»  وتاری هەفتە
فریای خەڵكی كەركوك بكەون
بورهان حاجی سلێمان



لەناو كێشمەكێشی سیاسەت و هەڵای هەژماركردنەوەی دەنگ و ژاوەژاوی ئاوازی نەشازی رەگەزپەرستانەی لایەنە سیاسییەكانی پێكهاتەكانی شارەكە، خەڵكی كەركوك لە تراژیدیایەكی راستەقینەدا دەژین، تراژیدیایەك كە ئەو كەشە سیاسی و گرژییە نەتەوەییە لەقازانجی دەسەڵاتی ئێستای شارەكە خەفەی كردووەو وەكو بەردێكی سەنگین لەسەر گەرووی كەركوكییەكان دانراوەو نووزەی لێ بڕیون.
ئێستا لەپەنای ئەو كێشە سیاسییانەدا كەركوك بووەتە زبڵدانێكی گەورە، شارێكی بێ كارەبا، كەم ئاو، شارێك فەرمانگەكانی لێوانلێو لە رۆتین و بەربەرەڵایی ئیداری و وەزیفی، شارێك خەریكە ببێتە كێڵگەیەكی گەورە بۆ بەخێوكردنی ئاژەڵان، هەموو ئەمانەش هۆكارن بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و دەردو پەتا، ئەوانەشی تووش دەبن كە دەچنە نەخۆشخانەكانی شارەكە بە هەمانشێوە رووبەڕووی بەرەڵایی و نەبوونی دەرمان و چارەسەری پێویست دەبنەوە.
جیاوازییەكانی ئیدارەی پێشووی كەركوك كە ئیدارەیەكی كوردی بوو، لەگەڵ ئیدارەی ئێستادا لەڕووی خزمەتگوزاری و دابینكردنی پێداویستییە ژیانییەكان و ئاسایش و سیتمی ئیدارییەوە بەراوردناكرێت، ئێستا كەركوكی خاوەن پێنج هەزار ساڵ شارستانی كتومت لە دێیەكی وێرانە دەچێت، بوونی كەسێكی خێڵەكی گۆشكراو لەژینگەیەكی دوور لەشارو شارستانی، لەقوچەكی دەسەڵاتی ئیداری شارەكەش، پرۆسەی بەگوندكردنی كەركوكی پایتەختی ولایەتی شارەزووری خێراتر كردووە، ئەو پارێزگارە سەپێنراوە بێ هونەرە توانای بەڕێوەبردنی گوندەكەی خۆی نییە، چ جای شارێك دانیشتوانەكەی ملیۆنی و نێویك تێپەڕاندبێت، تاكە خاڵ لەخزمەتیدابێت، ئەو دیدە شۆڤێنییە كوێرانەیەی حیزب و راگەیاندنە عەرەبی و توركمانییەكانە، كە ئاساییە بەلایانەوە شارەكە لەوە كاولتر بێت و دانیشتوانەكەی گەڕوگول بن، نەبادا كوردێك ئیدارەی بدات، ئەوان ئەوەندەی خەمی جێبەجێكردنی ئەجێندای فەرمانپێكراوی سەرووی خۆیانن، ئەوەندەی سەرقاڵی پلانە سیاسییەكانیانن، نیو ئەوەندە خەمی تاكی كەركوكی و بەرژوەندیی و مافەكانی نین، بەڵام هێشتا هۆشی ئینتما بۆ شار لای زۆربەی عەرەب و توركمانەكان لەئاستی سزادانی ئەو لایەنانەدا نییە كە بێدەنگن لەئاست نەهامەتییەكانیان.
حیزب و راگەیاندنی كوردیش بەدەر نیین لەبەرپرسیارێتی ئەو دۆخە، هەرچی یەكێتی و راگەیاندنەكەیەتی سەرقاڵی شەڕی سیاسی و روبەڕوبونەوەی پلانەكانی كەمكردنەوەی دەنگی كوردن لەشارەكە، بەهۆیەوە خەمی هاوڵاتی لە پێشینەی كارەكانی نییەو هەموو تواناكانی بۆ ئەو شەڕە خستۆتەگەڕ ئەمەش لادانێكی گەورەیە لە بەرنامەی حیزبی جەماوەری، هەرچی حیزبە كوردییەكانی دیكەو راگەیاندنەكانیانیشە، مەگەر تەنها بۆ لێدانی لایەنێك بێت كەركوك و كەركوكییەكانیان بیربێتەوە، ئێستا ئەوانیش بەهۆی لێكدان و هاوتەریبی بەرژوەندییەكان ئەوەندەی هاوكاری لایەنە عەرەبی و توركمانییەكانن لەشەڕی سیاسی دژ بە یەكێتی نیو ئەوەندە بە ئەركە پیشەیی و نەتەوەیی و مرۆڤایەتییەكانیان بەرانبەر بە كەركوك هەڵناستن.
ئەم گرژییە نەتەوەییەی لە كەركوك هەیە تەنها بۆ لەبیربردنەوەی كەموكوڕییەكان و پەراوێزخستنی كوردە، پلانەكەش زۆر بە تۆكمەیی دارێژراوە، كوردو حیزبەكانی سەرقاڵی شكاندنی ئێسكی یەكترن.      

‌ 2771 جار بینراوه‌
7/8/2018 7:16:28 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved