»  وەرزش
وەرزش لە پێناو تەندروستی خۆی دەكات



نەجات حسێن فەرەج لە دایكبووی ساڵی 1970ی گوندی دارەمانی سەربە شاری كەركوك، پیشەی یاریدەدەری پزیشكەو رۆژانە بۆ ماوەی زیاتر لە كاتژمێرێك بەتەنها وەرزش دەكات، هەروەك خۆشی دەڵێت:” خەڵكێكی زۆر حەزیان بە وەرزشە، بەڵام تەنها حەزەو نەچووەتەوە باری جێبەجێكردنەوە، دەشڵێت:” رۆژانە پاسكیلیش بۆ راییكردنی كارەكانم بەكاردەهێنم.

* چی وایلێكردی رۆژانە بەتەنها وەرزش بۆ خۆت بكەیت؟
- من پێشتر لە ساڵانی هەشتاكان یاریی كاراتێم لە سەنتەری لاوانی رەحیماوا دەكرد، دواتر دابڕام، بەڵام ئەو دابڕانە نەبووە هۆی ئەوەی بە تەواوی لە وەرزش دووربكەومەوە، ئێستا رۆژانە بۆ ماوەی زیاتر لە كاتژمێرێك، وەرزش بۆ تەندروستی خۆم دەكەم و گوێ بە گەرماو سەرما نادەم و بەردەوامم.

* وەك یاریدەدەرێكی پزیشكی تا چەند پێت گرنگە خەڵك بۆ تەندروستی خۆی وەرزش بكات؟
- زۆر گرنگە خەڵك وەرزش بكات بەتایبەتی راكردن، رۆژانە بەلانی كەمەوە پێویستە مرۆڤ نیو كاتژمێر بە وەرزش بەرێتەسەر، لە دوای وەرزشیش ئاوخواردنەوە زۆر گرنگە بۆ جەستە.

* خەڵكی چۆن لەو وەرزشەی تۆ دەڕوانن كە بەتەنها لەو دەشت و دەرە رۆژانە وەرزش دەكەی؟
- خەڵكانی ئێمە هەموو حەز دەكەن وەرزش بكەن، بەڵام هەوڵ نادەن و كەمتەرخەمن لەو بارەیەوە، زۆر كەس دەمبینێت دەستخۆشیم لێدەكات، هەروەها منیش لای خۆمەوە بەردەوام هانی خەڵكی دەدەم بۆ ئەوەی رۆژانە لەپێناو تەندروستییەكی باش و دووركەوتنە لە هەندێ نەخۆشی وەرزش بكەن، بەڵام بە داخەوە كۆمەڵگای ئێمە حەزی بە دانیشتنە.

* دوا وتەت بۆ خەڵكی؟
- داواكارم لە هەموو خەڵكی گرنگی بە وەرزش بدەن، ئەگەر خەڵك مەبەستی وەرزش بێت، دەتوانێت رۆژانە كاتێكی بۆ وەرزشكردن هەبێت، هەروەها داواكاریشم لە خەڵكی زیاتر گرنگی بە پێ رۆیشتن و پاسكیلسواری بدەن و خۆیان لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بۆ هەندێ شوێنی نزیك بەدوور بگرن. 


‌ 926 جار بینراوه‌
6/30/2018 12:23:49 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved