»  کوردستان
بۆ پێكهێنانی هێزێكی چەكدار هاوكاری بزووتنەوەكە دەكات - توركیا بەڵێنی كورسییەكی كەركوك بە گۆڕان دەدات


لە بەرانبەر پشتگیركردنیان لە هەوڵەكانی بەرەی توركمانی بۆ كەمكردنەوەی دەنگی كورد لە كەركوك، وەفدێكی توركی لە كۆبوونەوەیەكی نهێنیدا لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی گۆڕان، وەكو پاداشتێك لە ئەگەری سەركەوتنی هەوڵەكانی بەرەی دژ بە كورد پێشنیاری كورسییەكی ئەو شارە بۆ بزووتنەوەی گۆڕان دەكات.
سەرچاویەكی سیاسی لە بەغداوە بە رۆژنامەی (هەواڵ)ـی راگەیاند:” هەفتەی پێشوو بە سەرپەرشتی باڵیۆزخانەی توركیا لە عێراق، وەفدێكی توركی بە نهێنی و دوور لە چاوی میدیاكان لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبووەتەوەو دەستخۆشی لە هەڵوێستەكانی بزووتنەوەكەو یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی كردووە بەرانبەر بە “مافەكانی توركمان”و یەكهەڵوێستییان لەگەڵ بەرەی توركمانیدا، هاوكات پێشنیاری بەرزكردنەوەی ئاستی پەیوەندی و هەماهەنگییەكانی نێوانیانی كردووەو بە وتەی سەرچاوەكە ئاماژەی ئیجابیشیان سەبارەت بە پێشنیارەكە لە پەرلەمانتارانی گۆڕانەوە وەرگرتووە. 
بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەكەی رۆژنامەی هەواڵ؛ وەفدەكەی تورك پێشنیاری پێدانی كورسییەكی پارێزگای كەركوكی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان كردووەو وتوویانە:” لەحاڵەتی سەركەوتنی هەوڵەكانی بەرەی دژ بە كورد و وەكو پاداشتێك لە بەرانبەر پشتگیركردنیان لە هەوڵەكانی بەرەی توركمانی لە كەركوك، لە رێگەی دەستكاریكردنی دەنگەكانەوە كورسییەك دەبەخشنە لیستی نیشتمان لەناویاندا كاندیدێكی گۆڕان”، ئەمەش لە كاتێكدایە حەكیم عوبێد بەرپرسی مەكۆی كەركوكی بزووتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی (هەواڵ) بوونی هەماهەنگیان لەگەڵ بەرەی توركمانی رەتدەكاتەوە و دەڵێت “ ئێمە خۆمان بە خاوەنی پرسە نەتەواییەتییەكان دەزانین”، بەڵام سەرچاوەكەی (هەواڵ) ئاماژەی بەوەدا كە تەنها ئەو چەند پەرلەمانتارەو سەركردە ئیخوانییەكانی گۆڕان ئاگاداری ئەو دانیشتنەن لەگەڵ توركیا .
وەفدەكە پەرلەمانتارانی گۆڕانیان دڵنیاكردبووە كە سنوقەكانی كەركوك لە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەو دەتوانن دەستكاری دەنگەكانە بكەن ئەگەر پرسی ژماردنەوەی دەنگەكان بە دەست سەری گرت، پێشتریش نوێنەرانی كەركوكی سەر بە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایان كردبوو:” بە سەرپەرشتی وڵاتێكی ئیقلیمی و هاوكاری كادرێكی توركمان لە كۆمسیۆن دەستكاری سندوقە گەمارۆدراوەكانی دەنگەكانی كەركوك كراوە”.
بەپێی ئەو پلانە مەترسیدارەی توركیا بۆ نەخشەی سیاسی كەركوك كێشابووی لە حاڵەتی سەركەوتنی هەوڵەكانی، (5) كورسی دەدا بە توركمانەكان (4) كورسیش بۆ عەرەب و تەنها (3) كورسی بۆ كورد كە یەكێكیان بۆ گۆڕان دەبوو.   
پرسی پێكهێنانی هێزی چەكداری بۆ بزووتنەوەی گۆڕان تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەی هەفتەی رابردووی نێوان وەفدە هەواڵگریەكەی توركیاو پەرلەمانتارانی گۆڕان بوو كە تیایدا وەفدەكەی میت ئامادەیی هەموو هاوكارییەكی بزووتنەوەكەی نیشان دابوو بۆ پێكهێنانی هێزێكی چەكداری، بەمەرجێك لەژێر دەستی باڵی نۆشیروانیزمی نێو بزووتنەوەكە نەبێت، چونكە بەڕای ئەوان “ئەو باڵە لە تارانەوە نزیكترە وەك لە ئەنقەرە”، مەرجیان ئەوە بووە ئیخوانییەكانی نێو بزووتنەكە سەركردایەتی هێزەكە بكەن و وتوویانە دەبێت هێزەكە “ لەدەستێكی ئەمین دا بێت “.

‌ 1168 جار بینراوه‌
6/2/2018 1:06:44 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved