»  راپۆرت
لە 16ی ئۆكتۆبەردا كەركوك رێگای نێوان ئەمریكاو ئێرانی یەكخست
شەهلە ساڵح* - مەكتوب – هەواڵ



دوای ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 هێزەكانی عێراق پەلاماری هێزەكانی پێشمەرگەیاندا بە پاساوی گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی ئیتحادی بۆ پارێزگای كەركوك، ئەو شارەی كە ناكۆكی و ململانێی لەسەر هەیە، ئەم شانۆیە شەركردنی یەكێك لە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لەم ناوچەیە لەگەڵ لایەنێكی تر كە چەكی ئەمریكی پێبوو، شتێكی دژ بەیەك و نەگونجاو بوو.

كاتێك ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، پشتی كرد بوو لە یەكێك لە هاوپەیمانە گرینگەكانی لە شەری دژی دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش) كە هێزە كوردییەكان بوو، هاوكات بێدەنگ بوو لە بەرانبەر پێشرەوی هێزێكی چەكداری نزیك لە ئێران كە بە دوژمنی ئەمریكا دادەنرێت.
جموجۆڵی سەربازی لە كەركوك، لە 14 و 15 ی ئۆكتۆبەری 2017لەژێر رێبەرایەتی هێزی عێڕاقی ئەنجامدرا، ئەم هێزە زەمینیە میلیشیا شیعیەكان بوون بە هاوكاری هێزە عێراقیەكان كە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكران.
بەرپرسەكانی ئەمریكا، لەوانە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، پێداگری لەسەر ئەوە كردووە، كە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەشێك نەبووە لەو ململانێیە، بەڵام هەندێك لە شیكاركەرەكان باس لەوە دەكەن، ولایەتە یەكگرتووەكان پشتگیریان لە پلانی عێراق كردووە، بۆ چوونە ناو ئەو سنوورەی كە لەژێر دەسەڵاتی كورد دابوو، هەرچەندە ئێران هاوكاربوو لە بەستنی گرێبەستێك لەگەڵ لایەنێكی كوردی بۆ كشاندنەوەی هێزەكانیان لە كەركوك، تا ڕێگە بەهێزەكانی عێراق بدرێت بەشێوەیەكی بەرفراوان كۆنترۆڵی ناوچەكە بكەن.
دەیڤید دەڵێت'' عەبادی نەیدەتوانی هێرش بكات بەبێ ئاگاداركردنەوەی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا''.
دەیڤید فیلیپس راوێژكاری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە ماڵپەری مەكتوب و رۆژنامەی هەواڵ-ی راگەیاند :"ماوەی ٣٠ ساڵە لەسەر عێڕاق كاردەكەم، لە لەبەرئەوە لەوە تێدەگەم سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی بەبێ ئاگاداری ئەمریكا نەیدەتوانی هێرش بكاتە سەر پارێزگای كەركوك."
وتیشی :" پارێزگای كەركوك بەبێ ئیدارەیەكی هاوبەش سەركەوتوو نابێت ، بۆیە چۆن ئەمریكا و ئێران بۆیەكەمجار هاوهەڵوێست بوون لەسەر پێشرەوی هێزە عێراقیەكان دەبێت ئێستاش پشتگری ئەو هێزانە بكەن كە داوای ئیدارەیەكی هاوبەش بۆ كەركوك دەكەن.
ماریا فانتاپی شیكاركارێكی گروپی قەیرانەكانی نێودەوڵەتی لەسەر عێراق دەڵێت''  ولایەتە یەكگرتووەكان گلۆپی سەوزی پێكردبوو، ئەمەش وەك شتێكی زەرورو گرینگ بوو''.
هەروەها وتی ئامانجی ئێران ئەوەبوو میلیشیا شیعەكان بخزێنێتە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان و دابەشكردنی پارتە كوردییەكان، ئەمەش دەسەڵاتداریەتی ئێران بەسەر حكومەتی عێراق زیاتر كرد.
ماریا فانتابی لە لێدوانەكەیدا بۆ ماڵپەری مەكتوب و رۆژنامەی هەواڵ ئەوەشی خستەڕوو :" تووشی شۆك بووین كە دەمانبینی رێگای ئەمریكا و ئێران لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 یەك رێگا بوو."
بەشێوەیەكی مەبەستداربێت یان نا، وا دەردەكەوێت ولایەتە یەكگرتووەكان پێداگری لەسەر ئەمە وەك بەردەوامیدەری ئامانجی گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی حكومەتی عێراقە لەسەر كەركوك وەك هەرێمی ناكۆكی لەسەر نەك پارێزگایەك.
بەرپرسانی ولایەتە یەكگرتووەكان باسیان لەوە كرد كە رەتیان كردۆتەوە بەرگری لە كوردەكان بكەن، بەمەبەستی پیشاندانی نارەزایەتیان بەهۆكاری رەتكردنەوەی داواكاری ئەمریكا لەسەر ئەنجامنەدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە مانگی ئەیلولی 2017 .
لایەنگرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێن ئێمە چاوەروانیەكی باشترمان لە ولایەتە یەكگرتووەكان دەكرد، دوای ئەوەی هەزار و 700 پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان لەیارمەتی دانی ئەمریكیەكان لە شەری دژی داعش شەهیدكران.
راوێژكارێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت بە مەكتوب و رۆژنامەی هەواڵ-ی وت :"نامەوێ وشەی خیانەت بەكاربهێنم، بەڵام ئێمە بەشێوەیەكی تەواو هەستمان بەوە كردووە كە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پشتگوێی خستووین، هەروەها گەلی كوردیش بێ هیوابووە لەو پشتگریكردنەی ئەمریكا ، چونكە ئەمریكا كەركوكی وەك دیاریەك پێشكەش بە ئێران كرد''.
جۆشوا گێلتزێر بەرێوەبەری پێشوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، ئاماژەی بەوەكرد كە مەبەست لە هاوكاریكردنی ئیران، لەكاتێكدایە ترەمپ بەردەوام هێرشی دەكاتە سەر ئەو وڵاتانەی پشتگیری لە ئێران دەكەن.
هەروەها بۆ مەكتوب - هەواڵ وتیشی:كوردەكان بەهۆی بەهۆی ڕیفراندۆمەوە ئاوارە بوون، هەرچەندە بەشێوەیەكی زۆرینە دەنگیان لەسەر سەربەخۆیی داوە، لەبەرئەوە بەشێوەیەكی زۆر توند لە لایەن زۆرینەی هێزەكانی نزیك لە ئێرانەوە دژایەتی كرانەوە.
ئێران كاریگەریەكی زۆری لەسەر بەغداد هەیە، ترسی لەهەر چالاكیەك هەیە لەبارەی سەربەخۆییەوە لەلایەن كوردەكانی عێراق ئەنجامبدرێت، نەبادا هەستی كوردەكانی بەشی ئێران بوروژێنێت بۆ سەربەخۆی و جیابوونەوە. ولایەتە یەكگرتووەكان دژی دەنگدان لەسەر سەربەخۆی بوو، بەچەند هۆكارێك لەوانە تێكدانی هاوپەیمانتیەتی كورد و هێزە ئەمریكیەكان لەبەرەنگاربوونەوی دەوڵەتی ئیسلامی داعش لە عێراق.
بریاری كۆتایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، نەخشەی خەونی سەربەخۆیی نەتەوەی كورد بوو لە باشوری كوردستان بە دەرئەنجام پێچەوانەوە دەرچوو.
دوای ماوەیەك لە ئەنجامدانی ریفراندۆم، هێزەكانی عێراق كەركوكیان گرت، لەگەڵ چەند ناوچەیەكی تری ناكۆكی لەسەر كە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لەژێر دەستی هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێم بوو، كانە نەوتەكانیش كە بەشێكی گەورەی داهاتی كوردستان دابیندەكرد گەرایەوە ژێردەسەڵاتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەوت و گازی عێراق.
بە گەڕانەوە بۆ دواوە دەبینین، قوڵایی هەڵنەسەنگاندنی بەشێك لە سەركردایەتی كورد بۆ ئەنجامدانی رێفراندۆم و دروستكردنی شوێنەواری ناكۆكی بەرانبەر حكومەتی عێراق وایكرد هاوپەیمانێتی لەگەڵ وڵاتە هاوسێ و هاوپەیمانەكان لەناویشیاندا ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دوای ریفراندۆم نیازپاكی سەركردایەتی كورد بە تایبەت بۆ ئەمریكا لەدەستدرا.
لەم سێ ساڵەی دوایدا هێزی پێشمەرگە، هاوپەیمانێكی گرینگی ولایەتە یەكگرتووەكان و بەغداد لە شەری دژی داعش بوو، زۆربەی جار كاریگەری و كردیەیی زیاتری لە هێزەكان عێراق نواندوە ، ئەمەش وایكرد ناوی پێشمەرگە بچێتە ناو بەیاننامەی زۆرینەی ووڵاتە زلهێزەكانەوە.
بەڵام دوای كەمتر لە دوو هەفتە لەپاش ٢٥ی ئەیلولی 2017 و ئەنجامدانی ریفراندۆم، هێزی عێراقی، داعشیان لە حەویجە وەدەرنا بەبێ بەشداری هێزەكانی پێشمەرگە كە دوا میحوەری پێشمەرگە بوو كە رۆلی تێدابینی لە شەری دژی داعش.
لەگەڵ جوڵەی هێزی عێراقی لەسەر سنوری كوردستان، كوردەكان هۆشداریاندا سەبارەت بە روودانی داگیركاری و تاڵانكاری، بەڵام عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سوربوو لەسەر رەتكردنەوەی رودانی توندوتیژی و ئەمجۆرە كارانە لە كەركوك، ئەم جۆرە هەواڵانەی وەك هەواڵی چەواشەكارانە ناونا و ئەمریكاش دژی ئەم داكۆكیكردنانەی عەبادی نەبوو. 
لە میانەی وەڵامی پرسیارێك لەبارەی رەزامەندی ولایەتە یەكگرتووەكان لەسەر پلانی سەربازی عێراق بۆ سەر پارێزگای كەركوك، هیزر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە مانگی شوباتی ئەمساڵ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند'' ئێمە دەمێكە بانگەوازی عێراقێكی دیموكراتی یەكگرتوو دەكەین دەبێت هێزە كوردییەكانیش پشتگری لەو عێراقە بكەن كە زۆرینەی وڵاتان داوای دەكەن."
یەكێكی تر لە رووداوەكان ،كە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 قسەی زۆری هەڵگرت بە تایبەت لەناوەندە جیهانیەكان، زۆربەی پێشمەرگەكان لە كەركوك ئەوانەن وەلایان بۆ لایەنێكی تری كوردی هەیە كە بەرانبەر بەبەرەی بارزانیە، كە ئەو هێزە رەزامەندی دابوو لەسەر كردنەوەی رێگا بۆ هاتنە ناوەوەی هێزی عێراقی بۆ ئەو ناوچانەی لە كەركوك بۆیان دیاری كرابوو ئەمە لەوكاتەوە بوو، كە رێكەوتننامەیەك لە كۆتایی هەفتە پێش هێرشی عێراقی بەسترا.
ئەوەش هەرزوو سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ناچاركرد ئەو رێكەوتنە بقۆزێتەوە و رابگەیەنێت سولەیمانی رێكەوتنی لەگەڵ هێزێكی كوردی كردبوو بەرووداوەكەی قۆستەوە بەمەبەستی هێنانە ناوەوەی میلیشیای شیعەكان بۆ ئەو ناوچانەی كە پێشمەرگە لێی كشایەوە."
هەر لەم بارەیەوە قسەیەك هەیە دەڵێت، قاسم سولەیمانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ هێزەكانی كورد ئەنجامداوە بۆ چۆڵكردنی كەركوك، بەڵام سەعدی پیرە گوتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان گوتی'' فەرماندە ناوخۆیەكانی پێشمەرگە گفتوگۆیان لەسەر رێكەوتننامەكە لەگەل حكومەتی عێراق كردووە نەك كارەكتەرەكانی یەكێتی رێكەوتنیان لەگەڵ قاسم سولەیمانی كردبوو."
قاسم سولەیمانی كەساتیەكی سەربازی ون و ئاڵۆزە، ماوەی چەند ساڵێكە لە عێراقە، وەكو بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەكانی هێزی دەرەوەی ئێرانە، سەرپەرشتی چەكدارە شیعەكانی دەكرد كە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا تۆمەتباری دەكات بە كوشتنی سەدان سەربازی ئەمریكی لە عێراقدا.
جنێفەر كافارلا، پلاندانەری هەواڵگری لە پەیمانگای خوێندنی شەر لە واشنتۆن بە ماڵپەری مەكتوب و رۆژنامەی هەواڵ-ی ووت :" ئەو رێكەوتننامەی كە سولەیمانی كردی، سیناریۆیەك بوو، زیاتر لەوەی گرینگیەكی ستراتیژی هەبێت بۆ ئێران''. هەروەها وتیشی'' ئەو پێدەچێت رۆڵێكی كاریگەری هەبێت لەسەر ناچاركردنی كوردەكان بە كشانەوە بەڵام بێدەنگی ئەمریكا بەرانبەر بەو رێكەوتنە زیاتر وایكرد ئێران باڵادەست بێت لە كەركوكدا''.
هاوكات وتەبێژی باڵوێزی ئەمریكا لە بەغداد باسی لەوە كرد، ئەم ئۆپەراسیۆنەی كە هێزە عێراقیەكانی تێدابوو، بەهاوبەشی و رێكەوتن بووە لەگەڵ هێزە كوردیەكان، بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی بۆ ناوچە جێناكۆكەكان ، دوور و نزیك ئەمریكا ئاگاداری نەبووە."
ئۆپەراسیۆنی عێراقی دوو هێزی هاوپەیمان و پشتیوانی ئەمریكای ناچار كرد، كە بەدژیەكدا بچنەوە. هەردوو هێزەكە پێشمەرگە و هێزی عێراقی ، لەلایەن ئەمریكا راهێنانیان پێكرابوو، زانیاری هەواڵگری و ئاسمانی و چەكیان پێدرابوو، بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەكدارە توندڕەوەكان.
جۆن ماك گەین بەرپرسی لێژنەی هێزە چەكدارەكان لە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لە وتارێكدا كە لەرۆژنامەی واشتن پۆست لەمانگی نیسانی ئەمساڵدا بڵاوی كردەوە ئاماژە بەوەدەكات:"ولایەتە یەكگرتووەكان مەشقی سەربازی و پرچەككردنی حكومەتی عێراقی بۆ شەری دژی داعش و پاراستنی خۆی لە هەرەشە و مەترسیەكانی ناوخۆ بوو، نەك بۆ هیڕشكردنە سەر یەكێك لە پێكهاتەكانی حكومەتە هەرێمی كوردستان، كە دۆستێكی كۆن و بەهاداری ئەمریكایە ، لەبەرئەوە هەڵەیانكرد سەرۆك وەزیران رێگەیدا پێشمەرگەی كوردستانی عێراق بە چەكی ئەمریكی لەلایەن هێزی عێراقیەوە بكوژرێت."
ئەوەی دەمێنێتەوە بۆچوونی حكومەتی ئێرانە لەبارەی پشتگرییەكانی ئەمریكا بۆ گەرانەوەی دەسەڵاتی حكومەتی ئیتحادی بۆ سنوری پارێزگای كەركوك ، هەرچەندە راوێژكارێك لە كونسوڵگەری ئێران لە هەولێر دەڵێت :" ئێمە پشتگیری لە عێراقێكی بەهێز دەكەین نەك پشتگیریكردنی هێزێكی سەربازی بۆ سەپاندنی بەسەر هێزێكی دیكەدا."
ئەو راوێژكارەی كونوسڵگەری ئێران لە هەولێر كە نەویست ناوی بهێنرێت بە ماڵپەری مەكتوب ی راگەیاند :" ئێمە دڵنیابووین لەوەی كوردەكان لەدوای ریفراندۆم نەك خاك و زەوی بەڵكو ئاسمان و سنورەكانیش لەدەستدەدەن بەڵام گروپێكی ناو یەكێتی بەدوای ئەو بەرەیەوە بوون كە پێیانوابوو بەبێ پشتگیری ئێران و وڵاتانی دراوسێ دەتوانن دەوڵەت دروست بكەن."
بێ گوێدانبە دەرەنجامەكان، ئەمریكا و ئێران لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ، وەك ڕكابەر لەسەر دۆخی كەركوك نابینرێت، بەشێك لە پێكدادانی نێوان پێكهاتەكانی كەركوكیش وەك حاڵەتێكی زاڵبوونی هەستی نەتەوەیی دەبینین لەسەر شارەكە، بەڵام پێناچێت بێدەنگی ئەمریكا لەبەرانبەر پێشرەوییەكانی ئێران لە كەركوك درێژە بكشێت.

* ماستەر لە زانستەسیاسیەكان

‌ 456 جار بینراوه‌
6/22/2018 11:47:44 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved