»  راپۆرت
بچوكترین ئەمیری داعش نهێنی گرنگ سەبارەت بە رێكخراوەكە ئاشكرا دەكات
ئا / هەواڵ




لە ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتدا دەزگای هەواڵگری عێراقی أبی عبد الحق بچوكترین ئەمیری داعش دەستگیر دەكات.

عیسام ئەلزەوبەعی تەمەن 26 ساڵ كە نازناوەكەی لە ناو داعش (ئەبی عەبدلحەق)ە، لە ساڵی 2007 لە تەمەنی خوار 15 ساڵیەوە پەیوەندی بە رێكخراوی ئەلقاعیدە دایكی شەرعی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام كردووە، بە رەچەڵە خەڵكی فەلوجەی رۆژئاوای عێراقە و بەر لە تەواوكردنی خوێندنی ناوەندی چۆتە ریزی گروپە تیرۆریستیەكانەوە. 
ئاژانسی عەین ئەلعێراق نیوز؛ لە راپۆرتێكیدا دەڵێت عیسام كەسێك یان سەربازێكی ئاسایی ناو داعش نییە، بەڵكو بە پێی راپۆرتەكانی هەواڵگری و دۆسیەی دادگا وێرای بچووكی تەمەنی یەكێكە لە دیارترین سەركردە سەربازییەكانی داعش، كە پێشتر لە ساڵی 2009 تا 2014 ساڵی بەهێزبوونی داعش و داگیركردنی سێیەكی خاكی عێراق لە لایەن رێكخراوەكەوە لە زیندان بووەو لە ساڵەدا ئازاد دەكرێت و پەیوەندی بە داعشەوە دەكات و راستەخۆ دەبێتە یەكێك لەسەركردەكانی ئەو گروپە و بە دیاریكراوی والی سەربازی قەزای راوە لە رۆژئاوای عێراق، ئەوەش وایكردوە دەزگا ئەمنییەكان لێكۆڵینەوە لە چوار ساڵی زیندانییەكەی بكەن كە پێیدەچێت كارئاسانی بۆ كرابێت بۆ پەیوەندیكردن لەگەڵ گرۆپە تیرۆریستییەكان.
ئەبو عەدولحەق كە هەموو لەشی شوێنی زامی كۆنە ئەو نهێنییە ئاشكرا دەكات و بۆ لێكۆڵەرەكان دەڵێت " سوودی زۆرم لەو خولانە بینی كە داعش لە زیندانەكان بۆی دەكردینەوە"، وتیشی زیندان خوێندنگەیەك بوو بۆ ئەوەی زمانی عەرەبی رەوان و پرسی تەشریع و مێژووی ئیسلام فێر بێت. 
عیسام دەڵێت لە زیندان پەیوەندی بەردەوام بووە لەگەڵ داعش و لەگەڵ دەرچوونیدا رێكخراوەكە گەیاندوویەتی بە قەزای حەویجە و دواتر لەوێوە بۆ ئەنبار، ئەوەش ئاشكرا دەكات كە زیندان و لەو دەرچوونەشدا ئەنەسی ئەلفوراتی لەگەڵ بووە كە بە والی فورات ناسراوەو سەرەتا عیسامی لای خۆی داناوە لە كارێكی ئیداری و لۆجستی، بەڵام دواتر پێیڕاگەیاندووە ئەو شارەزایی و بەهرەی تەواوی لە جەنگ هەیە، ئەبو ئەنەسیش ئەو چانسەی پێداوە ببێتە ئەمیر، كە دواتر گروپەكەی بەوە ناسرا زۆرترین كوژراوی لە ریزەكانی هێزە ئەمنییەكان بە تیابەت لە بازگەو و بنكە سەربازییەكان گەیاند، تایبەتمەندیش بوون لە پێشگرتن لە پێڕەوی هیزە عێراقییەكان.
عیسام وەكو سەركردەیەكی پیرۆز تەماشای ئەبوو ئەنەسی دەكرد، بەڵام دواجار بەهۆی ژن و دەسەڵاتەوە كێشە دەكەوێتە نێوانیان و چەندین جار ویستوویەتی بچێتە شوێنەكەی، بەڵام ئەبو ئەنەس لای بەغدادی پێگەیەكی تایبەتی هەبوو، بۆیە عیسام پەنا دەباتە بەر هەوڵی كوشتنی، بەڵام دواجار لەو پلانە پەشیمان دەبێتەوەو پەنا دەبات بۆ دزە پێكردنی جوڵەكانی ئەبو ئەنەس بۆ هیزە عێراقییەكان تا بكەوێتە بۆسەیانەوە، بەڵام ئەو پلانەش سوودی نابێت.
لە دوای كەوتنی خەلافەتی داعش و پەرتەوازبوونی چەكدارەكانی، لە گوندێكدا هێزێكی سەر بە دەزگای هەواڵگری عێراقی زانیاری پێدەگات كە ئەمیرێكی ترسناكی داعش لە گوندێكی نزیك رومادیدایە و لە ئاكامی ئۆپەراسیۆنێكی هەڵكوتانە سەردا عیسام دەكەوێتە دەستی ئەو هێزەوە.

‌ 130 جار بینراوه‌
6/29/2018 11:19:26 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved