»  باران
كە ژنێك بوو بە بێوەژن
حوسێن عەلی شەریف


كە ژنێك بوو بە بێوەژن ئیتر لە ماڵەباوانیا وەك كائنێكی حەیابەر وەك تاوانبارێكی گەورە تەماشای ئەكرێت، كە ژنێك بوو بە بێوەژن جلەكانی؛ پێكەنینەكانی؛ گریانەكانی؛ هاتوچۆی ماڵە خوشك و براكانیشی ئەكەوێتە ژێر سانسۆری قەبیلەوە، كە ژنێك بوو بە بێوەژن لە گەڕەكا ماڵەكەیان بەناونیشانی (ئەو ماڵەی بێوەژنەكەیان هەیە) ئەناسرێتەوە، بەڵام ئەگەر لە هەمان ماڵا حەوت چەقاوەسووی سەرسەری هەبن كەس باسیان ناكا، كە ژنێك بوو بە بێوەژن عەیبەیە بە تەنیا بڕواتە نەخۆشخانە، عەیبەیە بە تەنیا بڕواتە بازاڕ، بەڵام برا چڵمنەكەی سێ دانە ژنی تەڵاق داوەو رۆژانە لەبەر دەنگی تەقەی پولی دۆمینەكانی بازاڕ هەراسان بووە.
كە ژنێك بوو بە بێوەژن ئەگەر سەردانی قەیسەریەكەی بازاڕی كرد بە قودرەتی قادر هەرچی پیاوی دوكانداری بازاڕەكە هەیە وەك ئەوەی گەڕی تێی دابن ئەكەونە گەڵوگون خوراندن، یەكێك هاوار ئەكا ئەرە خاڵە حەمە بانگی عەسری نەفەرموو، یەكێك هاوار ئەكا لێی بڕاوە قەدری باش ئەزانێ!.ئیتر بە خەیاڵی بۆگەنی ئەوان ئەو ژنە سوێێ بۆتەوە بۆ بۆگەنی بن باڵو ناوگەڵی ترشاوی ئەوان!
كە ژنێك بوو بە بێوەژن سەرسەرییەكی شەلاتی كە ناوی خۆی ناوە هونەرمەندی گۆرانی بێژ گۆرانیەكی بۆ كلیپ ئەكاو هاوار ئەكا ( بێوەژنە.. دەستی دووە!!)... شەلاتیەكی تریش سیدیەكەی ئەخاتە سەر ئاخیر دەنگ و لە گەڵیدا تەزبیح بائەدا.
كە ژنێك بوو بە بێوەژن ئیتر ئەبێت بە كزۆڵیەوە چاوەڕێی كەرەمی پیاوێك بكات كە بێتە داوای لە باشترین حاڵەتیشدا پیاوێكی سەرو سمێڵ بۆیاخكراوی ژندار دێت كە باوكی ژنە بێ یەكودوو بە مەمنونیەوە ڕازی ئەبێت.
كە ژنێك بوو بە بێوەژن ئەگەر جلێكی جوانی لەبەركرد ئەگەر دەستێكی هێنا بەخۆیا ئیتر بەر لە هەموو كەس دراوسێكانی پێی ئەڵێن ئەوە بە دوای شوودا ئەگەڕێ.
ژنێك تەنها لەبەر ئەوەی نەبێتە بێوەژن ئەبێت بەرگەی ئیهانەو لێدان و خیانەت و جنێوی پیسی مێردێكی سەخیف بگرێت، ژنێك تەنها لەبەر ئەوەی نەبێتە بێوەژن ئەبێت هەموو ژیانی لە زیندانێكا بەڕێ بكات، ژنێك ئەوە ئەزانێ كە ئەگەر بوو بە بێوەژن ئیتر ئەبێتە ئینسانی دەستی دوو، پیاوێكی خوێڕی پێێ ئەڵێت قیمەتی نیە چونكە سەرمۆر نیە!!.. 
میلەتێك ئەگەر ئا.. ئەمە تێڕوانینی بێت بۆ ژنێك ئەگەر دە ئەوەندەی تریش دەرچووی زانكۆو نوێژكەرو سیكۆلارو تەرەماشی هەبێت هەر گەمژەترین میلەتی سەر زەوییە!

‌ 547 جار بینراوه‌
6/23/2018 12:18:28 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved