»  راپۆرت
ئێران خەریكە لە گواستنەوەی نەوتی كەركوك پەشیمان دەبێتەوە
مەكتوب – هەواڵ



هەفتەی رابردوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەرۆكی ژوورە بازرگانییەكانی ئێران-عێراق حەمید حوسێنی ئاشكرایكرد، ئەو پلانەی ئێران و عێراق سەبارەت بە هەناردنی نەوتی كەركوك بۆ پاڵاوگەكانی كرماشان رێككەوتبوون لەسەری، كەوتووەتە بەردەم مەترسییەكی نوێ كە ئەویش سەرهەڵدانەوەی جموجوڵی چەكدارانی داعشە لە دەوروبەری كەركوكدا كە ئەمەش وادەكات هەموو بڕگەكانی ئەو رێككەوتنە جێبەجێ نەكرێن.
كۆتایی ساڵی ٢٠١٧ بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران ئاشكرایكرد، لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق گەیشتوونەتە رێككەوتن لە بارەی پڕۆژەی هەناردنی نەوتی كەركوك بۆ ئێران. سەرەتا بە تانكەر و دواتر لەڕێی بۆڕییەكی نەوتبەرەوە نەوتی كەركوك دەگوازرێتەوە بۆ كرماشان لە كوردستانی ئێران.
قسەكانی سەرۆكی ژوورە بازرگانییەكانی ئێران-عێراق لە كاتێكدایە كە بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیی ئاماژە بەوە دەكەن، چەكدارانی داعش لە خوارووی رۆژئاوای كەركوك دەستیان بە جموجوڵ كردووەتەوە بە جۆرێك رۆژی ١٢ی ئاداری رابردوو لە ئۆپراسیۆنێكی كێوماڵكردنی هێزە ئەمنییەكانی عێراقدا ١٢ چەكداری داعشیان كوشتووە. پیشتر ئەو چەكدارانە دەستیان هەبووە لە كوشتنی حەوت هاوڵاتی مەدەنیدا.
عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق نیگەرانی وەزارەتەكەی نیشاندا سەبارەت بە لێدوانەكەی حەمید حوسێنی و تایبەت بۆ ماڵپەڕی مەكتوب وتی:” لە وتەكانی حەمید حوسێنی نیگەرانین، هەرچەندە پابەندین بە جێبەجێكردنی رێككەوتنامەكەوە ئەگەر ئێران دەستی لێهەڵنەگرێ، بەڵام پەشیمان بوونەوەی ئێران لە رێككەوتنەكە بەو پاساوەی حوسێنی باسی كردووە، ئەوە مانای سەركەوتنی داعشە لە ناوچەكەدا.”
جیهاد ئاماژەی بەوەشدا ئێستا: ئاستی هەناردنی نەوتی كەركوك بۆ ئێران، لە ٣٠ هەزار بەرمیلەوە بەرزكراوەتەوە بۆ نزیكەی ٦٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەی بەرپرسەوە دراونەتە ماڵپەڕی مەكتوب، بەرپرسانی كۆمپانیای نەوتی باكوور داوای ناردنی هێزی زیاتر دەكەن بۆ پارێزگاریكردن لە كێڵگە نەوتییەكان و ئەو رێگایانەی نەوتیان پێدا دەگوازرێتەوە بۆ دەرەوەی پارێزگاكە. ئەم داواكارییە بە تایبەت دوای ئەوە هاتووە ناوەڕاستی مانگی ئاداری رابردوو كاروانێكی تانكەر نەوتبەر لەسەر رێگای سەرگەڕان لە رۆژئاوای كەركوك، كەوتبوونە بۆسەی چەكدارانی داعشەوە.
رۆژی ١٧ی ئایاری ٢٠١٨ دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری هەولێر، مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان وتوویەتی: هێرشەكانی چەكدارانی داعش لە دەوروبەری كەركوك بەردەوام دەبێ و وا دەردەكەوێت كە ئەم كردەوانە كاریگەری دروست بكەن لەسەر ئاسایشی ناوچەكە و كەرتی نەوت و ئابووریی لە كەركوك.
سەبارەت بە لێدوانی بەرپرسە ئێرانییەكە و هەبوونی مەترسی لەسەر نەوتی كەركوك لەلایەن چەكدارانی داعشەوە، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت راكان سەعید تایبەت بۆ ماڵپەڕی مەكتوب وتی: “راستە ناوچە هەیە لە سنووری كەركوك هێشتا ئارامیی و ئاسایشی تەواوی بۆ نەگەڕاوەتەوە، بەڵام من وای دەبینم كە پێشكەوتنی بەرچاو هەیە لە كەرتی نەوت و هەناردنی بۆ دەرەوە، ئەو ئاڵۆزییانە نەبوونەتە رێگر لە بەردەم هەناردنی نەوت و تائێستاش بەردەوامە.”
راكان سەعید هەروەها وتیشی:” داعش نابێ ببێتە هۆی پەكخستنی پێشكەوتنی بەرهەمهێنانی نەوت و رەوانەكردنی بۆ دەرەوە، بە تایبەت دوای ئیمزاكردنی گرێبەستێك لەلایەن وەزیری نەوتی عێراق لە ٨ی شوباتی ئەمساڵ لەسەر ئەوەی پاڵاوگەیەكی تازە لە شارەكە دروست بكرێ.”
سەبارەت بە داواكردنی هێزی چەكداری زیاتر لەلایەن كۆمپانیای نەوتی باكوور، سەرچاوەیەك لەو كۆمیانیایە بۆ مەكتوب روونیكردەوە، داوایان لە وەزارەتی نەوت و فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق كردووە، پاسەوانی زیاتر بۆ پاراستنی بەرهەمەكانیان دابین بكەن، بەڵام هێشتا هیچ بەدەمەوەچوونێك بۆ داواكارییەكەیان نەبووە لەلایەن بەغداوە.
سەرچاوەكە وتی:” بۆیە ئێستا لە گفتوگۆی ئەوەداین جارێكی تر لەڕێگەی بۆری نەوتبەری نێوان هەرێمی كوردستان-بەندەری جەیهانی توركی بە ڕێككەوتن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم، نەوتی كەركوك هەناردەی دەرەوە بكرێتەوە، بۆ ئەمەش تاوتوێكردنێكی سەرەتایی لە نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمدا هاتووەتە ئاراوە.”
پێشتر و لە سەرەتای مانگی ئازاری رابردوو، سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، پێشتر هەرێم ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی كەركوكی هەناردە دەكرد، لە دوای روداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە، ئەو كێڵگانە كەوتونەتە ژێر ركێفی حكومەتی ناوەند، بۆیە پێشنیازێك لەبارەی ئەو نەوتەوە بۆ حكومەتی عێراق كراوە. پێشنیازەكەش ئەوەیە كۆمپانیای سۆمۆ سەرپشك كراوە لە بازاڕكردن و فرۆشتنی نەوتە هەناردەكراوەكە تا داهاتەكەی بۆ خەزێنەی عێراق بگەڕێتەوە و هەردوو حكومەتی ناوەند و هەرێم سوودی لێی وەربگرن.”
ئازاد جەباری سەرۆكی لیژنەی ئەمنی و ئاسایش لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك وتی: “ هەرچەندە بە نووسراو لە هیچ حاڵەتێكی مەترسی وەبەرهێنانی نەوت لە كەركوك و بەتایبەت هەناردنی بۆ ئێران بە ئێمە نەدراوە، بەڵام جموجۆڵی داعش بەتەواوی لە سنووری كەركوك هەستی پێدەكرێت، بۆیە پاراستنی تانكەرە نەوتبەرەكان دەكەوێتە ئەستۆی هەردوو وڵاتەوە”
نەوتی بەرهەمهێنراوی كەركوك پێش روداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر رۆژانە ٥٥٠ هەزار بەرمیل بوو، نزیكەی ٢٠٠ هەزار بەرمیلی بۆ پاڵاوگەكان دەڕۆیشت وەك پاڵاوگەی بێجی و كەركوك و سینیە و بازیان، ئەوەی دەمایەوە لەنێوان ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ هەزار بەرمیل بوو هەناردەی دەرەوە دەكرا بە بۆری نەوتبەری نێوان كەركوك- هەرێمی كوردستان - بەندرەی جەیهانی توركی.


‌ 691 جار بینراوه‌
6/2/2018 1:09:26 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved