»  پەڕەموچ
سەعاتێك پێش ماڵئاوایی
ئومێد مەحمود



(پێكەشە بە شەهید پاڵە*)، هاوڕێی هەمیشە لەدڵدا زیندووم)
ئەو شەوانەی وردە ئەستێرەمان كۆدەكردەوەو
دەمانكردنە كۆشی دوو وردیلە، تا درەنگانێكی شەو گەمەیان پێدەكرد..
قۆشمەمان دەكرد، بە رووی مانگ دا پێدەكەنین..
مانگیش .. تاوێ‌ لە ئامێزی دەگرتین و تاوێكی تریش چاوشاركێی لە تەكدا دەكرین..
تاماندوو دەبووین .. هەر بەدەم بزەو پێكەنینەوە، خودای خەو پێڵوەكانی دادەخستین.
******
سكاڵا لە ئازارەكانم ناكەم ... من لەگەڵ ئازارو ژان و بریندا،
پێكەوە شیری مەمكی یەك دایكمان خورادوەتەوە..
خەم و ئازارو برین.. دایكم هەمو بەیانییەك، دەیكردن بە بالولەو،
لە توێی نانێكی گەرم،
لە سەرفەرتاسێكدا... كە دەچووم بۆ(ئەحمەد ئاغا)** بە پریاسكێكەوە بۆی دەپێچام.
ئێوارانش كە بلۆك و چیمەنتۆ گیانیان لە نێو لەپەكانمدا تەواو دەبو،
سەفەرتاسەكەم پڕدەكرد لە نۆتەی سروودەكانی شاخ، بۆ مناڵە هەژارەكانی شار.

***************
ئەوسا..
رۆحم تەژی بو لە نێرگزەجاڕ ، لە سپێدە..
ئەسپی سپی یاڵ شۆڕی سەركێشییەكانم خۆشبەز، غارەیان دەكرد،
وەلێ‌ .. ئەمسێستا بێ‌ تۆ ... چەندە گوناه و بەستەزمانم،
چەندە كڵۆڵ و بێدەرەتانم، 
هەر لە پاسارییەكی بێهێلانەو بێ‌ دایك دەچم.
ئای، ئێستا.. 
چەندە حەزم لە گریانە.. چەندە گەرووم تاڵەو زریانی ناخم توڕەیەو دەناڵێ‌ و دەنركێنێ‌..
ئای، چەندم لەلا شەرمە فرمێسك لە چاوانماندا بێنە خوارێ‌،
چەندان ئەوەندەش بۆ گریان دەگریم.
*
شاگوڵ ..
پاش ماڵئاواییت .. ئیتر ئەستێرەكان نابریسكێنەوە..
مانگ خەرمانە ناكا... چۆلەكەكانی سەر دار زەیتونەكەمان ناجریوێنن..
گوڵەكانی باخچەكەمان بۆنیان لێنایە .. ئیتر شنەبای بەیان هەڵناكا .. رۆحم هەرگیز ناحەسێتەوە..
**
ئێستا ....
دەرگاكان واز كەن .. پەنجەرەكان واڵا .. دوای چەند چركەیەكی دیكە دەگەڵ نەورەسەكان بۆ..
هەوار دەچینەوە.
وا دوو هەناری روومەت ئاڵ چاوەڕێن بگەڕێینەوە..
دەستلەملانێی شەماڵ، دەچینەوە مەنزڵگە..
**
دوا گلەییم ئازیزان ..
ئێمە چۆڕێ‌ سۆزمان ویست تا لەسەر باڵی پەڕەسێلكەیەكدا بینێرن .. كەچی بەغیلیتان كرد، دۆستان بەغیلیی..

**********************
* پاڵە شەهیدێكی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەو هاوڕێی شاعیرە 
** بازاڕو گەڕەكێكی ناوەڕاستی شاری كەركوكەو مەیدانی كرێكارانی لێیە 

‌ 345 جار بینراوه‌
6/29/2018 11:52:09 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved