»  کوردستان
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری هەژماركردنەوەی دەنگەكان رەتدەكاتەوە


ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەسەر ئەژماركردنەوەی دەنگەكانی هەڵبژاردن بەدەست، روونكردنەوە دەدات و رایدەگەیەنێت، یاسا كارپێكراوەكان رێگە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن و ئەژماركردنەوەی دەنگەكان بە دەست نادات.
لە راگەیاندراوێكدا، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ 5/ 6 / 2018 تایبەت بە وەڵامدانەوەی ئەو لایەنانەی داوای ئەژماركردنەوەی دەنگەكانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 12/ 5 دەكەن بەدەست، ئاشكرایكردبەگوێرەی مادەی 5 لە یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، ژمارە 11ی ساڵی 2011، رێگە بە بەشداربووانی پرۆسەی هەڵبژاردن دەدات تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردن، ئاراستەی ئەنجومەنی كۆمسیرارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بكەن، ئەوانیش بەگوێرەی بەڵگەكانی بەردەستیان، بڕیاری لێدەدەن، ئەگەر سكاڵاكار بەو بڕیارە رازی نەبوو كە لەلایەن ئەنجومەنی كۆمسیارانەوە دراوە، دەتوانێت لەبەردەم دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن تانە بگرێت و دەستەكەش لەماوەی 10 رۆژدا لەتانەكە دەكۆڵێتەوە، جەختی لەوەشكردۆتەوە كە تەنها ئەو جۆرە شێوازە لە تانەدان، لە یاسادا رێگەی پێدراوەو ناكرێ رێگەی دیكە بگیرێتەبەر، چونكە هیچ دەقێكی یاسایی نییە كە لەو بارەیەوە پشتی پێببەسترێت.
سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنیش هاتووە" هیچ دەقێك لە یاساكەدا نییە كە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە، لەناوخۆو دەرەوەی وڵات، بە دەستەی دادوەری هەڵبژاردن بدات، وەك هەندێ لایەن داوای دەكەن، هەروەها لە یاساكەدا هیچ دەسەڵاتێكیشی بەو دەستەیە نەداوە كە داوا لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بكات بەشێك لە ئەنجامی دەنگدان دووبارە بكاتەوە ، ئەوەشی روونكردۆتەوە كە بەگوێرەی یاسای هەمواركراوی هەڵبژاردن، ژمارە 45ی ساڵی 2003، بەدەق هاتووە كە پرۆسەی ژماردن و جیاكردنەوەی دەنگەكان بەبەكارهێنانی ئامێری خێراكردنی ئەنجامی ئەلیكترۆنی دەبێت، بەوپێیەش ناتوانرێت پرۆسەی جیاكردنەوەو ژماردن بە دەست ئەنجام بدرێت.
لەبارەی دەنگۆی ساختەكارییەكانیش، ئەنجومەنەكە جەختی لەوەكردۆتەوە یاساكە، دەسەڵاتی بە ئەنجومەنی كۆمسیاران داوە بۆ حەواڵەكردنی هەر دۆسیەیەكی تاوانكاری بۆ دەسەڵاتە تایبەتمەندەكان، ئەگەر بەڵگە لەسەر خراپ مامەڵەكردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن هەبووبێت.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، داواشی لەسەرجەم لایەنە بەشداربووەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن كردووە، رێز لە دەقە یاساییەكان بگرن و هیچ لایەنێكیش بۆی نییە سەرپێچی تێدا بكات.

‌ 234 جار بینراوه‌
6/5/2018 5:48:53 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved