»  وەرزش
پەیوەند سلێمان: دەمەوێت لە رێگای (تۆپی پێ)وە خزمەت بەوڵاتەكەم بكەم




پەیوەند سلێمان محەمەد، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی  تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی بروسك، لەم چاوپێكەوتنەی (هەواڵ)ـدا، باس لە ژیانی وەرزشی خۆی دەكات و هاوكات دەشڵێت:” دەمەوێت لە رێگای وەرزشەوە خزمەت بە وڵاتەكەم بكەم”.

*سەرەتای دەستپێكردنت بە یاری تۆپی پێ دەگەڕێتەوە بۆ كەی و لە كوێوە بوو؟
- سەرەتای دەستپێكردنم بە یاری تۆپی پێ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (2009-2010)، ئەویش لە تیپی تازەپێگەیشتوانی یانەی هەولێر بوو، كە ئەوكات تەمەنم چواردە ساڵ بوو، دواتریش لە ساڵی 2016 وەرزێك یاریم بۆ یانەی پیشەسازی كردو  ئێستاش لە ریزی یانەی بروسك یاریی دەكەم.
* هۆكاری  جێهێشتنی یانەی هەولێر چی بوو، لە كاتێكدا لەو یانەیەوە دەستت بە تۆپی پێ كرد؟
- تا ساڵی 2018 لە یانەی هەولێر بووم، دواتر بە هۆی خراپی باری دارایی كشانەوەی لە هەولێر لە خولی نایابی عێراق و گەڕانەوەی یاریزانانی خولی عێراقی بۆ خولی كوردستان، وایكرد دەرفەتی یاریكردنم بۆ نەڕەخسێ، هەروەها بە هۆی خۆشەویستیم بۆ یانەی بروسك و مامی خۆشەویستم شەهید(سیروانە ڕەش) كە كاپتنی پێشووی ئەو یانەیە بوو، روومكردە بروسك و ئەمساڵیش توانیم ئەنجامی باشم لەگەڵ یانەكە هەبێت.
* كێ پاڵپشت و هاندەرت بوو لە وەرزش؟
- باوكم و فەرمان محەمەدی مامم، بەردەوام پاڵپشتم بوون، چونكە هەردووكیان وەرزشكارن، ئەوەش وایكرد بەردەوام بم لە وەرزشكردن.
* خەونەكانت لە تۆپی پێدا چین؟
- خەونم ئەوەیە لە رێگای تۆپی پێوە خزمەت بە شارو وڵاتەكەم بكەم، هەروەها ئارەزووی یاریكردنیشم لە خولی نایابی عێراق هەیە، هەموو هەوڵێكیش بۆ هێنانەدی خەون و ئارەزووەكانم دەدەم.
* دەستكەوتە وەرزشییەكانت تائێستا چی بوونە؟
- دووجار لەگەڵ تازەپێگەیشتوانی هەولێر بووینە پاڵەوانی كوردستان و جارێكی تریش پلەی دووەممان بەدەستهێناوە، لە لاوانیش لەگەڵ هەمان یانە پلەی دووەمی كوردستانمان هێناوە.
* ئاستی تۆپی پێ لە كوردستان چۆن دەبینی؟
- بەهۆی تێكچوونی دۆخی سیاسی و خراپی باری داراییەوە، ئاستەنگی زۆری بۆ وەرزش بە گشتی و تۆپی پێ بەتایبەتی دروستكردووە، ئاستی خولەكانیش بەراورد بە ساڵانی رابردوو سست بوونە.
* حەزناكەی رۆژێك لە رۆژان یاریی بۆ یانەیەكی كەركوك بكەیت؟
- بەڵێ وەك كەركوكییەك زۆر حەزدەكەم یاری بۆ یانەیەكی كەركوك بكەم ئەوە بۆمن جێگای شانازییە، بەڵام ئەوەش دەوەستێتە سەر ئەوەی كاتێك یانەیەك داوات لێ بكات و هەردوولا بگەنە رێككەوتن.
* دوا وتەت:
- سوپاس بۆ رۆژنامەی (هەواڵ)، هەروەها هیواداریشم ئاستی وەرزشی كوردستان رۆژ لە دوای رۆژ پێش بكەوێت لەسەرجەم یارییە وەرزشییەكاندا.  

‌ 962 جار بینراوه‌
6/23/2018 12:24:31 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved