نوێترین
لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى سلێمانی هه‌شت كافتریا و خواردن و خواردنه‌وه‌ دادخەن   |    ئه‌ندامه‌ بندیواره‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ته‌واوی موچه‌و ئیمتیازاته‌كانیان وه‌رده‌گرن   |    به‌شی وێژه‌یی له‌ ئاماده‌ییه‌كانی كه‌ركوك له‌ مه‌ترسیدایه‌   |    هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رێك خانه‌نشین بكرێت پۆسته‌كه‌ی له‌ده‌ست كورد ده‌رده‌چێت   |    به‌رپرسێكی یه‌كێتی : ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك ته‌نها له‌سه‌ر كات ماوه‌   |    پرسی سكاڵا له‌سه‌ر پۆستی قایمقامی داقوق بۆ مانگێك دواده‌خرێت   |    هه‌فته‌ هه‌واڵـی كه‌ركوك   |    له‌م هه‌فته‌یه‌دا بڕیار له‌سه‌ر موچه‌ دزراوه‌كانی مامۆستایانی خورماتوو ده‌درێت   |    دۆزینه‌وه‌ی زیاتر له‌ 200 گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی سه‌رده‌می داعش له‌ عێراق   |    له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا عه‌بدولمه‌هدی چوار هه‌زار پۆستی به‌وه‌كاله‌ت یه‌كلایده‌كاته‌وه‌   |   
كوردی  |   عربي
»  راپۆرت
سیانزە ساڵە كەركوك چاوەڕێی پاڵاوتگەیەكی نەوت دەكات
هەواڵ - مەكتوب



ئەو شارەی خاوەنی ١١ ملیار نەوتی یەدەگە، دوای زیاتر لە نەوەد ساڵ لە دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوت كەچی تائێستا پاڵاوتگەیەكی شایستە بە سامانە سروشتییەكانی خۆی نییە، ئەمە لە كاتێكدایە زیاتر لە سیانزە ساڵە بەڵێن دەدری كە پاڵاوتگەیەكی مۆدێرنی بۆ دروست بكرێت.
بۆ پاڵفتەكردنی سامانە سروشتییەكانی كەركوك، بەرهەمەكانی دەنێردرێتە پاڵاوتگەكانی بازیان و دوكان لە پارێزگای سلێمانی، كەڵەك لە پارێزگای هەولێر، لەگەڵ پاڵاوتگەی دۆرە لە بەغدا و كرماشان لە كوردستانی ئێران. چونكە بۆ خۆی پاڵاوتگەیەكی شایستەی نییە.
ناوەڕاستی ساڵی ١٩٥٤ كەركوك بوو بە خاوەنی پاڵاوتگەیەك كە كەوتووەتە ناو كۆمپانیان نەوتی باكوورەوە. ئەم پاڵاوتگەیە سەرەتا ١٠ تا ١٥ هەزار بەرمیل بەرهەمی هەبووە رۆژانە. لەوكاتەوە تائێستا ئەم پاڵاوتگەیە چەندینجار لەكاركەوتووە و خراوەتەوەگەڕ. بەڵام ئێستا بەڕادەیەك بێتوانا و سست بووە كە سەرۆكی لیژنەی نەوت وغاز لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەڵێ: خەرجی  زۆرە تا داهات و دەرامەت ئەویش بەهۆی كۆنبوون و ماندووبونی ئامێر و كەرەسەكانیەوە.
بەگوێرەی نووسراوی ژمارە (١١٦٧٧) ی وەزارەتی نەوتی عێراق، پڕۆژەی دروستكردنی پاڵاوتگەی نەوتی (كەركوكی نوێ) لە مانگی شوباتی ٢٠٠٥ بەبڕی پێنج ملیار دینار بڕیاری لێدراوە، بەگوێرەی خەمڵاندنی پرۆژەكە، ئەو پاڵاوتگەیەتوانای دەبی  لەڕۆژێكدا ١٥٠ تا ٢٠٠  هەزار بەرمیل بەرهەم بهێنێ. بەڵام بە پاساوی نەبوونی شوێنێكی گونجاو ئەو پرۆژەیە نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە .
ئەو كات وەزارەتی نەوتی عێراق بریاریدا پاڵاوتگەكە لە نزیك قەزای حەویجە دروست بكرێ، بەڵام بەرپرسانی ئیدارەی كەركوك بەهۆی ئەوەی قەزای حەویجە پێشتر سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین بووەو زیاتر ناوچەیەكی كشتوكاڵییە، رازی نەبوون لەوی دروست بكرێت. بەو هۆیەوە پرۆژەكە دواكەوت تا مانگی تەمووزی ٢٠١١ لە كۆبوونەوەیەكی وەزارەتی نەوت لە بەغدا، بریاردراپاڵاوتگەی نەوتی كەركوكی نوێ‌ بوازرێتەوە بۆ قەزای دبس.
رۆژی ٢٨ی شوباتی ٢٠١٨ ماڵپەڕی وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویكردەوە جەبار عەلی وەزیری نەوتی عێراق رازەمەندی نیشانداوە پاڵاوتگەی (كەركوكی نوێ)بدرێتە كۆمپانیایەكی هەرێمی كوردستان بەناوی كۆمپانیای (رانیە)كە توانای بەرهەمهێنانی ئەو پاڵاوتگەیە دەگاتە ٧٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.
جەلال حاجی ئەحمەد خاوەنی كۆمپانیای رانیە كە بڕیارە پرۆژەی پاڵاوتگەی كەركوكی نوی جێبەجی بكات لە لیدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی مەكتوب و رۆژنامەی هەواڵ وتی:" ئەو پاڵاوتگەیە لەسەر پێوەری نێودەوڵەتی دروست دەكری بۆ ئەمەش پێویستمان بە كاتی زۆر هەیە." بەڵام ئامادە نەبوو ئەو كاتە دیاری بكات كە چەندە و كەی دەست بەكار دەكەن.
ئەحمەد عەسكەری سەرۆكی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەڵی تائێستا ئەو پاڵاوتگەیە كە دروست نەكراوە، هۆكاری سیاسی لە پشتەوەبووە. بەڵام بەستراوەتەوە بە كیشەی تەكنیكییەوە.
عەسكەری بۆ ماڵپەڕی مەكتوب و  وتی: " سەرۆكوەزیران و وەزارەتی نەوتی عێراق بەڵێنیان داوە كە پاڵاوتگەی كەركوكی نوی بەم نزیكانە دروست بكرێ، بەڵام تائێستا ئەو بەڵێنانە نەچوونەتە بورای جێبەجێكردنەوە چونكە بەڵینەكانی بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق بەئەستەم دەبێتە كردار بۆ كەركوك."
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە كۆمپانیای نەوتی باكوور بۆ ماڵپەڕی مەكتوب و رۆژنامەی هەواڵ ئاشكرایكرد "وەزیری پێشووی نەوتی عێراق، ساڵی ٢٠١٤ بریاریداپاڵاوتگەی كەركوك نوی لە ناوچەی (نەبیاوە)لە قەزای دوبز دروست بكرێت بەهۆی ئەوەی خزمەتگوزارییەكانی ئاو و كارەبا و ئەمنیەتی تێدایە. بەڵام وەزیری ئێستای نەوتی عێراق داوایكردپاڵاوتگەكە لە نزیك خورماتوو دروست بكری كە ٧٠ كلیۆمەتر لە كەركوكەوە دوورە،بەڵام ئەم داوایەی وەزیر سەری نەگرت و بڕیارە پاڵاوتگەكە هەر لە دوبز دروست بكرێ."
سەرچاوەكەی كۆمپانیای نەوتی باكوور وتیشی:" وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادەكاری دەكات تا لە دارشتنەوەی پلانی هەناردنی نەوتی كەركوك بە بۆریی، نەوتی سەرجەم كێڵگەكانی كەركوك بۆ پاڵاوتگە ناوخۆییەكانی عێراق و كرماشان و هەرێمی كوردستان بگوازێتەوە."
ئەمە لە كاتێكدایە كە لە كاتی سەردانی جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عێراق بۆ كەركوك لە كۆتایی ساڵی رابردوو، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند :" پلانمان هەیە بۆ دووبارە پەرەپێدان بە كێڵگەكانی نەوت لەكەركوك ئەمەش وایكردووە دەستوورمان داوە بە بەرپرسان تا بەدواداچوون بكرێت بۆ دروستكردنی پاڵاوتگەیەكلەكەركوك."
نەوتی بەرهەمهێنراوی كەركوك پێش روداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر رۆژانە ٥٥٠ هەزار بەرمیل بوو، نزیكەی ٢٠٠ هەزار بەرمیلی بۆ پاڵاوتگەكان دەڕۆیشت وەك پاڵاوتگەی بێجیو كەركوك و سینیە و بازیان، ئەوەی دەمایەوە لەنێوان ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ هەزار بەرمیل بوو هەناردەی دەرەوە دەكرا بە بۆری نەوتبەری نێوان كەركوك- هەرێمی كوردستان - بەندرەی جەیهانی توركی.
ئێستا تەنها نەوتی بەرهەمهێنراوی كەركوك رۆژانە دەگاتە ١٥٥ هەزار بەمیل و لەڕێی تانكەرەوە دەگوازرێتەوە پاڵاوتگەكانی بازیان و دوكان لە پارێزگای سلێمانی، كەڵەك لە پارێزگای هەولێر، لەگەڵ كەركوكی نوی و دۆرە لە پارێزگای كەركوك و كرماشان لە كوردستانی ئێران.









‌ 464 جار بینراوه‌
7/8/2018 7:42:16 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved