»  باران
رەمەزان و گەرما، ژنان دەهێنێتەوە بەر دەرگا
ئا / كۆمەڵایەتی

بەهۆی بەردەوامی مانگی رەمەزان و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماوە دیاردەیەكی كەلتوری و كۆن دێتەوە پێش كە ئەوەش دانیشتنە لەبەر دەرگا، ئەم دیاردەیەش بە زۆری و تایبەت لە نێو خانماندا بەرچاوە كە لە كاتی پاش نیوەڕوان بۆ خۆرئاوابوون و یاخود شەوان بۆ چاوەڕوانی بەربانگ دێنە پێش دەرگا لەگەڵ دراوسێكان كۆدەبنەوە.
ناسك عەلی تەمەن 33 ساڵە كە هەر لەبەر دەرگادا بۆ (هەواڵ) دواو وتی: “لە ئێستادا كە مانگی رەمەزانەو وەرزەكەشی بەرەو گەرم بوون دەچێت و كارەباش تێكچووەتەوە، هەر بۆیە ئێواران و دوای عەسران كۆدەبینەوە تا نزیكی كاتی چێشت لێنان و شەوانیش پێش پارشێوان كۆدەبینەوە دەردە دڵی خۆمان دەكەین”.
ئەو خانمە وتی: “ئاساییە لام لە بەر دەرگا یا خود بە میوانداری كردن و هاتنە ماڵەوە لەگەڵ ژنانی دراوسێ كۆببمەوەو دابنیشم و زۆر جار لەبەردەرگەوە پێكەوە سڵاو دەكەین و قسەو خواسی یەكتر دەكەین و بۆ بابەتی كەسیش دەچینە نزیكی یەكترو لەبەردەرگەی لایەكمان دادەنیشین و گفتوگۆ ئەكەین”.
هەروەها زینە گێڕاییەوە: “ئێمە هەر لە منداڵییەوە وەكو مێینە بەوە گۆشەگیر كراوین كە نابێت وەكو كوڕو براكانمان دوربكەوینەوەو بچینە لای هاوڕێكانمان و یاری بكەین، هەروەها دەبێت بەردەوام لەبەرچاوابین و لە نزیك ماڵ و بەردەرگە یاری بكەین و پێكەوە قسە بكەین، هەربۆیە لەگەورە بونیشدا هەر هەمان شتەو مێینە سنوری ماڵەكەی خۆیی و بەردەرگەكەیەتی گەر ئەوەش نەبێت و هەوایەك هەڵنەمژین و دوو قسە نەكەین دڵمان دەتەقێت”.
نەجیبە شەوكەت خانمێكی ماڵەوەیە تەمەن 51 ساڵەیە، ئەو بۆ (هەواڵ) وتی: “هەر لە سەرەتای گەنجێتیمەوە حەزم بە بەر دەرگا بووە، لەگەڵ هاوسێ ژنەكاندا بوومەتە هاوڕێ و دانیشتووین و پێكەوە باسی راز و خواست و شتە تایبەتەكانی خۆمان دەكەین، بەوەش رۆژەكە تێدەپەڕێنین”.
هەروەها وتی: “بە قسەو باسی رۆژانەو باسی خواردن و جلوبەرگ و شت كڕین و دونیا دەكەین، باسی پیاوان و ئەم مانگی رەمەزانەش دەكەین و تا ئێوارە كاتەكان دەبەینەسەر و زۆرجار شەوانیش دادەنیشینەوە”.
باسی لەوەشكرد: “پیاوەكان شەوان دەچنە كافتریاو سین و زەرف و یاری و گەڕانی خۆیان دەكەن و ئێمەش گەر ئەوە نەبێت چی بكەین لە ماڵەوە دڵمان دەتەقێ، هەر بۆیە دێینە بەردەرگاو دەردە دڵی دەكەین، لەماڵەوە دەبێت هەر بە دیار تیڤی و هەواڵی خراپ و دراماوە دانیشین، جاری واش هەیە عەسران كارەبا نییەو پیاو لە دەوامەو منداڵیش لە دەرەوەیەو گەورەكان هەریەكەو بەلایەكدا ئێمەش ناچار دێینە بەر دەرگەو كۆدەبینەوە”.
ئیحسان محەمەد مامۆستاو توێژەری كۆمەڵایەتی لەسەر ئەم بابەتە بۆ (هەواڵ) وتی: “ئەوەی دەبینرێت وەكو دیاردەیەكەو لەهەمان كاتدا وەكو كلتوری لێهاتووە، دانیشتن و پێكەوە قسەكردن و گاڵتەوگەپ كردنی ژنان و كچان لەبەردەرگاو كۆبونەوەی دراوسێ ژنەكان هەر لە كۆنەوە تا ئێستا هەبووە و باو بووە”.
ئەو توێژەرەوە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: “ئەگەرچی  ئێستاو لە نێو گەڕەك و شوێنە قەرەباڵغەكان و گەڕەكە پێشكەوتووەكان دانیشتنی بەردەرگای ژنان كەمبووەتەوە، بەڵام لە شوێن و گەڕەكی تر هەر هەیەو لەگەڵ ئەوەی لە رووە كۆمەڵایەتی و دەرونییەكەیەوە بۆ ژنان كاردانەوەی باش و خراپی هەیە، بەڵام ژنان لەو كلتورە دەستبەردار نەبوون”.
هەروەها وتی: “بەداخەوە لە رووی شارستانییەوە دانیشتنی بەردەرگا باو نییەو زۆرجار دانیشتنی ژن دەبێتە كێشەو كارلێكی خراپی لێدەكەوێتەوە بەهۆی ئەوەی وا لێیان دەڕوانرێ بۆ تانە و تەشەر و باسكردن و بوختانكردنی خەڵكی دانیشتون و بە زەمی ئەم و ئەو كات بەرێئەكەن لە كاتێكدا ئەم مانگەش مانگێكی ئاینی و پیرۆزە و لەروی ئاینیشەوە گوناهبار دەبن، چونكە هەندێك ژن دەكەونە بەر ئەو گومانانەی پێشوو، بەڵام هەمیشە لەرووی دەرونییەوە ژن لەبەر بێزاری نێو چواردیواری ماڵ و تەنهایی پەنا دەباتەبەر بەردەرگاو لەگەڵ دەر و دراوسێ كۆدەبنەوە”.
وتیشی: “لەگەڵ دانیشتنی بەردەگا نیم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رەتیناكەمەوە، چونكە هەمو كلتوور و خوو و مامەڵەیەك جوانیی و ناشرینی خۆی هەیەو دەتوانرێت بەو دیوەی كە بتەوێ لێی بڕوانیت”.

‌ 586 جار بینراوه‌
6/2/2018 1:38:35 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved