وتار
روسیا لە حەلەب توركیا دەبەزێنێ

هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان


توركیا لە كێشەی سوریادا هەموو كارتەكانی خۆی لەنەكەوتنی (حەلەب) كۆكردۆتەوەو هەموو فشارەكانیشی لەسەر ناتۆ بۆ پاراستنی حەلەبە، كە لای خوارووی شارەكە كەوتۆتەوە دەست هێزەكانی حكومەتی سوریا... هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزی سوپا لەناو خاكی سوریادا هەر پەیوەندی بەحەلەبەوە هەیە، چونكە بەگرتنەوەی حەلەب كۆتایی بەكاریگەری توركیاو سعودیە دێت لە سوریادا... بۆیە لە ئێستادا توركیا لە هەوڵی ئەوەدایە، كە لەڕێگەی ئەڵمانیاوە ناتۆ رازی بكەن، كە هاوكاری توركیا بێت، كە یەكێكە لەئەندامەكاراكانی بۆندی ناتۆ بە پێی مادەی ٥ ( هەماهەنگی سەربازی) ناتۆ دەبێ هاوكاری سەربازی ئەندامەكانی بكات، ئەگەر لەگەڵ دەوڵەتانی دەرەوەی ناتۆ كەوتنە شەڕەوە، لە راستیدا توركیا دەیەوێ هاوپەیمانەكانی لە كێشەكانی سوریاوە بگلێنێ و شەڕی سەر وشكایی دەستپێبكەن، ماوەیەكیشە باس لەوە دەكرێت ، كە گوایا هاوپەیمانان نەیانتوانیوە لە ڕێگەی گورزە ئاسمانیەكانیانەوە شەڕەكەیان لە دژی داعش یەكلاكەرەوە بێت و دەڵێن ئەمەریكا لەم شەڕەشدا فەشەلی هێناوە... حكومەتەكەی ئەردۆگانیش كێشەی لەگەڵ تیرۆردا نییە، بەڵكو لە پێنج ساڵی رابردودا هەموو تواناكانی خۆی بۆ هاوكاری دەسەندەخۆرەكانی خۆی و سعودیە تەرخان كردووە لە پێناوی روخاندنی رژێمی ئەسەدو كۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی كانتۆنەكانی رۆژئاوا* چڕكردۆتەوە، شەڕی وشكایی لەناو خاكی سوریا بۆ ئەو مەبەستەیە كە ئەویش كارێكی زۆر ئەستەمە، چونكە ئامانجەكان زۆر جیاوازن... توركیاو هاوپەیمانەكانی ئامانجەكانیان زۆر جیاوازە داعش سەرەنێزەی توركیایەو دوژمنی سەرسەختی ئەوانە، هەر بۆیە ئەوەندەی رۆژئاواییەكان هاوسۆزی روسیا دەكەن .. ئەوەندە توركیای هاوپەیمانی ناو ناتۆیان بەلاوە گرنگ نیە، ئەگەرچی روسەكانیش لە كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەیانەوە چاوەڕێن توركیا هەڵەیەكی گەورەی تر بكات و بێتەوە ناوەوە بۆ ناو خاكی سوریا، كە هەندێك لەدەوڵەتانی ناوچەكەش دەخوازن توركیا ئەو هەڵەیە بكات و بۆ ئەوەی لە سوریادا ڕوبەڕووی روسیا ببێتەوەو هاوكات دەوڵەتە عەرەبیەكانیش روبەڕوی بوەستنەوەو هەلێكیش بڕەخسێ بۆ وەشاندنی گورزەكەی روسیا لە توركیا ! لە راستیدا روسەكان دەمێكە دەیانەوێ زەبرێكی قورس لە سوپای تورك بدەن ... لەو بارەیەشەوە زۆربەی هاوپەیمانانی توركیا شكاندنی شەوكەتی توركیایان پێخۆشە، چونكە دەمێكە ئەردۆگان زیادەڕۆیی دەكات و دەڵێت ( پێنج زۆرە یا هەموو دونیا ؟) مەبەستی پێنج ئەندامەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتوەكانەو بە نەتەوە یەكگرتوەكانیش دەڵێ ( ئەی نەتەوە یەكگرتوەكان ئێوە كێن و بەكەڵكی چی دێن ؟) واتا هیچ ڕێزێك بۆڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان دانانێت، ئەمە توركیای سەردەمی دەسەڵاتی ئەردۆگانی هەموو هەڵوێستەكانی ناپاشڕونە نا (شەفاف)ـە، هەر لەسەر ئەم جۆرە هەڵوێستانەیە، كە ئەمەریكاو دەوڵەتە ئەوروپیەكان هیچ متمانەیەكیان بە حكومەتی توركیای سەردەمی دەسەڵاتی ئەردۆگان نیە.. لە راستیشدا توركیا ناوێرێ سنور ببەزێنێ، بۆیە پەنا دەباتە بەر هاوپەیمانەكانی لە ناتۆو هەڕەشە لە یەكێتی ئەوروپا دەكات بەلێشاوی ئاوارەی سوری وعێراقی... ئەمە لە كاتێكدا سوپای توركیا وا بۆماوەی دوومانگ زیاترە نەیتوانیوە شارۆچكەیەكی وەكو جزرە كۆنترۆڵ بكاتەوە، لەولاشەوە هەڕەشە لە سوریا دەكات، كە هێرش دەكاتە ئەو دیو سنور لە جەرابلوس وشوێنەكانیتر، بەهێزی روسیا لە سوریادا هیچ بوارێكی بۆ توركیا نەهێشتۆتەوە، جگە لە خۆكوژی ! ئەگەر بەنیازیش بن لەگەڵ سعودیەكاندا پەلاماری سوریا بدەن، ئەوا دەبێ چاوەڕێ بن، كە ئێران ئامادەیە یەك ملیۆن قوربانی بدات لە پێناوی پاراستنی دەسەڵات لە سوریادا، هەر بۆیە ئەندامێتی توركیا تەنها بۆ پاسەوانی بەرژەوەندیەكانی ئەندامە باڵادەستەكانی ناو ناتۆیە، جا لە كۆتاییدا ئەو راستیە دووبارە دەكەینەوە، كە هیچ كۆڕو كۆبونەوەو كۆنگرەو كۆنفرانسێك ئەردۆگان لە هەڵە ستراتیژییەكانی ١٤ ساڵەی دەسەڵاتەكەی رزگار ناكات، چونكە خودی ئەردۆگان خۆی كێشەی سەرەكی و بەربەستی بەرەوپێشەوەچوونی توركیایە لە دونیای گڵۆباڵدا .

كانتۆن :-
ئامانجی سەرەكی توركیا لە سوریادا رووخاندن و كۆتایی هێنانە بەكانتۆنەكان، چونكە دڵنیایە، كە مۆدێلەكەی لەباكورەوە داڕێژراوەو لە بنچینەدا پلانەكە بۆ باكور داڕێژراوە، بەڵام لە رۆژئاوا بۆیەكەم جار پراكتیزەكراوە... خۆسەریش هەنگاوەكانی یەكەمی سیستەمی كانتۆنە، توركیا دەیەوێ هەرچۆنێك بێت لە ڕیگەی نەتەوەیەكگرتوەكانەوە بێت یان ناتۆ ئەو كانتۆنانە لەناوبەرێت و بەدەردەكەی كۆماری مهابادی بەرێت ، ئەگینا مۆدێلی ئەو كانتۆنانە سەری ئەردۆگان دەخۆن، هاوكاری و هەماهەنگی ناتۆشی بۆ ئەو مەبەستەیە، چونكە توركیا جارێكی تر لە ترسی روسیا ناتوانێ نە لەسەر زەوی ونە لەئاسمانیشەوە توخنی سوریاو كانتۆنەكانی رۆژئاوا بكەوێتەوەو هەڕەشەكانی رۆژانەی توركیا لە رۆژئاوا لە ڕاستیدا ناچێتە سەر، چونكە رۆژئاواییەكانیش لە پەیمانی (سایكس بیكۆ) پەشیوان بونەتەوە، بۆیە بۆ توركیا واچاكترە تا هەرچی زوترە رێگەی عەقڵ و بەرژەوەندیەكانی خۆی بگرێتەبەرو واز لەودیو سنور بهێنێت و لەگەڵ نوێنەری سیاسی كوردانی باكور ڕیكبكەوێت و كۆتایی بەشەڕ بهێنێت و ببێتە (موشتەری) هەرزانترین سەرچاوەی وزە لە نەوت وگازی سروشتی باشور!


‌ 2636 جار بینراوه‌
20/02/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved