»  شۆک
پێغەمبەرێك هەموو پێكهاتەكانی كەركوك كۆدەكاتەوە
عەلی ئاراس - مەكتوب – هەواڵ



رۆژانی شەممە دەرگای مزگەوت و مەزارگەكەی لەسەر قەڵای كەركوك دەكرێتەوەو بە ماوەیەكی كەم دەیان كەس دەچنە سەر گۆڕەكەی تا لە خودا بپاڕێنەوە و نزا بكەن.. ئەوێش گۆڕ و مەزاری دانیاڵی پێغەمبەرە.

هەموو ئەوانەی رۆژانی شەممە بۆ نزا دەچنە سەر گۆڕی پێغەمبەر دانیاڵ، گرنگ نییە هەڵگری چ بیروباوەڕێكی ئاینیی یان سەر بە چ نەتەوەیەكن مەسیحی بن یان موسڵمان، كوردبن یا توركمان، گرنگ ئەوەیە هەمووان باوەڕیان بەوە هەیە كە لەم شوێنەدا زووتر مەرام و دەنگیان بە خودا دەگات
مەزارگەو مزگەوتی دانیاڵی پێغەمبەر كەوتووەتە سەر قەڵای كەركوك و لەناو حەوشە و بیناكەدا گۆڕی چوار كەسی دیكە هەن كە ئەوانیش وەكو پێغەمبەر ناویان هاتووە.
ئامینەتۆفیق تەمەن 45 ساڵان لەسەر مەزارگەی نەبی دانیاڵ تەسبیحەكەی بە دەستەوە گرتووە و لەژێر لێوەوە خەریكی ویرد خوێندنەوە. ئەم ژنە كورد و سوننی مەزهەبە و فەرمانبەرە لە یەكێك لە فەرمانگەكانی كەركوك، سەبارەت بە مەبەستی سەردانەكەی بۆ ئەم مەزارە وتی: " زیاتر لە 10 ساڵە رۆژانی شەممە سەردانی ئەم مەزارگەیە دەكەم، لێرە لە خودا دەپاڕێمەوە كە یارمەتیم بدات تاخەون و ئامانجەكانم بەدی بێن. چ شوێنەكە چ كەسایەتییەكە كە نەبی دانیاڵە و نێردراوی خوایە بەلای منەوە پیرۆزن."
ئامینە وتیشی: تەلار و باڵەخانەكەی ئەم مەزارگەیە شوێنكێكی مێژووییە، بۆیە سەردانیكردنی دەبێتە هۆی پێدانی هەستێكی ئارام بە دڵ و دەروونمان. هەر لێرەش كەسانێك دەبینین كە سەر بە نەتەوەوە دینی جیاوازن و پێكەوە نزا دەكەین.
ژیان و مانەوەی نەبی دانیاڵ لە كەركوك، هەروەكو مێژووناسان دەیڵێن، مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ، تا سەرەتای شەستەكانی سەدەی رابردوو، لە وڵاتانی وەكو ئەمریكا، توركیا، ئێران و چەند وڵاتێكی تر بە موسڵمان و ناموسڵمانەوە، خەڵك سەردانی مەزارگەكەیان كردووە بۆ نزا و پاڕانەوە.
شێخ فاروق سەرپەرشتیاری كاروبارەكانی ئەم مەزارگایە دەكات، بۆ خۆی دەڵێ بنەماڵەی ئەوان بە رەچەڵەك دەچنەوە سەر دانیاڵی پێغەمبەر  و دەیان ساڵە سەرپەرشتیكردن و بەڕێوەبردنی مەزارگەكەیان لە ئەستۆدایە وتی:" تائێستاش خەڵكانێكی زۆر سەردانی مەزارەكە دەكەن. تەوافكەران بریتین لە هەموو نەتەوە ئاینەكان بێ جیاوازیی. ئەمە نیشانی دەدا جیاوازییە دینییەكان نەیتوانیوە بیروباوەڕی خەڵك سارد بكاتەوە لەسەر پیرۆزیی نەبی دانیاڵ"
سەردانی گۆڕو مەزارگە و (نەبی دانیاڵ) كەركوك لە كاتێكدایە كە گۆڕی ئەم پێغەمبەرە لە هەریەكە لە وڵاتانی ئێران، میسر و ئۆزبەكستانیشدا هەن!

سەبارەت بە شوێنی ناشتن و مردنی گێڕانەوەی جیاواز هەن
سەبارەت بەم فرە گۆڕی و جیاوازییانەی لەسەر نەبی دانیاڵ هەیە، ئیبتیهال عادل مامۆستای مێژوو لە زانكۆی كەركوك بۆ رۆژنامەی هەواڵ و ماڵپەڕی مەكتوب وتی:" مێژووی ئەم مەزارگانە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر. سەرچاوە مێژووییەكانی وڵاتی رافیدەین ومیسر، باسی چەند پێغەمبەرێكیان قرتاندووەیەكێك لەوانە دانیاڵ پێغەمبەرە. هۆكاری باسنەكردنی لە سەرچاوەكاندا، بە شێوەیەكی راستەوخۆ دەگەرێتەوە بۆ بوونی ئەم پێغەمبەرانە بۆ رەوتی یەكتاپەرستی. هەرچەندە بە شێوەی ناراستەخۆ بەچەند ئاماژەیەك باسكراون و بوونیان دەسەلمێنێرێ"، هەروەها روونی دەكاتەوە زۆربەی ئەو پێغەمبەرانە، لە كات و سەردەمی خۆیاندا توشی دەركردن و ئاوارەیی هاتوون و ناچاربوون سەفەر بكەن بۆ شوێنەكانی تر، ئەمەش هۆكارە بۆ بوونی گۆڕ و مەزارگەیان لە شوێن و ناوچەی جیاواز.
بەگوێرەی تۆماری مەزارگەی نەبی دانیاڵ لە فەرمانگەی شوێنەوارای كەركوك، ئەم مەزارگەیە لە سەردەمی هاتنی لەشكری موسڵمانان بۆ عێراق و كوردستان، لەلایەن خەلیفە عومەری كوڕی خەتابەوە بنیاتنراوە.
ئەیاد تارق بەڕێوبەری شوێنەواری كەركوك سەبارەت لەمبارەیەوە بۆ رۆژنامەی هەواڵ و ماڵپەڕی مەكتوب وتی:" لەناو ئەم مەزارگەیەدا گۆڕی چوار پێغەمبەر هەن لەوانە (دانیاڵ و حونەین و عوزێر و میكاییل) بەڵام گۆڕی پێغەمبەر میكاییل بە تەواوی دیاری نەكراوە لەناو مەزارگەكەدا. مزگەوتی نەبی دانیاڵیش ساڵی 1997 لەسەر ئاسەواری كەنیسەیەك بنیات نراوە. رووبەری مزگەوتە 400 مەتر دوجایە و مێژووی منارەكەشی زۆر كۆنترە لە خودی مزگەوتەكە خۆی".
هەرچۆنبێت، مزگەوت و مەزارگەی نەبی دانیاڵ لە كەركوك لە هەموو شوێنە ئاینییەكانی دیكە زیاتر بووەتە جێی كۆكردنەوەی نەتەوەو ئاینیەكانی دیكە كە بەهۆی ناكۆكی سیاسی و مەزهەبییەوە دابەشبوون.


‌ 187 جار بینراوه‌
6/30/2018 12:16:36 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved