»  پەڕەموچ
بەرچنەیەك هایكۆی هەمەڕەنگ
 رەوەند ساڵەح



لێدانی خوارد بەدەستی با
چوون بەدەم ئاوەوە پێكەنیبوو 
گوڵ 

چەند مەكربازە 
نەخۆش كەوتنی كردووە بەپیشە 
ئێوارە

نەخشەی قەفەسێكە 
ژیان بە بارمتە گرتوویەتی 
زەوی 

ئاوەدانی لەناخی هەڵدەكا 
دەشكێتەوە بۆ فرمێسكی شەونم 
گیا 
زیندەخەوە 
زەخرەفەی دڵی گەردوونە 
كتێب

لەسەر هێڵی مردن گۆرانی بۆ دەڵێی
پیاڵەی تەنهایی لەگەڵ فڕدەكەی 
چاوەڕوانی 

لەكەللەی ژیان دەتخاتە خوارەوە 
فێری گۆرانییە گوناهبارەكانت دەكا 
عیشق

هەندێ جار دەچێتەوە سەرگروپی گریان 
لەتوخمی ژنە 
پێكەنین 

مانشێتی مردنی خۆی هەڵگرتووە 
بۆ سەوز بوونی قاقڕی بەرزەینمان 
باران 

بەدیارمەوە دەوەستێ 
چاوەڕێی پیربوونمە 
 ئاوێنە 

ناترسێ لەگورگ 
لەگەڵ شەو پیاسەی سەر كانی دەكات 
مانگ 

زەنگی بەردێكە ڕامدەچڵەكێنێ 
تنۆكێ شیعرە تەمەنێكی غوباراوای دەشواتەوە
منداڵی

لەقەراغی هەورەوە خۆی فڕێ ئەدا
تا پێكەنینی گوڵێك بگرێتە باوەش 
باران

بەربەرەكانی خۆر دەكا 
پێكەنینێكی تری سروشتە 
ژن 

هێزی ئاو 
پیربوونی درەختێك 
زەنگی گۆچان 

ئەلفێكی چاو و بێیەكی لێو 
كلیلێك ئەزبەر دەبێ
ماچ 

گەر فێری نۆتەكانی بی
ڕیتمی خۆشەویستیت بۆدەژەنێ
ژن 

ئاماژەی خۆرنشین 
دەفتەری یادەوەری 
دەنگی چاویلكە 

لەكەڵكەڵەیدا سڕینی تەمێكە 
تا بكرێتەوەو خۆر بێتە سەرهێڵ 
پەنجەرە 

پۆستێكی میهرەبانی خودایە 
لەسەر دیواری زەوی 
ژن 

‌ 594 جار بینراوه‌
6/23/2018 12:07:56 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved