»  باران
ژنانی كەركوك لە كڕیارەوە دەبن بە فرۆشیار
عەلی ئاراس – مەكتوب : هەواڵ

 

ژنانی كەركوك روو دەكەنە كاری سەرپەرشتیاری و كاشێری دوكان و ماركێتەكان، بەرای ژنان و خاوەن كارانیش ئەو ماركێتانەی كە مێینە سەرپەرشتی دەكەن یان كاشێرن تێیاندا، كچان و ژنانی مشتەری و كڕیار ئاسوودەتر دەردەكەون و زیاتر مامەڵە و سەودا دەكەن.

ئەو مێینانەی بوونەتە دوكاندار هەریەكەیان مەبەست و مەرامێكی تایبەتی هەیە، بەڵام زۆربەیان لەسەر ئەوە كۆكن كە دەیانەوێ ئەوانیش بەشداری بازاڕ بكەن و تەنیا لە ماڵەوە نەمێننەوە، بەشێكی دەیانەوێ ببنە هاوبەشی هاوسەر و مێردەكانیان لە دابینكردنی بژێوی خێزانەكانیاندا و بەشێكیان تەنیا وەكو ئارەزوویەك هاتوونەتە بازاڕ. هەرچەندە هەریەكە لەو ئافرەتانە ئاستەنگی زۆریان هاتووەتەڕێ كە دەستیان بەو كارانە كردووە. بەڵام كۆڵیان نەداوە و ئێستا خاوەن كاری خۆیانن.

وەكو سروشتی خێزانیی لە كەركوك و تەواوی عێراق، ئمێینە لە ماڵەوە ئەركی بەخێوكردنی منداڵ و رێكخستنی ناوماڵ و ئامادەكردنی خواردن و خواردنەوەی لەسەر شانە، ئەوانەشی كە ئێستا بوونەتە خاوەن كار لە دەرەوەی ماڵ، دیسان ئەركی ماڵیشیان لەسەرشانە و بە دەگمەن هەیانە تەنیا كاری دەرەوە بكات.

ژیان عوسمان كچێكی تەمەن 24 ساڵانە و ئێستا لە یەكێك لە مۆڵەكانی ناوشاری كەركوك كار دەكات. ژیان بێجگە لەم كارەی فەرمانبەرە لە فەرمانگەیەكی حكومیدا و دوای دەوامەكەی، سەعات سێی دوانیوەڕۆ دەچێتە سەر كارەكەی تا نۆی شەو كار دەكات.

ژیان بۆ ماڵپەڕی مەكتوب و رۆژنامەی (هەواڵ) وتی: “ لە تەمەنی 16 ساڵانەوە كاردەكەم، سەرەتا لەگەڵ باوكمدا دوكانی شیرینیمان هەبوو. ماوەی دوو ساڵە لە مۆڵ كاردەكەم و زۆریش كارەكەم خۆش دەوێت. لە پاڵ ئەوەی فەرمانبەری حكومیم، هەموو كاتەكانم رێكخستووە بۆ كاتی دەوامەكەم لە فەرمانگەو لە مۆڵیش.”

ژنانی كەركوك زیاتر ئەو كارانە دەكەن كە كڕیارەكانیان زۆرینەیان لە رەگەزی خۆیانن وەكو: ئارایشتگاو رازاندنەوە، دوكانی جلوبەرگ، بۆن و كەرەسەكانی جوانكاریی لەگەڵ ماركێتەكان.

ژمارەیەك لەو مێینانەی لە دەرەوەی ماڵ لەناوشاری كەركوك كاردەكەن هێشتا هاوسەرگیرییان نەكردووە، ئەوان دەڵێن نایانەوێ تەنیا لە ماڵەوە بمێننەوە و چاویان لە ئەندامانی تری خێزانەكانیان بن تا پارەیان پێ بدەن، بەو كارانە هەم خۆیان دەبنە خاوەن ئابوورییەكی سەربەخۆ و هەم بەشداریش دەكەن لە كڕینی پێداویستییەكانی ناوماڵدا.

شادان فەتاح كچێكی ٢٣ ساڵانە، دوكانی فرۆشتنی بۆن و موعەتەری هەیە، سەبارەت بەهۆكاری بەشداریكردنی لە بازاڕدا وتی: “ باوكم موچەخۆری حكومەتی هەرێم بوو، ئەوە دوو ساڵە زۆر بە كەمی وەری دەگرێت ئەمەش ناچاریكردین كە ئێمەش بچینە ژێر باری كاركردنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا خۆشم ئارەزووم هەبوو كار بكەم.”

سەبارەت بە تێڕوانینی خەڵك و كڕیارەكانیان لە كاتی كاركردندا، شادان دەڵێ: “هیچ شتێكی نامۆ نابینم. هەست دەكەم كاركردنی ئافرەتان لای كۆمەڵگا ئاسایی بووەتەوە. بۆیە ژنی كاركەر لە دەرەوە رووی لە زیادبوون دەكات”.

ژولیا نورەدین تەمەنی ١٩ ساڵانە لە مۆڵێكی شاری كەركوك كاردەكات ئەو وتی: “ سەرەتا رووبەڕی تانەوتەشەری خەڵك دەبوومەوە، بەڵام سووربووم لەسەر كاركردن، ئەو قۆناغەم تێپەڕاند بێ ئەوەی كاربكاتە سەر دڵساردكردنەوەم لە كارەكەم. ئێستا چیتر كەس تانەم لێنادات.”

ئەو پیاوە دوكاندارانەی كە بەرگدروون یان كەرەسەی جوانكاریی و پێداویستی ژنان دەفرۆشن، هەستیان بەوە كردووە كە لەو كاتەوەی كچان و ژنان لە دوكان و ماركێتەكاندا كار دەكەن، زۆربەی كڕیارەكانیان بۆ لای ئافرەتەكان دەچن، محەمەد عزەدین لەناو بازاڕی كەركوك ١٨ ساڵە دوكانی كوتاڵ و جلوبەرگی ئافرەتانی هەیە بۆ مەكتوب وتی: “ ئەم یەك دوو ساڵەی دوایی زۆر هەست بەوە دەكەم ئافرەتان زیاتر روو دەكەنە ئەو دوكانانەی كە ئافرەت سەرپەرشتیان دەكەن. هۆكارەكەشی دیارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئافرەتان بۆ هەندێ پێداویستی خۆیان، لەگەڵ رەگەزی بەرانبەریاندا ئاسانتر دەتوانن داوای بكەن.”

بەشێك لە ئافرەتان خۆیان دەڵێن هەرچەندە دوكاندارەكانیش پیاوبن زۆر بەلایانەوە گرفت نییە، بەڵام دەشڵێن ئاسوودەترن ئەگەر بێت و دوكاندارەكە ئافرەت بێ. چیمەن رەووف یەكێكە لەو ئافرەتانەی نایشارێتەوە كە زۆر دڵخۆشە بەوەی ژمارەیەكی باش لە كچان و ژنان بوونەتە دوكاندار “ زۆر دڵمخۆشە كاتێك دەبینم لە كات كرینی شمەك یان جلوبەرگدا، دوكاندارەكە یان كاشێرەكە مێینە بێ، چونكە باشتر لە یەكتر تێدەگەین و بێ لەڕوو دامان ئەوەی بمەوێ داوای دەكەم”.

‌ 357 جار بینراوه‌
6/9/2018 2:51:53 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved