنانی یاسا و داموودەزگا شەرعیە هەڵبژێردراوەكان كە سەرجەمیان بونەتە هۆكاری ویرَانكردنی ناوخۆی ماڵی كوردی و لێكترازانی و دووركەوتنەوە لە یەكتری و لە ئێستادا لەجیاتی یەك و یەكگرتویمان بوینەتە دوو بەرەی دژ بەیەك تەنانەت لە سەر مەسەلەی ڕاگەیاندنی ئەو دەوڵەتە چاوەڕوانكراوەی كە وەكو ((گۆدۆی )) لێهاتوە وهەر دەرناكەوێت و تەنها چاوبڕكێ و سەرەتاتكێمان لەگەڵدا دەكات.
بۆیە بەم خوێندنەوەی نیەت و بەرنامە و واقیعی حاڵی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی هەرێمەكەمان و تەواوی كوردو كوردستان بێت ئەوا نەك لە یادی 100 ساڵەی داگیر و دابەشكردنی كوردستاندا ناتوانین دەوڵەتی كوردی سەربەخۆ ڕابگەیەنین بەڵكو بۆ چەند دەیە ساڵێكی تریش دەبێت هەر لەبازنەیەكی بۆشی خەیاڵاویدا خۆمان بخۆینەوە و بخولێینەوەو لەجێگەی خۆمان هەنگاوبۆ پێشەوە نەنێین.

‌ 2433 جار بینراوه‌
15/02/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved