»  راپۆرت
بەردەوامی ئیفلیجی ئەنجومەنی پارێزگا هەنگاوە تاكڕەوییەكانی پارێزگاری كەركوك خێراتر دەكات


 

لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو هەڵاتنی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و ژمارەیەك ئەندام بۆ هەولێر ئەنجومەنەكە تووشی ئیفلیجی كراوەو تا ئێستا نەیتوانیوە كۆبوونەوەیەكی فەرمی ئەنجام بدات، ئەوەش هەنگاوە تاكڕەوییەكانی پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت خێراتر كردووە.

كاكەڕەش سدیق، ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هیوا بڕ بووە لەوەی تا ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئەنجومەنەكە بتوانێت كۆبوونەوەیەكی یاسایی و رەسمی بكات، وبەرای ئەو پێویستە بەردباران بكرێت چونكە بێ دەسەڵات و بێ هەڵوێستە، كاكەڕەش بۆ (هەواڵ) وتی:” هۆكاری سەرەكی دانەنیشیتنی ئەنجومەنی پارێزگا، رێكنەكەوتنی لایەنەكانە، ئەوە یەكێكە لە بابەتە سەرەكییەكان”، ئاماژەی بەوەشكرد:” عەرەب دەیەوێت دۆخەكە بەمشێوەیە بمێنێتەوە، توركمان دەڵێت تا باسی پۆستی ئەنجومەنی پارێزگا نەكرێت و ئێمە دانەنێن ئامادەنین كۆبوونەوە بكەین، كوردیش پەرتەوازەیەو هەریەكەو لەلایەكە، سێ كەسمان لە ئەمریكایەو دوانی مەسیحی هەر دیارنین و نازانین چیدەكەن و برادەرانی پارتیش هەموویان لە هەولێرن و ئامادەنین بگەڕێنەوە، ئەوەی ماوینەتەوە تەنها چوار پێنج كەسێكین و وەكو كورد كاردەكات و هیچیشی پێ ناكرێت”.

كاكەڕەش سدیق، وتیشی:” هەقە ئەو ئەنجومەنە بەردەباران بكرێت، لەبەر ئەوەی ئەنجومەنێكی بێدەسەڵات و بێهەڵوێستن بەرانبەر بەو رووداوانەی روودەدەن”.

باسی لەوەشكرد:” دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بكەین، تا هەڵبژاردنی داهاتوو لە كاتی خۆیدا بكرێت، بەڵكو كۆمەڵێك خەڵكی بە تواناو باش بێتە پێشەوە، بۆ ئەوەی خزمەتی شارەكە بكەن”.

ئاشكراشیكرد:” بڕواناكەم تا كاتی هەڵبژاردنی داهاتوو ئەنجومەن كۆبێتەوە، هەڵوێستەكەش لەسەر پارتی وەستاوە، پارتی بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی ئیجرائاتی خۆمان بكەین،  هەتا پارتیش نەگەڕێتەوە ئیشەكان ناكرێت”.

سێشەممەی رابردوو ئەنجومەنەكە كۆبوونەوەیەكی نافەرمی راوێژكاری ئەنجامدا كە هێزێكی یاسایی هیچ بڕیاردانێكی نییە، جوان حەسەن، ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، دەڵێت بۆ ئەو جۆرە كۆبوونەوانە پێویستمان بە نیسابی یاسایی نییە، چونكە تەنها كۆبوونەوەی راوێژكارییە.

جوان حەسەن، ئەندانی یەكگرتووی ئیسلامی لە لیستی برایەتی كەركوك هاوشێوەی كاكە رەش سدیق پێیوابوو ، دانەنیشتی ئەنجومەن زیانێكی زۆر لە هاوڵاتیان دەدات، لەبەر ئەوەی ئەنجومەن كۆبێتەوە، ئەو كاتە كێشەو داخوازییەكانی خەڵك دەگەیەنن، ئەو وتی “ ئەنجومەن دەتوانێ لێپێچینەوە یاخود بانگێشتی دامودەزگا حكومییەكان بكات و هەندێ بڕیار هەیە رەتیبكاتەوە، بەتایبەتی ئێستا پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت هەندێ بڕیار بە تاكلایەنە دەردەكات، كە تەوافوقی سیاسی لەسەر نییە،  ئێستا تەوافوقی سیاسی نەماوەو پارێزگار بۆخۆی تاكلایەنە بڕیار دەردەكات، كاری نیشتەجێ بوون و دامەزراندن بڕیاری ئەنجومەنە، كە دەبێ تەنها بۆ كەركوكی رەسەن بێت، واتە ئەوانەی ئاماری ساڵی 1957 یان هەیە، بەڵام ئەم پارێزگارە هەموو كارێك دەكات، بێئەوەی گوێ لە بڕیاری ئەنجومەن بگرێت و پێشێلی بڕیارەكانی ئەنجومەنیشی كردووە”.

باسی لەوەشكرد:” كارانەبوونی ئەنجومەن بەتایبەتی لیژنەكان وایكردووە، خەڵكی نازانێ  كاتێك سكاڵایەك تۆمار دەكات روو لە كوێ بكات و سكاڵاكەی  بیگەیەنێت بە كێ”.

ئەو ئەندامەی یەكگرتووی ئیسلامی ، دانەنیشتنی ئەنجومەنی بۆ چەند هۆكارێك گەڕاندەوەو وتی:” یەكێك لە هۆكارەكان ئەو بارودۆخەیە، كە لە 16ی ئۆكتۆبەردا بەسەر كەركوكدا هات، ئەمەش وایكرد كەركوك بەمشێوەیە بێ، هەروەها نەگەڕانەوەی بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەن بۆ شاری كەركوك”.

باسی لەوەشكرد:” عەرەب وتوركمان كۆمەڵێك مەرجیان هەبوو،  دەیانەوێت  بەهەر شێوەیەك بێت رێبوار تاڵەبانی لەسەرۆكایەتی ئەنجومەن دەربكرێت لەگەڵ نەدانەوەی پۆستی  پارێزگار بە كورد ئەمانە كۆمەڵێك خاڵ بوون كە ئیتیفاقی سیاسی لەسەر نەكرا، تا ئەنجومەن كارا بێتەوە”.

ئاشكراشیكرد:” عەرەب و توركمان نایانەوێت جارێكی تر كورد باڵادەست بێت لە كەركوك”.  

لەتیف فاتح فەرەج، چاودێری سیاسی و نوسەر، هۆكارێكی دیكەش باس دەكات بۆ لەدەستدانی شەرعیەتی ئەنجومەنەكەو پێیوایە هیچ ئەنجومەنێكیش نییە ئەوەندە خاووخلیچك بووبێت ، لەتیف بۆ (هەواڵ) وتی:”یەكێك لە كێشەكان تەنها ئەوە نییە ئەنجومەن دانانیشێت، كێشەكە ئەوەیە كە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رەوایەتی لە دەستداوە، هیچ ئەنجومەنێك نییە لە هەموو عێراقدا تەمەنی ئەوەندە درێژبووبێت، هیچ ئەنجومەنێكیش نییە ئەوەندە خاووخلیچك بووبێت لە كۆبوونەوە بەتایبەتی ناوچەكە ناوچەی كێشەلەسەرە”.

ئاماژەی بەوەشكرد:”   بەداخەوە هەم دەوروبەریش دەست دەخەنە نێو كاروباری ناوخۆی شارەكەوە، هەوڵێكی زۆر هەیە پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێو پێكهاتەكان لەناوبدرێت، لەو شارەیا كۆنەبوونەوەی ئەنجومەن و ئێكسپایەربوونی ئەوە كارەساتە، ئەوە یەكێك لەو  كێشانەیە من هەستدەكەم بە ئەنقەست وادەكرێت، هەوڵێك هەیە بە ئەنقەست ئەوشارە بەردەوام لە دواوە بێت، ئەگینا ئەگەر ئەنجومەنێكی كارای هەبوایە، لەسەرەتای دروستبوونی ئەنجومەنە لە 2005 بۆ ماوەی چەند دانیشتن ئەنجومەنە بە تەواوی كۆنەبووەوە، جارێك عەرەب ناهاتن و جارێك توركمان و لە چلویەكەمین دانیشتن هەموو یان پێكەوە دانیشتن، لەوە بەدوا تائێستا هەموو پێكەوە دانەنیشتوون.

لەتیف فاتح فەرەج، روونیشیكردەوە:”ئەم هۆكارانە كاریانكردۆتەسەر ژیانی ئاشتیانەو یەكتر قبوڵكردن، بۆ ئەوەی ئەمشارە نەتوانێت خۆی بەڕێوەببات و لە وڵاتانی دەوروبەرە دەست وەربدرێتە كاروباری ناوخۆی شارەكە”.

ئاشكراشیكرد:” لە دوای 25ی ئەیلول و 16ی ئۆكتۆبەرەوە و بە چاوپۆشی ئەمریكاو هاتنەوەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ كەركوك، خۆم تەكلیفم لە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە وەكالەت كرد، دەبێ رۆڵی هەبێ لە چارەسەركردنی ئەو دۆخەی ئێستای كەركوك و ئەویش بەڵێنی داو وتی: بە دڵی ئێوە دەكەم، بەڵام بەداخەوە تائێستا لە هەولێر دانیشتووەو نەگەڕاوەتەوە”.

وتیشی:” یەكێتی و پارتی زۆرینەی لیستی برایەتین و بەرپرسیارێتی زۆریان لەسەرە، بەتایبەتی یەكێتی كە ماوەی دوو خولە هەرجارەو شەش كورسی پەرلەمانی بەدەست دەهێنێت، لانی كەم دەبوایە یەكێتی لە رێگەی یاساو و دۆستەكانی خۆیەوە، داوا بكات دۆخی كەركوك چارەسەر بكرێت، ئێستا دۆخی كەركوك لە بری ئەوەی ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت و كێشەكان چارەسەر بكرێت، دۆخی كەركوك خراپتر بووە، بۆ چارەسەركردنی ناوچە كێشەلەسەرەكان پێویستە یەكەمەكانی ئەو شارە قسەیان هەبێت”.

‌ 424 جار بینراوه‌
6/9/2018 2:36:01 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved