»  راپۆرت
پۆستە گرنگ و هەستیارەكانی كەركوك بەوەكالەت بەڕێوە دەبرێن
مەكتوب – هەواڵ



دوای زیاتر لە شەش مانگ لە گەڕانەوەی دەسەڵاتی مەركەزیی بۆ كەركوك، هێشتا ئەو پۆستە باڵا ئیدارییانەی كە بەهۆكاری رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر بەڕێوەبەرەكانیان لە كەركوك نەماون، یەكلایی نەبوونەتەوەو لایەن و پێكهاتە جیاوازەكان لەسەر رێگایەكی قەناعەتپێكەر تەبا نین.
بەشی هەرە زۆری ئەو پۆستانەی بەڕێوەبەری تەسبیتیان نییە لە پشكی كوردە و حكومەتی عێراق بە كاتیی بەڕێوەبەری بۆ داناون. بەڵام لایەنە كوردییەكان دەیانەوێ هەرچۆن بووە ببنەوە بە خاوەنی ئەو پشكانە.
بەرچاوترین ئەو پۆستانەی بە كاتیی پڕكراونەتەوە پۆستی پارێزگار، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا، بەڕێوبەری پۆلیس، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكان، بەڕێوبەری تەندروستی، بەڕێوەبەری ئاو و كشتوكاڵن.
حكومەتی ناوەندی لە یەكەم هەنگاودا دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ لەرێی حاكمێكی سەربازییەوە دەستیكرد بە پڕكردنەوەی پۆستە چۆڵكراوەكان دوای ئەوەی بەشێك لە لێپرسراوانی ئیداریی و ئەمنی كورد بەهۆی كشانەوەی پێشمەرگە و جێگیربوونی سوپاو حەشدی شەعبی، كەركوكیان بەجێهیشت.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لە هەڵبژاردنی مانگی ئایار زۆرینەی دەنگەكانی پارێزگای كەركوكی مسۆگەر كرد، دەیەوێت پشكی كورد لە رێگەی نوێنەرە نوێیەكانەوە لە ئەنجومەنی نوێنەران وەربگرێتەوە.
سەرچاوەیەك لە مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك  بۆ مەكتوب روونیكردەوە، لیژنەیەك كە لە دوو ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ئەندامێكی سەركردایەتی و دوو پەرلەمانتار و دوو پسپۆری یاسایی پێكهاتوون، خەریكی گەڵاڵەكردنی پرۆژەیەكن بۆ ئەوەی جارێكی تر هەموو پۆستە ئیدارییەكانی پارێزگای كەركوك بەپێی ئیستحقاقی دەنگدان دابەش بكرێنەوە بەسەر نەتەوەو پێكهاتەكانی ئەم پارێزگایەدا.
ئەو سەرچاوەیە كە نەیویست ناوی بنووسرێ وتی: “ دەبێ لە دابەشكردنی پۆستەكاندا بە تایبەت پۆستی پارێزگارو بەڕێوەبەری كۆمپانیای نەوتی باكوور و بەڕێوەبەری پۆلیس و سەرۆكی زانكۆ، بە باشی سازان هەبێ لەنێوان پێكهاتەكاندا، چونكە ئەگەر بە عەقڵی كەركوكییانە ئەو پۆستەنە بەڕێوەنەبرێ، ئەوا هیچ لایەك سەركەوتوو نابێ لە بەڕێوەبردنیدا.”
بۆ كورد كێشەكە تەنیا لەوەدا نییە كە لەگەڵ بەغدا مشتومڕی زیاتر بكەن، بەڵكو هەریەكە لە یەكێتی نیشتمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی كە پۆستی گرنگ و كاریگەریان بە دەستەوە بووە، یەكهەڵوێستیی و یەك بەرنامەییەك لە ئارادا نییە، چونكە پ.د.ك پێیوایە “كەركوك شارێكی داگیركراوەو تا دۆخەكەی كەركوك نەگەڕێنرێتەوە بۆ پێش رووداوەكانی١٦ی ئۆكتۆبەر، ئەوا ناگەڕێنەوە شارەكە” كە ئەمەش ئاستەنگی خستووەتە بەردەم وەرگرتنەوەی پۆستەكانی پشكی كورد.
ئەمە لە كاتێكدایە حكومەتی عێراق دەیەوێـت لەرێی لیژنەیەكی تایبەت لە ئەنجومەنی وەزیران كاربكات بۆ دابەشكردنی ١٩ پۆستی باڵای پارێزگای كەركوك بەسەر پێكهاتەكانی كەركوكدا، بەڵام ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی ی.ن.ك، كاركردنیان لەگەڵ ئەو لیژنەیە رەتكردووەتەوە.
رێبوار تەها ئەندامی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە رەتكردنەوەی كاری لیژنەكە روونیكردەوە “دابەشكردنی پۆستەكان بەشێوەی هاوبەش، پێشێلكاری مافی كوردە، چونكە هیچ یاساییەك نییە رێگە بدات تۆ لە پۆستەكان داوای دابەشكردنەوەی پۆستەكان بكەیت بە شێوەی یەكسان  كەچی لە رێژەی یەكسانكردنەوەی ژمارەی فەرمانبەرانی كەركوك بێدەنگ بیت، بۆیە كاركردنمان لەگەڵ ئەو لیژنەیە رەتكردەوە.”
بەرپرسێكی باڵا لە بەرەی توركمانی ئاماژە بەوە دەكات، ئێستا لە كەركوك زمانی گفتوگۆ لەنێوان پێكهاتەكاندا ون بووە، بۆیە هەر كاتێك پێكهاتەیەك باڵادەست دەبێ، پێكهاتەكانی دیكە لە كاری بەڕێوەبردنی شارەكە پشتگوێ دەخات.
حەسەن تۆران جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراق بۆ مەكتبوب وتی :” هەرچەندە بۆچوونەكانمان جیاوازبن، بەڵام دەتوانین بە دیالۆگ خاڵی هاوبەشی نێوانمان زیاد بكەین بۆ ئەوەی كەركوك ناسنامەی پێكەوەژیان لەدەست نەدات، چونكە لە رابردوودا بە جۆرێك ئیدارەی كەركوك دراوە كە هەر لایەنێك باڵا دەست بووبێ، لایەنەكانی تری فەرامۆش كردووە ئەمەش بووەتە هۆی نەمانی متمانە بە یەكتری “
لە بەرانبەردا بۆچونی پێكهاتەی عەرەبە لەسەر پرسی پۆستەكانی كەركوك دەیەوێت بەو شێوەی ئێستا بمێنێتەوە تاكو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت.
محەمەد خزر ئەندامی گردبونەوەی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە مەكتوب-ی راگەیاند :” لە ساڵی 2005ەوە زۆرینەی پۆستەكانی كەركوك لەلایەن پێكهاتەی كورد بەڕێوەچووە، بۆیە ئێستا كە پۆستەكان گەڕاوەتەوە بۆ پێكهاتەكانی تر، ئەمە كارێكی ئاساییە و گونجاویش نییە تاكو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا دابەشكاری لە پۆستەكان بكرێت.

‌ 682 جار بینراوه‌
6/2/2018 1:08:19 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved