»  راپۆرت
عەرەب و توركمان مەرجیان هەیە بۆ بەشداری پێشمەرگە لە هێزی هاوبەشدا
عەلی ئاراس / مەكتوب – هەواڵ

 

بۆ كۆنترۆڵكردنی رەوشی ئەمنی كەركوك، لایەنەكان لەو بڕوایەدان سەرباری هەبوونی سوپا و پۆلیس، بەڵام پێویستیان بە هێزێكی هاوبەش هەیە كەچی هیچ لایەكیان لەسەر میكانیزمی كاركردنی ئەو هێزە كۆك نین.

 

لە تازەترین هەوڵ و پێشهاتدا، ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق لەسەر فراكسیۆنی ی.ن.ك لە كەركوك، هۆشداریی دەدات لە خراپبوونی رەوشی ئەمنیی لە پارێزگاكەیدا و داوا دەكات بە پەلە هێزێكی هاوبەش دروست بكرێ بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو مەترسییانەی دێنە ئاراوە.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی ١٢ی ئایاردا، زۆرترین دەنگی بە دەستهێنا و لە كۆی ١٢ كورسی، شەشی بۆ خۆی مسۆگەر كرد بۆیە ئێستا وەكو هێزی یەكەمی ئەم پارێزگایە دەیەوێ پرۆژەكانی بۆ كەركوك بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە.

محەمەد عوسمان و شوان داودی ئەندامانی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی، رۆژی ٢١ی حوزەیران لەڕێی نووسراوێكەوە بۆ سەركۆمار و سەرۆكوەزیران و وەزیری بەرگریی و ناوخۆی عێراقی ناردووە،  هۆشداری دەدات لە تێكچوونی رەوشی ئەمنی كەركوك بە تایبەت "زیادبوونی مەترسی لەسەر كورد لە تەواوی پارێزگای كەركوك"

محەمەد عوسمان دەڵێ: بە هاندان و فیتی چەند لایەن و كەسایەتییەكی ناو كەركوك، پیلانێكی ترسناك لەسەر كورد لە تەواوی كەركوك جێبەجێ دەكرێ. پیلانەكەش خۆی لە كوشتن و تیرۆركردن و هەڕەشەی دەرپەڕاندنی خێزانە كوردەكان دەبینێتەوە. بۆیە داوا دەكەین بۆ بەرگرتن لە تەشەنەسەندنی ئەم مەترسیانە، هێزێكی هاوبەش لە پێشمەرگە و پۆلیس و سوپای عێراق پێكبهێنرێ تا ئەمنیەت و ئاسایش بۆ ئەم ناوچەیە دابین بكرێ. ئەگینا دۆخەكە لە كۆنترۆڵ دەردەچێ و ئەنجامێكی خراپی دەبێ.

جەمال شكور جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك، بۆ ماڵپەڕی مەكتوب و رۆژنامەی هەواڵ وتی:"ئەم داواكارییە تەنیا داوای یەكێتی نییە، بەڵكو هەموو كورد ئەم داواكارییەی هەیە. كەركوك  ناوچەیەكەهەمیشە جێی ململانێی نێوان هەرێم و بەغدا بووە . بۆیە لەڕووی ئیداریی و ئەمنییەوە پێویستە بە هاوبەشی بەرێوە ببرێت. رێوشوێنەكانی ئەو هاوبەشییەش بەپێی دەستوور رێك بخرێ نەك بە شێوەی ٣٢ بە ٣٢"

 

پوختەی پرۆژەكەی یەكێتی

بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی ماڵپەڕی مەكتوب و رۆژنامەی ، یەكێتی لەو هێزە هاوبەشەی بۆ كەركوك پیشنیازی كردووە، ئەندامانی هێزەكە پێكهاتبن لە پێشمەرگە، پۆلیسی كەركوك، سوپای عێراق. چۆنێتی دابەشكردنیان و ئیدارەدانیان بەو میكانیزمەبێ پێش ٢٠١٤ و سەرهەڵدانی داعش دابەش كرابوو.

بەر لە بڵاوكردنەوەی، مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك پرۆژەكەی خستووەتە بەردەم حزب و كەسایەتییە سیاسییەكانی عەرەب و توركمان لە كەركوك. هەروەها هۆشدارییانداوە پشتگوێخستنی ئەم داواكارییە عاقیبەتی خراپ دەبێ بۆ رەوشی كەركوك و ئاسایشەكەی دەشێوێ ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە.

 

عەرەب و توركمان كۆك نین

عەرەب و توركمان راستەوخۆ هێزی هاوبەش رەتناكەنەوە، بەڵام دەڵێن بەو مەرجە رازی دەبن بە هەبوونی پیشمەرگە لەو هێزەدا كە لەلایەن بەغداوە وەكو هێزێكی نیشتمانیی هێزی پیشمەرگە بە رەسمی بناسێنرێ.

ئیسماعیل حەدیدی كەسایەتی سیاسی عەرەبی بۆ ماڵپەڕی مەكتوب و رۆژنامەی هەواڵ سەبارەت بەو پرۆژەیە وتی:" ئێمە وەك عەرەب و توركمان هێزی هاوبەش رەت دەكەینەوە ئەگەر پێشمەرگەی تێدابێ تا ئەو كاتەی حكومەتی بەغدا بەگوێرەی دەستوور هێزی پێشمەرگە وەكو هێزێكی نیشتمانیی دەناسێنێ لەم ناوچەیەدا. ئەگەر ئەمە كرا ئەوكاتە لاریمان نییە لە هەبوونی هێزی هاوبەش."

هەروەها نەجات حسێن نوێنەری توركمان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ هەواڵ وتی: "ئێمە ماوەیەكی زۆر پێش ئێستا داوای ئیدارە و هێزی هاوبەشمان بۆ كەركوك دەكرد كە تەواوی پێكهاتەكانی شارەكە تێیدا بەشداربن، بەڵام لە دوای روداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە دۆخەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە دەبێت بڵێین هێزێكی هاوبەش بۆ بەرێوەبردنی كەركوك بەو مەرجەی حكومەتی عێراقی دانی پێدا بنێ، چونكە ئەو هێزە هاوبەشەی داوادەكرێت لەلایەن حزبێكی كوردییەوە ئێمە پێی رازی نابین، چونكە بەشداریكردنی چەند دەزگا و هێزێكی ئەمنی بەبێئەوەی لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە دانی پێدابنرێ، ناتوانن ببنە بەشێك لەو هێزە هاوبەشەی ئێمە چاوەڕوانی دەكەین."

ئەم پرۆژەیەی یەكێتی لە كاتێكدایە رەوشی ئەمنی پارێزگای كەركوك لە دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ لەژێر كۆنترۆڵی پۆلیسی كەركوك و سوپای عێراقدایە. بەڵام لایەنە سیاسییەكان دەڵێن ئەو هێزانە ناتوانن رەوشی ئارامیی ناوچەكە دابین بكەن و مەترسی ئەوەیان هەیە رەوشەكە سەر بكیشێ بۆ رووداوی خراپتر و لە كۆنترۆڵی هیچ لایەكدا نەمێنێ.

‌ 241 جار بینراوه‌
7/8/2018 7:41:27 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved