»  کوردستان
 پەنجا خوێندنگە لە كەركوك دەڕوخێندرێت




تائێستا پەنجا خوێندنگە لە كەركوك رووخێنراون تا بەشێوەیەكی نوێ دروست بكرێنەوە، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی دەڵێت:” هیچ كام لەو خوێندنگەیانە رادەست نەكراونەتەوە”.
رەئوف سەعدوڵا، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی كوردی لە كەركوك، لە لێدوانێكیدا بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:”پەنجا خوێندنگا لە كەركوك لە رابردوودا روخێنران بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی سەردەمیانە دروستبكرێنەوە”، ئەوەشیخستەڕوو “تا ئێستا هیچ كام لەو خوێندنگەیانە رادەستنەكراونەتەوە، ئەوەش ئاستەنگییەكی زۆری بۆ خوێندنی كوردی لە شارەكە دروستكردووە”. 
بەوتەی بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی كوردی لە كەركوك بەشێك لەو خوێندنگەیانە تەنها چەند كارێكی كەمیان ماوە بۆ ئەوەی  رادەستبكرێنەوە،  وتیشی:”ئەو خوێندنگایانەی كە دروستدەكرێنەوە كارەكانیان زۆر بە خاوی بەڕێوەدەچێت”.
رەئوف سەعدوڵا، باسی لەوەشكرد:”بەشێك لەو خوێندنگەیانەی روخێنراون دوو دەوام یان سێ دەوامیان تێدا كراوە و بەشێوەیەكی ناچاری گوازراونەتەوە بۆ خوێندنگەكانی دیكەی شارەكە”، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:”ئەوەش وایكردووە ئاستەنگی زۆر بۆ خوێندنی خوێندكاران لە وەرزی خوێندن دروست ببێت”. 
بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی كوردی لە كەركوك، وتیشی:” داواكارین كە ئەو خوێندنگەیانەی كارەكانیان ماوە پەلە بكرێت بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێ خوێندن تەواو بكرێن و خوێندنی ئاسایی تێدا ئەنجامبدرێت”. 

‌ 289 جار بینراوه‌
8/10/2018 11:08:15 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved