»  شەکری تاڵ
رێگای سەركەوتن





ئەو سەركەوتنەی تاك تۆماری دەكات سەركەوتنە بۆ ئەو گەلەی لەناویدا دەژی، و سەركەوتنی نیشتیمانیش وابەستەی سەركەوتنەكانی تاكەكانییەتی، ئەگەر ژاپۆن سەركەوتووە لەبەر ئەوەیە میللەتێكی هۆشیارو سەركەوتوو ژیانی تێدادەكەن.
دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەرەو ناجێگیری زیاتر دەڕوات و عێراق بەشێكە لەو ململانێ سیاسییەی كە هیچ پێگەیەكی سیاسی لە ناوچەكەو جیهاندا نییە.
وڵاتێك بەڕووی جیهاندا ماڵێ بێدەرگاو هاوڵاتییەكانی رۆژ بەڕۆژ زیاتر ئاوارە دەبن و گەنجەكانی لە لوتكەی نائومێدیدا لەم وەرز بۆ وەرزێكیتر زیاتر و بەلێشاو كۆچ دەكەن.
هەرێمی كودستان بەشێكە لەم سیستەمە بێماناو لەم عێراقە فرە خاوەنە، ئەوەی بێنیشتمانە هاونیشتمانیانن ، ئەوەی بێ لانەیە خاوەن خاكە.
رۆڵ بینین بۆ باشتركردن و بەرەو چاككردنی سیستەمی سیاسی بە خەڵكی یەك شارو ناوچە ناكرێت، بەڵام پێویستە شارێك ببێتە چەقێك بۆ ئەوەی رۆڵی لە گۆڕینی ئەم سیستەمە شكستخواردووە هەبێت تا ببێتە سەنتەر و نمونەیەك بۆ هەموو شارەكانیتر.
ئەوەی زیاتر لە دەستی ستەم و نادادپەروەری ژیانی لەم میللەتە تێك داوە، رۆڵی خەڵكە لە برەودان بەم ستەمە، تەنانەت بەجۆرێكی دەبینم بەگشتی بیری خەڵك لە مەعنەویەت و بەها مرۆییەكان شۆردراوەتەوە، گەیشتوەتە ئەندازەیەك دەتوانین بە ئاسانی درك بەوە بكەین كە خەڵكانێك هەن چێژ لەم ستەم و ناداییە دەبینن.
لە رۆژهەڵاتی دێرین هەموو زانستەكان لەخزمەت مرۆڤەكان بوون، بەڵام ئێستا مرۆڤەكان لەخزمەست سیستەمی مافیایی سەرمایەداریدان، ئەمەش رەنجی تاكی بۆ ژیان زیاتر كردووە.
بەشێوەیەكی گشتی خەڵكی هۆشیارییان بەوە هەیە كە سیستەمی حوكوم لە عێراق شكستی هێناوە و هەمیشە كار بۆ لەناوبردنی لایەنی مەعنەوی تاك و پوكاندنەوەی زەینی تاك كراوە، ئەوەنە بەسە بڵێین كۆمەڵگە دورە لە هەر خزمەتگوزارییەكی سەرەتایی مرۆڤی سەردەم، لە دڵنیایی لە سەلامەتی تاك، تەندروستی، پەروەتدەو...هتد.
گرفتی گەورەی كۆمەڵگەش نا دروستییە لە بیركردنەوە، بۆیە هەمیشە بڕیاری كوێرانەو بەرگری ناڕەوا لە كارە ناڕەواكان دەكریت و پێیانوایە كارێكی رەواو دروست دەكەن.
تا بیركردنەوە لە سنووری خۆم سەلامەت بم ئیتر كێشەی ئەوانیتر بەمن چی دەرباز نەبێت و ئازاری هەرتاكێك خەمی كۆمەڵكا نەبێت، یان ستەم بۆ هەموان هەر ستەم نەبێت، گۆڕانكاری بنچینەیی محاڵە.
بۆ تاكی عێراقی بەكشتی و تاكی كوردی بەتایبەتیتر؛ بۆ دەربازبوون لەم ستەم و نادادییەی تەواوی وڵاتی گرتوەتەوە، سەرەتا شۆڕشی خودسازی و شۆڕشی فیكرە، چونكە كاتێك كۆمەڵگە لە بەهاكانی دەدرێت پێویستە بەهای بۆ بگەڕێندرێتەوە، كاتێك تاك مەعنەویەتی دەشكێنن پێویستە بە ئیرادەتەوە كار بۆ پەروەردەكردنەوەی مەعریفەی بكات.
ئەم رۆڵە بە ئەركی هەموو كۆمەڵگای دەزانم، بەتایبەت چینی گەنجان، دەبێت ئەو زنجیرە بشكێنن كە ناخود ئاگای كۆمەڵگای پێ بەندكراوە.
چارەسەریش برەودان بە رۆشنبیری گشتییە، بەو مانایەی كە تاكەكان رۆشبیربن نەك رۆشنبیری بە وەزیفەی چینێك بزانن، بەڵكو زانست و زانین كاری هەموومانەو تەواوی زانستەكان تەواوكەری یەكترن و بە ئەركی بزانین لە زانستێك لێهاتو و لەوانیتر شارەزابین.
پێویستیمان بە دروستكردنی فەرهەنگی كەسی و بەرەوپێشبردنی فیكرمانە، ئەگەر ئەمەمان كرد سەركەوتن لە ژیان و گۆڕینی سیستەمی سیاسیش كارێكی ئاسان دەبێت، چونكە ئەگەر دروست بیرمان كردەوە دروست بڕیار دەدەین.
لەبیرمان بێت سەركەوتنێك لە بیرەوە دەست پێدەكات، ئەگەر بیركردنەوە راست بێت كاری راست و دەرێەنجامی دروست چاوەڕێمانە.

ئیمزا
هیوا نەجات

‌ 331 جار بینراوه‌
7/8/2018 10:25:10 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved