»  راپۆرت
رێكخستەنەكانی پارتی پێشوازی لە سوپای توركیا دەكەن
ئا / هاوار ستار

 

لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ قوڵایی خاكی هەرێم كاردانەوەی توندی لێدەكەوێتەوەو بێ هەڵوێستی هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەندیش شەرمەزاردەكرێت، لیژنەی كاروباری پێشمەرگەو شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید لە پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت هەماهەنگی لە نێوان هێزەكەی سوپای تورك و هێزەكانی پێشمەرگە نییە، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش ئاشكرای دەكات كە ئەو هێزە بە دەروازەی رەسمیدا هاتوونەتە ناو خاكی هەرێمەوە، چاودێرێكی سیاسیش رایدەگەیەنێت ئەو بەشەی كەوا هێزەكەی توركیا بۆی هاتووە لەژێر دەسەڵاتی پارتیدایە، پێدەچێ ئەوان جۆرێك رەزامەندییان دەریبڕیبێت، بەڵكو رێكخستەكانیشیان بەشداربوون لە پێشوازیكردن لەو سوپایە.

دلێر ماوەتی جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگەو شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید لە پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە دەستدرێژیەكەی توركیا بۆ (هەواڵ) رایگەیاند: “بەپێی یاسای نێودەوڵەتی لەشكركێشی توركیا دژی یاسای نێودەوڵەتی و دژی سەروەری وڵاتەو پێشێڵكردنی سنوری دراوسێیەتییە، ئەوەش گرژی و ئاڵۆزی زیاتر دروست دەكات”.

ئەو جێگرەی سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە، پێیباشە كێشەكانی هەر بەشێكی كوردستان بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێت، چونكە بەرای ئەو “خەباتی چەكداری تاقیكراوەتەوە و بەرهەمێكی وای بۆ میللەتان نەبووە، هەروەها لەشكركێشی وڵاتانیش تاقیكراوەتەوەو كە نەیتوانیوە ئارامی و ئاشتی دروست بكات و هەردووك كاری خراپن”.

ماوەتی، وتیشی: “ هەڵوێستەكان روون نین و لەوانەیە یەك لایەنەش نەبێ، چونكە پەیوەندی بە پاراستنی سنوری نێودەوڵەتی هەیەو پەیوەندی بە پاراستنی سەروەری هەردوولاوە هەیە، لەبەرئەوە هەم عێراق خۆی پێش ئەوە رێككەوتنێكی هەیە كە پێموانییە تاكو ئێستا هەڵوەشابێتەوە و هەرێمی كوردستانیش لەوانەیە لە ژێر فشارێكی گەورەدا بێ “.

دەربارەی هەماهەنگی نێوان هێزەكانی توركیا و وەزارەتی پێشمەرگە دلێر ماوەتی وتی: “بە هیچ جۆرێك هەماهەنگی لە نێوان ئەو هێزو سوپایانەو هێزەكانی پێشمەرگە و وەزارەت نییەو ئەو هێزانە كە سنورەكانیان پاراستووە بەردەوام رێككەوتنی دوو قۆڵی و سێ قۆڵی و تەنانەت چوار قۆڵیشیان هەبووە”.

بە رای ماوەتی دەبێت كورد نەهێڵێ لە نێو ماڵی خۆیەوە هێرش بكرێتە سەر هیچ شوێنێك و هەوڵبدرێ بە پێی یاساو گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكرێت و تەوهیمی حیزبایەتییەی بەیەك دەوترێ و لەجیاتی ئەم پارچە پارچە بوونە وەزارەتی پێشمەرگە بكرێتە وەزارەتێكی پرۆفیشناڵ كە بەدەست ئەوەوە دەناڵێنێ بەشێكی جیاكراوەتەوەو هێزەكانی هەشتاو حەفتا لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدانین و لێكنەدراون، بۆیە لە عێراقەوە هەرەشەمان لەسەرە، لە توركیا هێرش دەكرێتە سەرمان و وڵاتی تر هەوڵدەدات، هەرچەندە ئەم هێرشانە یەكەم جارو دواجاریش نابێ و فەشەل دێنێ، بەڵام گوندەكانی كوردستان وێران دەبن و نائارامی و نارەحەتی دروست دەبێت”.

بە رای ماوەتی ئەوەی رودەدات كاتییەو قۆناغێكەو تێپەڕدەبن، چونكە لە پەنجا بۆ شەست ساڵی رابردوودا ئەمە دەیان جارە روو دەدەن و كۆتایی دێت و نەدەوڵەتەكە هیچی دەستدەكەوێت و نە هێزە كوردیەكانیش لەو شێوە خەباتە بێجگە لە ماڵوێرانی بۆ كۆمەڵێ گوندو سنورو ناوچە هیچی وایان دەستدەكەوێ، ئەو پەرلەمانتارە، خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی بكەین بە باشترین چارەسەر دادەنێت.

شوان داودی-یش، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلێدوانێكدا بۆ(هەواڵ) رەخنە لە هەردوو حكوەمەتی بەغداو هەولێر دەگرێت و دەڵێت: “ ئەو هێزە لە دەروازەیەكی رەسمیەوەو بەبێ هیچ بەرهەڵستی و كاردانەوەیەك لە لایەن حكومەتی هەرێم و بەغداوەو هاتۆتە ناو خاكی هەرێمەوە”، داودی، وتیشی:” ئەم دەستدرێژیەی ئەردۆغان بەشێكە لە پیلانێكی سامناك كە ئەگەر رێگەی پێنەگیرێت، ئەوە چارەنووسی هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان و بەشێك لە عێراق و سوریاش دەكەوێتە مەترسیەكی گەورەوە”.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران رەخنە لە پەرلەمانەكەی عێراقیش دەگرێت و دەڵێت “لەبری كۆبوونەوە بۆ ئیدانەكردنی لەشكركێشی داگیركەری تورك و فشارخستنە سەر حكومەتی مەركەزی، سەرقاڵی داڕشتنی پیلانگێڕییە لە دژی پرۆسەی دیموكراسی و نانەوەی تۆوی دووبەرەكی و شێواندنی رەوشی و عێراق”.

شوان داودی ئاماژەی بەوەشكرد: “رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش لە كاتێكدا لە كێشەیەكی ناوخۆیی عێراق دەست وردەدات و تەرەفگیری تیادا دەكات، بەهەمانشێوە لەبەرانبەر تاوانەكانی توركیاو پێشێلكردنی سەروەری خاكی عێراق بێدەنگە”.

شوان داودی داواش لە حكومەت و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و بەتایبەتی حكومەتی عێراق دەكات لەو بێدەنگییە شەرمەزارییە دەربچێت و وەكو چۆن سەرزمان و ژێر زمانی پرسی (پلانی سەپاندنی یاسا)یە، بەو جۆرەش چیتر بێدەنگ نەبێت لەو دەستدرێژییانەی سوپای تورك دەیكاتە سەر سەروەری خاكی وڵاتەكەی”.

سەرتیپ جەوهەر، چاودێری سیاسی-ش، پێیوایە، هاتنی سوپای تورك بۆ خاكی هەرێم رەزامەندی ناوخۆی كوردستانی هەیەو “لەوە دەچێ ئامادەكاری پێشوەختە كرابێ لەناوخۆی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لایەنێكی هەرێم”، وتیشی “ ئەوانەی هاتوون هێزی سەربازین و مەرامی سیاسی و سەربازیشیان هەیە”.

سەرتیپ جەوهەر، دەڵێت سوپای توركیا بۆ ئەجێندایەك هاتوون كە پەیوەندی بە ناوخۆی توركیاوە هەیە، هەروەها بۆ سەركوتكردنی بزوتنەوەیەكی چەكداری كوردی هاتوون، ئاشكراشیكرد:” ئەو هێزە هاتوون بۆ ناو خاكی هەرێم خاك و ئاوی تێكبدەن و بسوتێنن، ئەمەش مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر هەرێم، چونكە هەموو وڵاتێك خاوەن سەروەری خۆیەتی، ئەوانەی كە هاتوون بێ هیچ رەزامەندییەك هاتوون، ئەمەش پێشێلكردنی شەرعیەتی یاسای نێودەوڵەتییە”.

سەرتیپ باسی لەوەشكرد:” لە ئێستادا لێكدابڕانێك لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراق هەیە، رەنگە عێراقییەكان لە بەغدا پێیانوابێ ئەوە خاكی عێراق نییە بۆیە بێدەنگ بن، رەنگە هۆكارێكی تریش ئەوەبێ دەستكەوتێكی سیاسی یاخود ئابوری بێت، لە هەرێمی كوردستانیش دابەشبوونێكی ئاشكرای سیاسی هەیە، ئەو بەشەی كەوا هێزەكەی توركیا بۆی هاتووە لە ژێر دەسەڵات و هەژمونی پارتییە، پێدەچێ ئەوان جۆرێك رەزامەندییان دەریبڕیبێت، بەڵكو رێكخستەكانیشیان بەشداربوون لە پێشوازیكردن لەو سوپایە بەتایبەتی لەو ناوچانەی كوردستان كە بەزاندوویانە”.

سەرتیپ جەوهەر، نیگەرانی خۆی نەشاردەوە لەوەی رێكەوتنێكی هەرێمایەتی هەبێت و دەڵێت “ جارێ مەترسییەكە تەنها توركیایە، توركیا پێدرێژی دەكاتە سەر خاكی كوردستان و جۆرێك لە رەزامەندی لایەنێكی سیاسی ناوخۆیی هەیە، بەڵام مەترسییەكە ئەوەیە كاتێك وڵاتانی تری هەرێمایەتی بەتایبەت ئێرانیش بەشداربێت لەو سنوربەزاندنە سەربازییەی كە بزوتنەوەیەكی كوردی سەركوت بكرێت، كە بنكەو بارەگایان لەسەر سنوری ئێران و هەرێمی كوردستان هەبێت”، ئاماژەی بەوەشدا :” توركیا بۆ گەیشتن بە قەندیل پێویستی بە رەزامەندی یەكێتی و ئێرانیش هەیە، تەنها یەكێتی نییە، ئێرانیش بەشێكە لە هاوكێشەی هەرێمایەتی، پێموایە ئێرانییەكانیش دەبێ رەزامەندی دەرببڕن بۆ ئەوەی توركیا بگاتە قەندیل، لەو حاڵەتەشدا رەنگە پەكەكەش بەرگری بكات”.

 

 

‌ 94 جار بینراوه‌
6/9/2018 2:36:40 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved