»  وتاری هەفتە
ئەی پردە رووحیەكە كەی چاك دەكەنەوە؟




دواجار كردنەوەی رێگای هەولێرو دروستكردنی پردێكی ئاسنین لە پردێ، چووە بواری جێبەجێكردنەوەو وەكو مژدەو بۆنەیەكی نەتەوەیی و سەركەوتنێكی مێژووی درا بەخەڵكی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی شاری كەركوك.
پردی بەستەری كەركوك - هەولێر لە رووداوەكانی رۆژی 16ی ئۆكتۆبەری پارساڵدا بەبێ بوونی هیچ بەهایەكی سەربازی و ئەمنی لەلایەن چەكدارانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە تەقێندرایەوە، ئەوەش ئەوەندەی تر دابڕانی كەركوكی لە جەستەی دایك قوڵتركردەوە، لە ماوەی رابردووشدا پرسی كردنەوەی رێگاكە بووە دۆزێكی ناوەندی و هەموو كوردی پێوە سەرقاڵكرا.
هەرچەندە داخستنی رێگەی كەركوك - هەولێر، لە رووی دەروونی و ئابووری و لۆجیستی و هاتوچۆوە، كاریگەری گەورەی هەبووە، بەڵام دابڕانە راستەقینەكە لە داخستن و كردنەوەی رێگاكە نەبووە، بەڵكو لە بوونی دابڕانێكی رۆحی و پشتكردن بووە لە كەركوك كە نەك لە 16ی ئۆكتۆبەرەوە، بەڵكو لە مێژا كەركوكییەكان هەستیان بەوە كردووە كە هەرێم جگە لە بوارە ئابوورییەكە بەتایبەتی نەوت، هیچ سۆز و پابەندبوونێكی بەرانبەر بە شاری كەركوك نەماوەو لە پاساوێك دەگەڕێن لە كۆڵی خۆیانی بكەنەوە، پاساوەكەش بە دوو هەنگاو لە 25 / 9 / 2017 و 16 / 10 / 2017 بۆیان هاتە دەست.
ئێستا جەماوەری پارتی هەقە لە حیزبەكەیان بپرسن: لە بەغداو موسڵ و تەنانەت لە پردێش لەگەڵ داگیركەراندا كۆدەبنەوەو مامەڵەدەكەن و رێكدەكەون و بازگەی هاوبەش دادەنێن لەگەڵیاندا، نهێنی بایكۆتكردنی كەركوك چییە؟ بۆچی پێش چاكردنی پردەكەی كەركوك، پردە روحییە رووخاوەكەی نێوان هەرێم و كەركوك چاك ناكەنەوە؟ بۆچی بە نەگەڕانەی ئەندامەكانتان بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەستی راكان جبوری پارێزگارە سەپێنراوەكە واڵاتر دەكەن لە پرسی تەعریبكردنی شارەكە؟
ئێستا تاكی كەركوكی هەست بەوە دەكات ئەوەی روودەدا دابەشكردنی رۆڵەكان بێت و هەموو لایەك بەشداربێت لە نەهامەتییەكانی؛ پارتی كشاوەتەوە بۆ ئەو دیو خەندەقەكەی نێوان هەولێرو پردێ، یەكێتی چاوی لە زیادڕەوییەكانی ئیدارەی كەركوك پۆشیوەو خۆی كردۆتە كەڕەی شەربەت، لەوە ناچێت نیوەی خەڵكی ئەمشارە لە هەموو هەڵبژاردنەكانی پێشوودا متمانەیان پێی بەخشی بێت، حیزبە كوردییەكانی دیكەش مات و مەلول لێی دانیشتوونەو وەكو ئەوەی نە بایان دیبێت و نە باران! ناوەندی سیاسی كوردی بەتەواوی كلیلی چارەسەركردنی دۆخی كەركوكی ونكردووە، عەقڵی سیاسیش هاوشێوەی ئیرادەیان ئیفلیج بووەو هاكا جڵەوی ئاراستەكردنی شەقامی كەركوكی لەدەستدا، بۆیە ئێستا دڵۆپ دڵۆپ كەركوك لە دەست دەدەین، ئەگەر ئێستا بە فشاری سیاسی و مەدەنی بەدەستی نەهێنینەوە، ئەوە سبەی دەبێت دڵۆپ دڵۆپ خوێنی بۆ بڕژێنین.

‌ 287 جار بینراوه‌
8/10/2018 11:22:19 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved