»  وتاری هەفتە
با ئاراستەی شەڕەكە نەگۆڕین
بورهان حاجی سلێمان

دەرچوونی یاسای هەژماركردنەوەی دەستی بۆ دەنگەكانی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 12ی 5ی 2018 لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، كە لە 6ی6 بە ئامادەبوونی چەند پەرلەمانتارێكی كورد نیسابی یاسایی دانیشتەكەی تەواو بوو، كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەتی لای خەڵكی كەركوك كە خۆیان بە ئامانجكراوی ئەو یاسایە دەزانن.

نیگەرانییەكانی خەڵكی كەركوك كە تازە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە لەشۆكی 16ی ئۆكتۆبەر دەریكردبوون، لەترسی پرەنسیپی زۆرینەو كەمینە نییە، چونكە هەموو ژمارەو پێدراوەكان ئەوە دەسەلمێنن كە كورد زۆرینەی ئەمشارەیە، لە بەرانبەردا كەمینەی توركمان كە هەموو هێزی هەڵبژاردنی دوو كورسییە، ئەمجارە سێ كورسی بەدەستهێناوەو هەرگیز خەونی بەو ئەنجامەوە نەدەبینی، هەروەرها عەرەبیش شایستەی هەڵبژاردنی خۆی بەدەستهێناوە، خەڵكی كەركوك تەنانەت ئەنجامی شارەكانی دیكەیشان لا گرنگ نییە كە كێ تیایدا براوەیە، بەڵكو نیگەرانییەكەی كوردی كەركوك لەو رۆژەوە سەرچاوەی گرتووە كە راستەخۆ دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان، میلیشیا توركمانەكان دەستیان بەسەر سنوقەكاندا گرت و مەترسی دەستكاریكردنی دەنگەكانی ناو ئەو سنوقانە لەبەرژەوەندی كەمینەی توركمان لە ئارادایە، هەر ئەوەش نهێنی سووربوونی توركمانە لەسەر ژماردنەوەی دەنگەكان، كە من بەدووری دەزانم ئەو پیلانە سەربگرێت، لە ئێستاشدا هەر ئەوانن بەهەموو شێوەیەكی نائەخلاقی و گرتنەبەری هەموو رێگایەكی چەوت، دژی كوردو مافەكانی لەشارەكە دەوەستنەوەو هەوڵی پەراوێزخستنی كورد دەدەن، بۆیە ئێستا دەبێت كورد لە كەركوك جەخت لەسەر ئەو شەڕە بكاتەوە.

راستە هەوڵ و كردەوەی ئەو پەرلەمانتارانەی گوڕان و كۆمەڵ یەكگرتوو و بەرهەم ساڵح لە بەغدا، زۆر نا نەتەواییەتییە، كە گەیشتۆتە ئەوەی لە دەركەی عەرەبەكان بدەن و بڵێن كورد فێڵی لێكردووون و یان بڵێن ئەگەر لە لەم هەموو عێراق ساختەكاری نەكرابێت ئەوە لە كەركوك كراوە، یانیش شانبەشانی توركمانە تۆڕانییەكان پەنجەی سەركەوتن لەگەڵ هێمای گورگە بۆرەكان بەرز بكەنەوەو وێنەی یادگاریشی پێوەبگرن! بەڵام نابێت ئەو توڕەییە، لەكەركوك نێو ماڵی كورد زیاتر پەرتەوازە بكات و ئاراستەی شەڕە نەتەوایەتییەكەمان بگۆڕێت بۆ شەڕی خۆبەخۆ، دەبێت یەكێتی وەكو خاوەنی متمانەی زۆرینەی كەركوكییەكان و بەرپرسیاری یەكەم لە چارەنووسی پێگەی كورد لەشارەكە، نەهێڵێت ئەو توڕەییانە ئاراستەی توندوتیژی و تۆڵەكردنەوە وەربگرێت و لەشەڕە راستەقینەكە غافڵمان بكات، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو هەڵوێستە خراپەی ئەو لایەنانە لەبەغدا، تا ئێستا لە شاری كەركوك هیچ سكاڵاو تانەیەكیان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان نەگرتووە، جگە لە ژمارەیەك هەرزە سیاسی و رۆژنامەنووسیشیان، زۆرینەیان لە ئیستفزازكردنی خەڵكی كەركوك خۆیان بەدوور گرتووەو بە دەرچوونی یاساكە نەكەوتوونەتە (هەلەكە سەما)، بۆیە نابێت ئەوان باجی تاوان و هەڵەی چەند دۆڕاوێكی هەڵبژاردنەكان بدەنەوە، زووش بێت یان درەنگ هەموویان هەست بە گەورەیی هەڵەكانیان دەكەن و دەزانن دەست بكەنە ناو دەستی تورك، چ خۆكوژییەكی سیاسی و تاوانێكی گەورەیە لای كەركوكیەكان. 

 

‌ 1387 جار بینراوه‌
6/9/2018 1:16:37 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved