»  کوردستان
پەرلەمانتارانی كەركوك هۆشداری دەدەنە بەرەی توركمانی


لە بەیاننامەیەكیاندا نوێنەرانی كەركوك ی نێو فراكسۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكەن كە بە سەرپەرشتی وڵاتێكی ئیقلیمی و هاوكاری كادرێكی توركمان لە كۆمسۆن دەستكاری سندوقە گەمارۆدراوەكانی دەنگەكانی كەركوك كراوەو هۆشداریش دەدەنە بەرەی توركمانی لە دەرئەنجامە خراپەكانی ئەو پیلانە و داواش لە حكومەتی عێراق و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەكەن رێگە لە دەستوەردانی دەرەكی بكەن.


دەقی بەیاننامەكە

بەیاننامەی هۆشداری پەرلەمانتارانی كەركوك سەبارەت بە پیلانگێڕییەكانی وڵاتێكی بێگانە دژ بە شارەكە

بۆ:
حكومەتی عێراق
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان
هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش
سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان

لە دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەكانی 12 / 5 / 2018ەوە میلیشیا چەكدارەكان گەمارۆی ئەمبارەكانی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانیان داوەو سەرۆك و فەرمانبەرانی كۆمسیۆنیش لە پێناو پاراستنی گیانی خۆیان نەگەڕانەتەوە سەر كارەكانیان و سنوقەكانی دەنگدانیش لە ژێر دەستی ئەو میلیشیایەنەدا ماوەتەوەو بە پێی زانیارییە تەواوەكان نیهاد كەركوكی جێگری نوسینگەی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كە سەر بە بەرەی توركمانییە، كۆپی كلیلی سەرجەم ژوورو هۆڵەكانی كۆگاكەی رادەستی گروپێكی چەكداری كردووەو هاوشان لەگەڵ تیمێكی سەر بە وڵاتێكی دراوسێ دەستكاری دەنگەكانی ناو سندوقەكان دەكەن بە ئامانجی گۆڕینی ئەنجامەكان لە بەرژوەندی پێكهاتەیەكی دیاریكراو.
لێرەوە ئێمە وەكو پەرلەمانتارانی كەركوك دەرئەنجامە خراپەكانی ئەو پیلانگێڕییە دەخەینە ئەستۆی بەرەی توركمانی و حكومەتی عێراقیش بە بەرپرسیار دەزانین لە رێگرتن لە دەستوەردانی دەرەكی و پێشیلكردنی ئەو بنەما دیموكراتییانەی كە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە، هاوكاریكردنی عێراقییەكانیش لە رێگرتن لە دەستوەردانی دەرەكی لە پرۆسەكە بە ئەركی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەزانین، هاوكات جەماوەری تێكۆشەری خەڵكی كەركوكیش دڵنیا دەكەینەوە كە پارێزەری دەنگەكانتان دەبین و لە پێناوەشدا سەرجەم رێگا دەستوری و یاسایی و شەرعی و نیشتمانییەكان دەگرینەبەر.

نوێنەرانی كەركوك – فراكسۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
29 - 5 - 2018

‌ 523 جار بینراوه‌
5/29/2018 5:18:14 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved