»  کوردستان
كردنەوەی رێگای (كەركوك – هەولێر) پێویستی بە بڕیاری سیاسییە



بۆ هەشت مانگ دەچێت رێگای سەرەكی نێوان( كەركوك- هەولێر) نەكراوەتەوەو پردە رووخاوەكەی پردێش  چاك نەكراوەتەوە، بەڕێوەبەری ناحیەكەش دەڵێت:” كەشف بۆ چاكردنەوەی پردەكە كراوەو كردنەوەی رێگاكەش لە سەرووی ئەوانەوەیە”. 
عەبدولمتەلیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ، لە لێدوانێكیدا بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:”تاوەكو ئێستا لە دوای نزیكەی هەشت مانگ لە داخستنی رێگای سەرەكی ( كەركوك- هەولێر)، هیچ ئاماژەیەك نیە بۆ كردنەوەی رێگاكە”، ئەوەشیخستەڕوو:” لەگەڵ هێزە سەربازییەكانی ناوچەكە بەدواداچونمان بۆ ئەو پرسە كردوە كە بزانین هۆكاری نەكردنەوەی ئەو رێگا سەرەكییە چییە، بەڵام ئەوان هۆكارەكەی بۆ رەزامەندی دەرنەبڕینی بەغداد دەگەڕێننەوە”.
بەوتەی بەریَِوەبەری ناحیەی پردێ ، ئەو هێزە سەربازییەی كە لە پردێ جێگركراون چەند جارێك لەسەر كردنەوەی رێگاكە وتوێژیان كردووە، بەڵام بەوتەی ئەوان كردنەوەی رێگاكە لە دەسەڵاتی ئەوان نییە و لە بەغداوە فەرمانیان بۆ دێت كە چ كاتێك بكرێتەوە، هەروەها باسی لەوەشكرد:”پۆلیسی فیدراڵی رایگەیاندووە ئێمە لاریمان نییە لە كردنەوەی رێگاكەو هەر كاتێك فەرمانمان پێكرا ئەوكات رێگاكە دەكەینەوە”. 
هاوكات سەبارەت بە چاككردنەوەی پردی  سەرەكی (كەركوك-هەولێر)  كە بەهۆی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە  تەقێندراونەتەوە، بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد:”بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی كەركوك سەردان و كەشفی پردەكەیان كردووەو بڕی تێچووی چاكردنەوەیان دەستنیشانكردووەو  لیژنەشیان بۆ داناوە”، وتیشی:”ئەو لیژنەیەی سەردانی پردێی كردبوو رایگەیاندووە لە ئێستادا بەهۆی نەبوونی بودجەوە ناتوانن پردەكە چاك بكەنەوە، بەڵام لە هەر كاتێك بودجەی پێویست بەردەست بوو ئەوە پردەكە چاك دەكەنەوە”.   

‌ 203 جار بینراوه‌
6/2/2018 1:03:43 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved