»  شەکری تاڵ
چیتر كوردایەتیمان پێ مەفرۆشنەوە




لەسەردەمی رژێمی بەعسدا كابرایەكیان لەسەر كاری بەدرەوشتی دەستگیر دەكەن و لە كونجی زیندان تەقەتی دەكەن تا ماوەی زیندانیەكی تەواو دەبێت، كە خزم و برادەرانیش سەردانی دەكەن بەر لەوەی قسە بكەن ئەو پێش دەمیان دەكەوێت و دەڵێت “باجی كورد بوون زۆر قورسە ئازیزانم یاخوا كەس دەستی ئەو زاڵمانە نەكەوێت”، وەك ئاماژەیەك كە كاكم لەسەر كوردایەتی زیندانی كراوە نەك بەدەڕەوشتی! 
هەر لەسەر هەمان ریتمی كابرا ماویەكە پارتی دیموكراتی كوردستان لە رێگەی دەزگا سێبەرەكانیەوە دەیەوێت كوردایەتیمان پێ بفرۆشێتەوەو تڕۆ كردنی بەرپرسە گەندەڵەكانی لە بەغدا لە چوار ساڵی رابردوودا یەكسان بكات بە باجی كوردبوونی !!
پارتی كە ئێستا چاوی بڕیوەتەوە پۆستەكانی بەغدا، لە ئێستادا شیوەن دەگێڕێت بۆ پۆستەكانی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، پۆستی سوپاسالاری عێراق، پۆستی وەزیری دارایی عێراق و دەیەوێت بڵێت: ئەو پۆستانە لەسەر هەڵوێستی نەتەوایەتی لە پارتی سەندرایەتەوە، لە كاتێكدا ئەوە جگە لە خۆڵكردنە چاوی خەڵكی كوردستان هیچی دیكە نییە، چونكە لە راستیدا، دەركردنی هۆشیار زێباری لە پۆستی وەزیری دارایی لەسەر گەندەڵی و دزی و سكانداڵەكانی ئەو بەرپرسەی پارتی بوو، دوور و نزیكیش پەیوەندی بە كوردایەتییەوە نەبووە.
سەبارەت بە پشكەكەشی لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەوەیان دەگەڕێتەوە بۆ دووبەرەكی ناویی ئەو حیزبە كە كادرەكانی هەڵپەی چنگگیركردنیان لە پۆسەكانی ئەو كۆمسیۆنە گیركردووەو لە بەری یەك كەس، دوو پارتی خۆی بۆ كۆمسیۆنەكە كاندید كرد، ئەوەش بووە هۆی پەرشو بڵاوی دەنگەكانیان و هیچیان نەتوانن دەنگی پێویست بەدەست بێنن.
هەرچی رۆژ نوری شاوەیسیشە، لە پلانی بچووكدرنەوەو خۆڕێكخستنەوەی حكومەتدا پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران نەماو كابراش بێ ئیش و كار مایەوە!
سەبارەت بە دەركردنی بابەكر زێباریش لە پۆستی سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای عێراق، هەرچەندە ناوبراو رایگەیاند كە بە ویستی خۆی بووە، بەڵام سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە لەسەر داوای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و بە پاساوی بێهێزی ناوبراوەەوە بووە، دواجاریش هەر پارتییەكی دیكە بەناوی خورشید سەلیم دۆسكی لەسەر پێشنیاری پارتی دانراوە.
هەرچەندە جگە لە دەروێشانی خۆیان كەسی دیكە بڕوا بەو كڕوزانەوەیەی پارتی ناكات، بەڵام پێویستە هەموو كەس بزانێت كەچی دەگوزەراو دەگوزەرێت لە بەغدا و چیتر كەس كوردایەتیمان بە نرخی كابرا زیندانیكراوەكەی سەردەمی بەعس پێ نەفرۆشێتەوە.

ئیمزا
جومعە باوەگوڕگوڕی

‌ 1048 جار بینراوه‌
6/2/2018 1:46:00 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved