»  وتاری هەفتە
پلینیۆم وەك دەروازەیەك بۆ راكردن لە بەرپرسیارێتی
بورهان حاجی سلێمان



وێڕای بەسەرچوونی ماوەیەكی زۆر بە سەر بەستنی كۆنگرەی سێیەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و فشاری بنكەی جەماوەری ئەو حیزبە بۆ بەستنی كۆنگرەی چوارەم، هێشتا مەكتەبی سیاسی یەكێتی خۆی لەو داخوازییە جەماوەری و زەرورەتە مێژووییە دەدزێتەوەو سەدان رێگەی پێچ وپەنا پاساوی بێبنەما دەهێنێتەوە، لە دوا هەوڵیشدا بۆ لەبیربردنەوەی پرسی كۆنگرە، پلنیۆم وەكو ئەڵتەرناتیڤێك بۆ كۆنگرە كاری بۆ دەكرێت.
ئەگەر بەستنی كۆنگرە بەمەبەستی نوێبوونەوەو وەك پابەندبوون بە پرەنسیپ و پەیڕەوی ناوخۆ، بۆ هەر حیزبێك جارێك گرنگ بێت، ئەوە بۆ حیزبێك كە لە دوو پرۆسەی جیابووونەوەدا، دوو جێگری سكرتێری گشتی هەڵگەڕابنەوەو خودی سكرتێری گشتی و دامەزرێنەرەكەشی كۆچی دوایی كردبێت، تاكە جێگریشی كە ماوە لە بارودۆخێكی تەندروستی زۆر خراپدابێت و ژمارەیەك لە بەرپرسانیشی زەردو مۆر هەڵگەڕابن، هەروەها بەشدار بووبێت لە حكومەتێك كە سیاسەتەكانی بووبێتە هۆی لەدەستدانی نیوەی خاكی كوردستان و برسیكردنی خەڵكی هەرێمەكەو داڕووخانی ئابووری و لەدەستدانی پشتگیری دەرەكی، ئەوە بۆ ئەو حیزبە نەك گرنگ، بەڵكو ئەركێكەو خۆدزینەوە لێی تاوانێكە دژ بەو حیزبەی رووبارێك خوێنی بۆ ئازادی خەڵكی كوردستان رشتووە، بۆیە تاكە چارەسەر بەستنی كۆنگرەیە، نەك پلینیۆم كە پاساوی ئەنجامدانی روودانی رووداوێكی گەورەو كتوپڕە لە نێوان دوو كۆنگرەدا، بەتایبەتی لەگەڵ بوونی ئەو هەموو هۆكارو پرەنسیپ و فاكتەرانەی سەرەوەدا. 
چەواشەكردنی بنكەی جەماوەری یەكێتی بەبەستنی پلینیۆمێك (كە ئەگەر ئەو ئیرادەیە سەربكەوێت دەبێتە پێنجەمین پلینیۆم لە مێژووی یەكێتیدا)، جگە لە لەباربردنی هەوڵە دڵسۆزەكان بۆ بەستنی كۆنگرەو نوێبوونەوەی یەكێتی و رێگریكردن لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانكاری بۆ روخساری پیری مەكتەبی سیاسی هیچی دیكە نییە، باشترین بەڵگەش ئەنجامەكانی پلینیۆمی چوارەم بوو كە لە 10 / 10 / 2013 لە قەڵاچوالان بەسترا، بەڵام هیچ نوێگەرییەكی بەدوای خۆیدا نەهێنا، بەڵكو بەردەوامی بە دەستەگەری و كەموكوڕییەكان داو سەركردایەتی ئەو حیزبەی لە ژێرباری فشاری جەماوەری بۆ بەستنی كۆنگرە دەرهێنا، لەماوەی ئەم پێنج ساڵەشدا دیاردەی هەڵگەڕانەوەو جیابوونەوەو دژایەتیكردنی خودی یەكێتی و سفرە گواستنەوەو كاركردن بۆ ئەجێندای حیزبی دیكە لەناو سەركردایەتی ئەو حیزبە لەجاران زەقتر بووەوەو لە عەیبە دەرچوو!!
یەكێتی لە دووڕیانێكی چارەنووسسازدایە، یان دەبێت بەم سەركردایەتییە پیرەی ئێستایەوە بمێنێتەوە تاكو بە تێپەڕبوونی تەمەنیان لەگەڵ بەجێهێشتنی ژیان پۆستەكانیشیان چۆڵ بكەن، ئەمەش واتای پووكانەوەی درێژخایەنی یەكێتی، یان دەبێت بڕیارێكی بوێرانە بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی راستەقینەی دوور لە پشكپشكێنەی دەستەگەری دەربكات تەنانەت ئەگەر بە كودەتای حیزبیش بێت، لەپێناوی گەڕانەوەی شەرعیەت چونكە چارەی دەردی یەكێتی بە ئازارشكێنی پلینیۆم ناكرێت. 


‌ 893 جار بینراوه‌
6/2/2018 12:57:14 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved