»  راپۆرت
پێشمەرگە ئامادەیەو كەركوك لە هەموو هەڕەشەیەك دەپارێزێت
ئا / هەواڵ




ئاڵۆزی دۆخی ئەمنی باشوری كەركوك نیگەرانی لێدەكەوێتەوە پەلاماردان و كوشتن و رفاندنی خەڵك لە لایەن داعشەوە بۆتە مایەی مەترسی بۆ چۆڵكردنی گوندە كوردنشینەكان، سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگاش ئاشكرای دەكات: ئەو گوندانە كە بە هەزاران ماڵی كوردی كاكەیی لێیە وا چۆڵدەكرێن لێپرسراوێكی یەكێتیش دەڵێت ئاگاداری هەموو دەزگا ئەمنییەكانی عێراقمان كردۆتەوەو بەردەوامیش لەسەر خەتیش دەبین بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە، پۆلیسی كەركوكیش دەڵێت ناوچەكە پێویستی بە ئۆپراسیۆنێكی بەهێز هەیە، فەرماندەیەكی پێشمەرگەش دەڵێت: تائێستا بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە هیچ بابەتێكی فەرمی نییە. 
    
عێراق توانای پڕكردنەوەی سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی نییەو پێشمەرگەش لەئامادەباشیدایە
رەوەند مەلا مەحمود، جێگری یەكەمی لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی (ی.ن.ك) لە كەركوك بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:" ئێمە وەك یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئاگاداری هەموو دەزگا ئەمنییەكانی عێراقمان  كردۆتەوەو بەردەوامیش لەسەر خەتیش دەبین بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە"، وتیشی:" ئەو رووداوانەش  بەكارێكی خراپ دەزانین و  قبوڵیشی ناكەین و داواش دەكەین چارەسەری ئەو كێشەیە بكرێت".
رەوەند مەلا مەحمود، وتیشی:" ئەم حكومەتەی ئێستای بەغدا توانای كۆنترۆڵكردنی ناوچەكانی نییە، لە ئێستادا عێراق توانای پڕكردنەوەی سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی نییە، مەسەلەی نەتەوایەتی و نیشتیمان و خاك لەو سنورەش تەواو زەقبۆتەوە".
بە وتەی ئەو بەرپرسە، پێشتریش لەگەڵ عێراقدا لەسەر دۆخی ئەمنی ناوچەكە، لەسەر خەت بوونەو كۆمەڵێك هەوڵ بۆ چارەسەركردن هەیە.
جێگری لێپرسراوی مەڵبەند هاتنەوەی هێزی پێشمەرگەو پێكهێنانی هێزی هاوبەش بە باشترین چارەسەر بۆ ناوچەكە دەزانێن و دەڵێت:"دەبێ رێگە بدرێت هێزی پێشمەرگە بێت ئەم سنورانە بپارێزێت، لەگەڵ دروستكردنی هێزێكی هاوبەش لە پۆلیسی عێراق و پێشمەرگە، بۆ ئەوەی هەموویان پێكەوە دۆخی ئەمنی ناوچەكە رابگرن، هەروەها پێویستە پشتگیری لە خەڵكی ناوچە بكەن و بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆیان بكەن، ئەگەر عێراق نەتوانێ بەرگرییان لێ بكات دەبێ بیر لەچارەسەرێكی تر بكاتەوە".
مەترسی بۆسەر كەركوكیش بە دوور دەزانێ و دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان و  وتی:" هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە كەركوكەوە نزیكە، كەركوكیش هەروا ئاسان نییە، لەحاڵەتی روودانی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو ، هێزی پێشمەرگە ئامادەیەو كەركوكیشی پێ دەپارێزرێت لە هەر هەڕەشەیەك". 

پۆلیسی كەركوك: ناوچەكە پێویستی بە ئۆپراسیۆنێكی زۆر بەهێز هەیە
عەقید ئەفراسیاو كامیل وتەبێژی پۆلیسی كەركوك بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:: "ئەگەرچی ئێمە بنكەی پۆلیسی داقوقمان هەیە كە سەر بە بەشی پۆلیسی قەزاو ناحییەكانە، بەڵام سەرپەرشتی مەلەفی ئەمنی لە دەستی ئێمەدا نییە وەكو بەڕێوبەرایەتی گشتی پۆلیسی كەركوك و پۆلیسی فیدڕاڵی لەو ناوچانە خاوەنی بڕیارن و ئێمە لەگەڵ ئەواندا ئەرك و فەرمانەكان جێبەجێ دەكەین".
وتەبێژی پۆلیسی كەركوك لەسەر ئاگاداركردنەوەی لایەنی بەرپرس لە پاراستنی خەڵكی باشور و باشوری رۆژئاوای كەركوك بە تایبەت گوندە كوردنشینەكان وتی: "ئێمە بەردەوام لە كۆبوونەوە ئەمنییە گشتی و تایبەتەكانی پۆلیس و هێزە عێراقیەكان باسمان لە پاراستنی گشتی كەركوك كردووەو بە لایەنی پۆلیسی فیدڕاڵی وتراوە كە ئەو ناوچانە دەپارێزن و ئاگاداری جموجۆڵی نامۆو چەكداری بن چ جا تیرۆرستان بێت یان باندو گروپی چەكداری لەیاسا دەرچوو یان هەر كێشەیەكی نەتەوەیی و عەشایەری".
دەربارەی چارەسەری دۆخی ئەمنی ئەو سنورانەش، وتەبێژەكەی پۆلیس  وتی: "دۆخی ئەمنی ئەو ناوچانە بە ئۆپراسیۆنێكی زۆر بەهێز چارەسەر دەكرێت، ئەویش  بەهێزێكی تەواو كەلە ئۆپراسیۆنەكان بەشداربن، چونكە ئەو ناوچانە زۆر بەرفراوانن و ئەم هێزانەی ئێستا وەكو پێویست نین بۆ پاراستنی ئەو سنورانە، پێشتر ئەو ناوچانە كە هێزەكانی پێشمەرگەی لێبوو ژمارەیەكی زۆر لیوای لێبوو ئەوجا توانرابوو ئەو ناوچانە بە باشی  بپارێزن".
وتیشی: "پاراستنی ئەو ناوچانە بەهێزێكی هاوبەش دەكرێت و بیری لێكراوەتەوە، بەڵام ئەوە لای ئێمە نییەو كارێكی سیاسییە، تا ئێستاش لەگەڵ ئێمە وەكو لایەنێكی ئەمنی پرسوڕا نەكراوە".

ئەو گوندانە كە بە هەزاران ماڵی كوردی كاكەیی لێیە وا چۆڵدەكرێن 
ئازاد جەباری سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ (هەواڵ) ریگەیاند: "ئێمە كۆبونەوەمان لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان كردووەو نوێنەریان چوونەتە ئەو سنورانەو لە دۆخەكەیان كۆڵیوەتەوە، هەروەها لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنیش بەردەوام دانیشتوین و باسمان لەوە كردووە لەو ناوچانەی خوارووی كەركوك بۆشاییەكی ئەمنی هەیەو خەڵك دەكوژرێ و دەڕفێنرێ و دزی لێ دەكرێ، هەروەها كاكەییەكان كەس نایانپارێزێ و ئەو ناوچانە چۆڵن".
ئازاد جەباری باسی لەوەشكرد: "ئەو گوندانە كە بە هەزاران ماڵی كوردی كاكەیی لێیە وا چۆڵدەكرێن و ژن و مناڵی لێ نییەو تەنها پیاو و گەنجەكان ماون و ئەوانیش وا بەردەوام لێیان دەكوژرێ و سەنگەرەكانی پێشوی پێشمەرگە چۆڵن پڕنەكراونەتەوە و لەهەندێ جێگە تەنانەت كارەباكەشی كاردەكات و وەك خۆی ماوە".
سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك وتیشی: "ئەو زنجیرە ناوچە كوردیەی كەوا كاكەیی و داودەو تاڵەبانی لێیە دەیانەوێ چۆڵبكرێت لەلایەن شۆڤێنیەكانەوە و لەبری ئەوەش خەڵك بێنن بۆ ئەوێ و شوێنی كوردی بە گشتی پێبگرنەوە، ئەو بابەتە هێندە هەستیارە پەیوەندی بە هەموو كوردەوە هەیەو كوردیش ئەوەندە كێشەی زۆری لە خۆی ئاڵكاندووە بە فریای هیچ ناكەوێ".
دەربارەی هاتنەوەی هێزی پێشمەرگەش ئازاد جەباری وتی: "ئێمە داوامان كردووە هێزی هاوبەش هەبێت و پێشمەرگە و ئاسایش بێتەوە، بەڵام شۆڤێنییەكان ناهێڵن و بێنەوە ".
بۆ چارەسەریش جەباری پێیوابوو، دەبێت هەردوو حزبی كوردی سەرەكی و هەموو لایەنەكان بێنە سەرخەت و فشار دروستكرێت لەلایەن ئەمریكاو ئێرانەوەو خۆپیشاندانێكی گەورەش لەلایەن خەڵكەوە بكرێت، ئەوەتا پێكهاتە هەیە بەقەدەر گەڕەكی رەحیماوا نابن بۆچی بتوانن بیست و پێنج هەزار كەس ببەنە سەر شەقام بۆ ئێمە نەتوانین سێ سەد هەزار كەس بڕژێننە سەر شەقام و شەقامەكان بگرین و ژیان لەكەركوك راگرین تا بە حەقی خۆمان دەگەین".

تا ئێستا هیچ بڕیارێكی فەرمی نییە
سەبارەت بە پرسەكە لیوا هیوا عەبدوڵا، فەرماندە لە هێزەكانی پێشمەرگە بۆ (هەواڵ) رایگەیاند: "تا ئێستا بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك و دەوروبەری هیچ بابەتێكی فەرمی نییە، چونكە ئەبێت ئەو كارە لەنێوان وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێ بكرێت و هەماهەنگی تەواو هەبێت".
سەبارەت بە ئامادەباشی پێشمەرگە بۆ هەر حاڵەتێكی نەخوازراو ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە وتی: "ئێمە بەدەر نین لە سیستمی بەرگری  عێراق ، بەڵام كاری پێناكرێ و ئەو كەسانەی هاتونەتە سەر حوكم لەعێراق و لە هەرێم نەیانتوانیوە دۆخێكی هەماهەنگ و بۆ وڵاتەكە دروستبكەن، ئەگەرنا بەپێی دەستور ناوچە جێناكۆكەكان دەبێت لە رێی هێزی ئەمنی هاوبەش و ئیدارەی هاوبەشەوە بەردەوامی پێبدرێت و هەردوولا بە باشی دەستور جێبەجێ بكەن، پێموایە هێزەكانی پێشمەرگەو هێزە عێراقیەكان دەتوانین بە باشی ئەمنیەتی ئەو ناوچانە بپارێزین، بەڵام ئەگەر دۆخەكەش بگاتە ئەوەی ئەو ناوچانە هەروا پشتگوێ بخرێت و داعش و چەكدار بە ئارەزوی خۆیان بتوانن خەڵكی تیا بكوژن و بڕفێنن بە تایبەت كوردەكان بە تەئكید ئەوكاتەش ئێمە وەك هێزی پێشمەرگە دەستەوەستان نابین و دەستبەرداری ئەو ناوچە كوردستانیانەی دەرەوەی هەرێم نابین".
لیوا هیوا عەبدوڵا  وتیشی: "پێشتر ئەو ناوچانە بە لەلایەن هێزەكانی ئێمە دەپارێزراو سنورێكی بەرفراوان لە نێوان ئێمەو داعش هەبوو، نەیاندەتوانی بە ئارەزوی خۆیان تەراتێن بكەن، بەڵام لەدوای ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەر روویداوە بە ناوی سەپاندنی یاساوە ئەو ناوچانە بە هی پێشمەرگەو داعشیشەوە بە حساب بە دەستی هێزە عێراقیەكانەوەن، بەڵام دەبینی رووداوەكان و چالاكیەكانی داعش بە ئاشكرا زۆرترن و لە ناوچەكانی ریاز و حەویجەو داقوق هێزە عێراقیەكان تەنها بەرۆژ بوونیان هەیە ".

‌ 399 جار بینراوه‌
6/29/2018 11:20:07 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved