»  راپۆرت
لە هەژدەمین ساڵیادی رۆژنامەی (هەواڵ)ـدا


 

خالید شوانی:  هەواڵ كاریگەری هەبووە لەسەر رای گشتی

خالید شوانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان سەبارەت بە یادی (هەواڵ) وتی: "دەستخۆشی لەهەمو ئەو كادیرە ماندو نەناسانە دەكەم كە لە دەزگای (هەواڵ) كاردەكەن، هەفتەنامەكە یەكێك بووە لە رۆژنامانەی كە توانیویەتی بەردەوام زانیاری بە خوێنەری كورد بدات و زۆرجاریش توانیویەتی دەست بۆ هەندێك مەلەفی گەندەڵی و ئەمنی و سیاسی بەرێت و ئاشكرای بكات و كاریگەریشی هەبووە لەسەر رای گشتی و چاوساغێكیش بووە بۆ سیاسیەكان و كارەبەدەستان".

سەبارەت بە پێشنیازەكانیش بۆ بەرەو باشتركردنی كارەكانی (هەواڵ) شوانی  وتی: "هیوادارم ئەو دەزگایە گەورەترو كارەكانی فراوانتر بكات و نەك هەر بە زمانی كوردی و عەرەبی بتوانێ بە زمانی تریش پەرە بە كارەكانی بدات و دۆخی ناوخۆی كوردو گەیاندنی سیاسەتی راستەقینەی كوردو دۆخی ناوخۆی كەركوك و پێكهاتەكانی تر و كوردستان و عێراقیش بدات".

 

ئەحمەد عەسكەری: هەواڵ بەرگرییەكی باشی لە پرسەكانی تایبەت بە كەركوك كردووە

ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك تایبەت بە هەژدەیەمین ساڵیادی هەواڵ) وتی:" رۆژنامەیەكی زۆر راستگۆیە لە شارەكەو راستییەكانی دەرخستووەو توانیویەتی جێگەی خۆی لەنێو خەڵكدا بكاتەوەو زانیارییەكانی دروستن و بەرگرییەكی باشیشی لە پرسەكانی تایبەت بە كەركوك كردووە، هەواڵ لە بواری رۆژنامەگەریدا دەستێكی باڵای هەبووەو بەش بە حاڵی خۆم هەندێك جار ئەگەر رەخنەكانی ئەو رۆژنامەیە جێی خۆشی نەگرتبێت، ریزی لێدەگرم چونكە پیشەیی بووە".

دەربارەی رەخنەو پێشنیاریش، عەسكەری وتی:" بە داخەوە هەندێكجار (هەواڵ) بابەتێكی تایبەت و گرنگی ورووژاندووە، هەر یەكجار بڵاویكردۆتەوە و بەردەوام نەبووە لەسەری، تاوەكو بە دواداچوونێك بكرێت بۆ ئەو بابەتە بە شێوەی زنجیرە، بۆ نموونە هەواڵێك بڵاوكراوەتەوە زۆر گرنگ بووە بۆ خەڵك، بەڵام ئێوە بە دوای ئەو پرسەدا نەچوونە، دواتر خەڵكی تر دەركەوتووە بەو دۆسییەوە ، هەربۆیە بە هیوام لە ئایندە لەسەر بڵاوكردنەوەی پرسی گرنگ بەردەوامی پێبدەن و بە بیری خەڵكی بهێننەوە، كە ئێوە ئەو پرسەتان ورووژاندووەو بە دواداچونیش بەردەوامە".

 

غازی كەركوكی: خۆم بە قەرزاری رۆژنامەی (هەواڵ) دەزانم

غازی كەركوكی جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەكێتی بە بۆنەی هەژدەیەمین ساڵەی دەرچوونی رۆژنامەی  (هەواڵ)ـەوە وتی:" من بۆ خۆم لە كەركوك خۆم بە قەرزاری رۆژنامەی (هەواڵ) دەزانم، لەبەر ئەوەی كاتێك لە دەرەوەی وڵاتیش بووم، لەو رۆژنامەیە هەندێ نوسینم بڵاودەكردەوە، كە دەیانزانی لە بەرژەوەندی كوردو كەركوكییەكانە بە سوپاسەوە بڵاویان دەكردەوە، ئەوەش  زیاتر منی بە خەڵكی ناساند".

كەركوكی وتیشی:" ئەو ستافەی لە رۆژنامەی(هەواڵ) كاریان دەكرد، هەموو دڵسۆزی كەركوك و كەركوكییەكان بوون، ئەو كاتەی هیچ رۆژنامەیەك لە گەڕەكە كوردییەكانیش دەرناچوو، بارەگای ئەو رۆژنامەیە لەناو گەڕەكانی خوارەوەی كەركوك بوو ، شوێنەكەشیان بووبە شوێنێك خەریك بوو ببێت بە سەنتەرێكی رۆشنبیری، بە زۆری رۆشنبیرەكان روویان دەكردە ئەو شوێنە، تەنانەت ببووە ماڵێكی كوردەواری یاخود كوردایەتی، جگە لەوەش ستافەكەی زیاتر تەركیزیان لەسەر پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی نێو پێكهاتەو نەتەوەكانی كەركوك دەكردەوە، لەو سەردەمەدا دەسەڵات عەقڵێكی شارستانی نەبوو، بەڵام ئەو ستافە زۆر بە عەقڵێكی شارستانیانەوە كاریان دەكرد، بۆ ئەوەی پێكەوە ژیان لەم شارە دروست بێت". لە كۆتایی لێدوانەكەیدا ئاماژەی بەوەكرد:"  ئێستا لەبەر ئەوەی زیاتر خەڵك رووی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كردووە، كەمتر بەلای رۆژنامەوە دەچێت، ئێستاش وەك بزانم (هەواڵ) لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش شتەكانیان بڵاو دەكەنەوە، دەتوانم بڵێم (هەواڵ) یەكێكە لە رۆژنامە سەركەوتووەكان لە كەركوك و زۆر بە ئازایانەو چاونەترسانە شتەكانیان بڵاوكردۆتەوە، بۆیە دەڵێم پیرۆزەو دەستان خۆش بێت".

 

‌ 329 جار بینراوه‌
7/8/2018 7:49:03 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved