»  کوردستان
پیلانێكی مەترسیدار لە دژی كوردی كەركوك بەڕێوەدەچێت



لەبەرانبەر پیلانی بەتاڵكردنەوەی ناوچەكانی خوارووی كەركوك لە دانیشتوانە كوردەكەی دوو پەرلەمانتاری كەركوك و بڕیاردەری ئەنجومەنی پارێزگا هۆشداری دەكەن و داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەكەن . 
پێنجشەممەی رابردوو شوان داودی و محەمەد عوسمان، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، رایانگەیاند:”پارێزگای كەركوك لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا رووبەڕووی پیلانێكی ترسناك و قێزەون بۆتەوە كە بە پاڵپشتی و هەماهەنگی هەندێك كەسایەتی و لایەنی سیاسی جێبەجێدەكرێن”، ئەوەشخڕاوەتەڕوو:”بە ئامانجكردنی پێكهاتەی كورد لە سەرتاسەری پارێزگاكە، كە مەرامیان هەوڵدانە بۆ ناچاركردنی هاوڵاتیانی كوردو بەجێهێشتنی زێدی باوباپیرانیان، ئەوەش دەچێتە خانەی گۆڕینی دیموگرافیاوە بەتایبەت كە بەشێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو ئەو كارە دەكرێت”.
لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی شوانی و داودیدا ئاماژە بۆ ئەوەشكرا:”ئەو پیلانەی بوونی هەیە بریتیە لەوەی پەلامارو هێرشی رۆژانە بۆ سەر هاوڵاتیانی كورد ئەنجام دەدرێت، كە دواترینیان ئەو پەلامارە تیرۆریستیە بوو كە كرایە سەر ژمارەیەك گوندی سەر بە داقوق كە هاوڵاتیانی كاكەیی تێدا نیشتەجێن، ئاشكراشیان كرد:”ئەمەش سەرباری بەڕێوەچوونی پرۆسەی تەعریبكردن لە ژمارەیەك قەزاو ناحیەی كەركوك كە پێكهاتەی كوردی تێدایە كراوەتە ئامانج بۆ ناچاركردنیان بە جێهێشتنی ماڵ و حاڵیان و چۆڵكردنی ناوچەكانیان”. 
ئەو پەرلەمانتارانە داواشیانكرد:”لەم ساتە وەختەدا بەرپرسیارێتی مێژوویی بگرنە ئەستۆو و كار بۆ راگرتنی ئەو پەلامارانە بكەن و هەوڵی دۆیزینەوەی چارەسەری گونجاو بدەن”، هەروەها وتیشیاین:”داواكارین هێزی هاوبەش بۆ شارەكە پێكبهێنرێت لە هێزەكانی ئیتیحادی و پێشمەرگە بۆ لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی ئەركی دۆسیەی ئەمنی پارێزگاكە”. 
پێشتریش چوارشەممەی رابردوو، ئەڵماس فازڵ بڕیاردەری ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بینای ئەنجومەن ، لەمیانەی بەیاننامیەكەدا رایگەیاند:”ئەو هێزە ئەمنیانەی لەئێستادا لەشارەكەن، ناتوانن سەلامەتی هاوڵاتیان بپارێزن، بۆیە جارێكی دیكە داوای دروستكردنی ژورێكی هاوبەشی ئۆپراسیۆنەكان، بە بەشداری هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایش دەكەین”، ئەوەشیخستەڕوو:”كوردنشینیانی كاكەیی لە سنوری داقوق، لە ئێستادا بەر شاڵاوێكی نەگریس و هەڕەشەی داعش بونەتەوە”، راشیگەیاند:”ئەو هێزەشی لەوێ جێگیرە نەیتوانیوە وەكو پێویست بەرگری لە گوندشینان بكەن و ئۆباڵی دروستبونی هەر كارەساتێكیش لە ئەستۆی ئەواندایە”.
بەوتەی بڕیاردەریئەنجومەنیپارێزگایكەركوك، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك، نەیتوانیوە بە ئەركی سەرشانی خۆی هەڵبستێت و ببێتە نوێنەری سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوك دەربارەی چەندین پرسی تاك لایەنانە دژی پێكهاتەی كورد كە زۆرینەی شارەكە پێكدەهێنێت بڕیاری داوە، بۆیە بەهیچ شێوەیەك ئەو كارانەی مایەی قبوڵ نیەو رێگای یاسایی بەرانبەری دەگرینەبەر”.
ئەڵماس فازڵ، لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا ئەوەششیخستەڕوو:”ئەو لیژنەیەی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوی تەقەكردن لە شارەكە پێكهێنراوە لێكۆڵینەوەكانی بۆ رای گشتی ئاشكرابكات، بە ئاشكرا رایبگەیەنێت كە كام هێزو لایەن لە پشتی شەهیدكردنی هاوڵاتیانی كوردەوەیەو تاوەكو بكەرانی بەسزای یاسای بگەیەنرێت و داداگاش بە رێكارەكانی خۆی هەڵبستیت”.

‌ 820 جار بینراوه‌
6/22/2018 11:56:45 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved