»  وتاری هەفتە
تێگەیشتنی هەڵە بۆ چەمكی پێكەوەژیان لە كەركوك
بورهان حاجی سلێمان



ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و رووداوەكانی ماوەی  رابردوو سەلماندی كە كورد لە شاری كەركوك جگە لە پشتبەستن بە هێزی جەماوەری خۆی، هیچ دۆست و هاوپەیمانێكی دیكەی نییەو گەلەكۆمەیەكی نەتەوەیی رەگەزپەرستانەش لە دژی بەڕێوەدەچێت، ئەمە راستییەكەو ئەوەی نكۆڵی لێبكات، یان لە وەهمدا دەژیت و یان دەیەوێت لەژێر سایەی چەمكی پێكەوەژیاندا لە ئەركە نەتەوایەتیەكەی هەڵبێت و یان ئەوەتا لە بێ چارەییدا خۆی بە دەقێكەوە هەڵدەواسێت كە زیاتر بۆ دۆخ و سەردەمێكی تایبەت دانراوە نەك وەك بنەمایەكی نەگۆڕ .
یەكێك لە كێشەكانی مرۆڤ مامەڵەی دۆگماییانەی چەقبەستووە لەگەڵ ئەو دەقانەی پیرۆزە لای بەجۆرێك هیچ بوارێك بۆ ئیجتیهادو داهێنانی عەقڵی مرۆڤەكان پێشكەوتنی مرۆڤایەتی ناهێڵێتەوە ئەوەش پەیوەندی بە قودسیەتی خاوەن ئایدیاكانەوە هەیە لای موریدو پەیڕەوكارانی، بەر لە زیاتر لە 1400 ساڵ پێغەمەبەری ئیسلام (د . خ) بەپێی بارودۆخ و هێزو هاوكێشە سەربازییەكان مامەڵەی لەگەڵ چەمكی پێكەوەژیان كردووە، لە سەرەتادا بە كافرەكان دەڵێت (لكم دینكم ولی دینی) واتا ئایینی خۆتان بۆ خۆتان و ئایینی خۆم بۆخۆم، بەڵام كە هاوكێشەكە دەگۆڕێت دەڵێت (ان الدین عند الله الاسلام) واتا ئایین لای خوا موسڵمانێتییە، لەبەر ئاستی نزمی تێگەیشتنی كۆمەڵگەش لە سیاسەت و هاوكێشەكانی، هێز ئەمجۆرە ناتەباییانە لە دەقەكاندا لەسەر بنەمانی ناسخ و منسوخ چارەسەر دەكات.
ئێستا خەریكە كورد لە كەركوك بەتایبەتی یەكێتییەكان تووشی حاڵەتی مامەڵەی دۆگمایی لەگەڵ چەمكی پێكەوەژیان بكەن كە شادڕەوان مام جەلال بۆ سەردەمی باڵادەستی كورد لە كەركوك پەیڕەوی دەكرد، كە وەكو برا گەورەیەك دەبوو نازی برا بچووكەكانی دیكەی شارەكە هەڵبگرێت، ئەوەش تا رادەیەكی باش مەبەستی خۆی پێكا، بەڵام هیچ گومانم لەوە نییە، كە ئەگەر خوالێخۆشبوو مام جەلال دۆخی كوردی لە شاری كەركوك لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 و گۆڕٍانە سیاسی و ئیداری و هاوسەكێشەكانی هێزی سەربازی و ئەمنی ببینیایە، پێناسەیەكی دیكەی دەكردە بەر چەمكی پێكەوەژیان و مەرجەكانی و هەر زوو دەگەڕایەوە بۆ هێزی لەبن نەهاتووی جەماوەری راستەقینەی كورد لە شارەكە، كە لە هەڵبژاردنەكای 12 ئایاری رابردوودا سەلماندیان جگە لە هێزی جەماوەری و پشتبەستن بە ئیرادەی گەلی كورد، هیچ رێگە چارەی دیكەمان نییە بۆ روبەڕوبوونەوەی فاشیزم و تۆرانیزم لە كەركوك.
ئەگەر یەكێتی دەیەوێت پەرە بە بیری جەلالیزم بدات لە كەركوك ئەوە دەبێت بوار بۆ ئیجتهاداتی عەقڵ و گۆڕانكاری سەردەمیانەو گونجاو بۆ دۆخی ئێستای كەركوك بدات و كار لەسەر ئاشتكردنەوەی تەواوی تاكەكانی كورد لە كەركوك و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی بكات بەر لە پەلهاویشتن بۆ ناو پێكهاتەكانی دیكە، مەرجیش نییە بەرز بفڕین تاكو زۆر دوور نەنیشینەوەو وەكو كابرای لە قەلان و لە كۆتران بێبەشبوو نەبین.     
‌ 729 جار بینراوه‌
6/29/2018 11:21:49 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved