»  راپۆرت
كەركوكیەكان كاتێكی دیاریكراویان بۆ جێبەجێكردنی داوكارییەكانیان دەوێت
ئا / هەواڵ


یەكەم ئەركی پەرلەمانتارە كوردەكان ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوكە


لەكاتی دانوستانەكانی كورد لەگەڵ بەغدا بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، كەركوكییەكان داواكارن كەركوك و ماددەی 140 چەقی گفتوگۆكانی نێوان كوردو بەغدا بێت.
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە خاوەنی زۆرترین كورسی شارەكەیە، داوای  سەقفێكی زەمەنیی دیاریكراو دەكات بۆ جێبەجێكردنی كێشەكان و راشیدەگەیەنن”بۆ ئەم كارەش زەمانەتی ئەمریكامان دەوێت بۆ ئەوەی كێشەكان وەكو ئێستا نەمێننەوە”.



كورد لەگەڵ كێ هاوپەیمانی ببەستێت
رەوەند مەلا مەحمود، جێگری یەكەمی لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی (ی.ن.ك)، سەبارەت بەو پرسە بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” دەبێ ئێمە وەك كورد پاكێجی خۆمان پێشكەشی هەموو لایەنە براوەكان بكەین و پێیان بڵێین ئێمەی كورد هاوپەیمانی لەگەڵ هەر لایەك بكەین ئەوە داواكارییەكانمانە”.
رەوەند مەلا مەحمود وتیشی:” تائێستا بەرچاو روونییەكی ئەوتۆ نییە كە ئەو هاوپەیمانیانە بەرەو كوێ دەڕۆن، چونكە دەستی هەرێمایەتی و فشارێكی گەورەی  ئەمریكاش لەسەر ئەو بابەتە هەیە، بۆیە لە ئێستادا ئەوەی كە پێویستە كورد بیكات، دۆستەكانی خۆی بەسەر بكاتەوەو پێیان بڵێت ئەمە داواكارییە رەواكانی گەلی كوردە”.

سەقفی زەمەنی و گرەنتی ئەمریكا
جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك نەشیشاردەوە:” ساڵانێكی زۆرە چاوەڕێی جێبەجێكردنی داواكارییەكانمان دەكەین، بەڵام تائێستا جێبەجێ نەبوونە، هەربۆیە سەقفێكی زەمەنیمان دەوێت بۆ جێبەجێكردنیان، بۆ ئەم كارەش زەمانەتی ئەمریكاشمان دەوێت بۆ ئەوەی كێشەكان وەكو ئێستا نەمێننەوە”.
لە بارەی پرس و رای كەركوكییەكان لەو دانوستانانەی كە لە لایەن كوردو لایەنە عێراقییەكانەوە دەكرێت، رەوەند مەلا مەحمود وتی:” نوێنەری كەركوكی لە وەفدی دانوستانكاری هەرێم هەیە، لە یەكێتی هەڤاڵان رزگار عەلی و خالد شوانی و لە هەڤاڵانی پارتیش دوو كەس بەشدارن و لە گفتوگۆكاندا داواكاری كەركوكییەكان پێشكەش دەكەن”.

كەركوك بووەتە سەربازگە
رەوەند مەلا مەحمود ئاماژەی بەوەشكرد:” ئێمە داوامان كردووە  رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەنێوان بێت كاتێك لەگەڵ هەر لایەنێكدا هاوپەیمانی بكەین بۆ ئەوەی زەمانەتی جێبەجێكردنی داواكارییەكانمان هەبێت”.
هەروەها باسی لەوەشكرد”لەسەر دۆخی كەركوك قسەمان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا كردووە، چونكە ئێمە بەم دۆخەی ئێستای كەركوك رازی نین لە هەردوو رووی ئەمنی و ئیدارییەوە، لەبەر ئەوەی لە رووی لایەنی ئەمنییەوە كەركوك وەكو سەربازگەی لێهاتووە، دەبێ ئەو بابەتە چارەسەر بكرێت، لە رووی ئیداریشەوە دەبێ بە پێی ئیستحقاقی هەڵبژاردنەكان بێت ، لەسەر ئەم دوو بابەتە گرنگەش پێداگری تەواو دەكەین”.

خۆدزینەوە لە داوكارییەكان
هاوكات لێپرسراوەكەی یەكێتی لەكەركوك، روونشیكردەوە”كاتێك دانوستان لەگەڵ لایەنی بەرانبەر دەكەی پێویستە داواكارییەكانی خۆت فەرز بكەیت، لایەنی بەرانبەریش بەپێی توانای خۆی جێبەجێی بكات، بەڵام هەندێك جاریش خۆدزینەوەی جدی هەیە لەم بابەتە، هەر بۆیە دەبێت بیر لە شێوازێك بكەینەوە بۆ ئەوەی لەكاتی هەر دانوستانێك شتێك زامن بكەین بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانمان”.


جێبەجێكردنی دەستوور
لای خۆشیەوە پەرلەمانتارێكی كەركوكیش ئاماژە بۆ ئەوەدەكات ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك لە پێشەنگی كارەكانیانە لە پەرلەمانی عێراق. 
جەمال شكور، پەرلەمانتاری یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە هەمان پرس، بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:”وەك پەرلەمانتارانی كەركوك ئەركمان ئەوەیە، لەگەڵ پەرلەمانتارەكانی تر ئاگاداری دەستور بین، بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕگانەی كە تائێستا جێبەجێنەكراوەو پەیوەندییان بە نەتەوەی كوردەوە هەیە”.

هێزێكی نامۆ  و كەركوكییەكان
لەسەر دۆخی ئێستای كەركوكیش جەمال شكور پێیوایە دەبێت ئەو دۆخە ئاسایی بكرێتەوە، هاوكات باسی لەوەشكرد:”چەند حاڵەتێك هەیە لە كەركوك، یەكێكیان ئەوەیە كە دوای شانزەی ئۆكتۆبەر دروست بووە، یەكەم كارمان ئەوە بێت دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە لە رووی ئەمنی و عەسكەری و ئیدارییەوە، ئێستا دۆخی ئیداری كەركوك خراپە، بەڕێوەبەری فەرمانگەكان و بەرپرسی بەش و لادەدرێن لە پۆستەكانیان، دۆخی سەربازیش هێزێكی سەربازی سەپێنراوەتە سەر كەركوكدا ئەو هێزە نامۆیە بە كەركوك”.

چارەسەر هێزی هاوبەشە 
ئەو پەرلەمانتارەی كەركوك، راشیگەیاند:”دەبێت هێزێك بە پێی دەستور و هاوبەش بێت لە نێوان حكومەتی هەرێم و ناوەند، پێكهاتبێت لە نەتەوەكانی كەركوك، ئێمە نامانەوێت وەك كورد مافی نەتەوەكانی تر پێشێل بكرێت، با هەموو نەتەوەكان بەشداربن لەو هێزە، چونكە بە پێی دەستور  دەبێت هاوسەنگی و رێككەوتن و  هاوبەشی هەبێت لە ئیدارەدانا”. 
ئەو پەرلەمانتارەی (ی ن ك) لە كەركوك، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:”گرنگترین شت ئەوەیە نێو ماڵی كورد رێكبخرێتەوە، تاوەكو بتوانن سەرجەم مافە دەستوریەكان گەلی كورد و لە نێوشیاندا ماددەی 140 جێبەجێبكرێت، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:”ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك لە پێشەنگی كارەكانمانە لەپەرلەمانی عێراق”.

یەكڕیزی كورد
پەرلەمانتارەكەی یەكێتیش هیواخوازە كە سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیە كوردییەكان هاوكاربن لەگەڵ وەفدەكەی یەكێتی و پارتی تاوەكو بتوانرێت بە كۆدەنگی كورد ماددی 140ی دەستور جێبەجێبكرێت چونكە ئەو مادەیە كلیلی چارەسەركردنی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانەوە”.
جەمال شكور ئاشكراشیكرد:” لە هەموو دنیادا بە پێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن پۆستەكان دابەش دەكرێت، ساڵانێكی زۆرە لە عێراقدا سەرژمێری نەكراوە، تا وەكو سەرژمێری دەكرێ هەڵبژاردنەكان بنەمایەكن  بۆ سەنگی نەتەوەكان،  خۆشبەختانە لەهەڵبژاردنەكانی  2014 و 2018 وەك كورد زۆربەی دەنگەكانمان لە كەركوك بەدەست هێناوە، دەبێ لەسەر ئەو هەڵبژاردنە پۆستەكان دابەش بكرێن”.

ئاكتیفكردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگا
هاوكات جەمال شكور،  وتیشی:”لەگەڵ وەفدی دانوستانكاری كورد دانیشتووین بەتایبەتی وەك كەركوكییەكان رای خۆمان لەسەر بابەتەكانی تایبەت بە كەركوك دەربڕیوە، بەشێك لە داواكارییەكانیشمان بۆ ئاساییكردنەوەی كەركوك پەیوەندی بە حزبە سیاسییەكانی خۆمانەوە هەیە بۆ یەكخستنەوەی نێو ماڵی كوردی و هەروەها گەڕانەوەی ئەو لایەنانەی تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە بۆ كەركوك، بەگەڕانەوەی ئەوانیش بۆ كەركوك و دانیشتنەوەی ئەنجومەن ئەوكات دەتوانرێ كۆبوونەوەی ئەنجومەن بكرێت و پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە دەستنیشان بكرێت”.

بێ ئومێدن لە گوێگرتن لێیان
لای خۆشیەوە چاودێرێكی سیاسیی لەكەركوك رایدەگەیەنێت:”كەركوك لەلای هەرێمی كوردستان تەنها وەكو سنوقێكی پارە تەماشاكراوە”.
رابەر رەشید چاودێری سیاسی، بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:” دڵنیام  گوێ لە كەركوكییەكان ناگیرێت، لەبەر ئەوەی كەركوك هیچ حسابێكی بۆ نەكراوە، تەنها وەكو سنوقێكی پارە تەماشا كراوە، باوەڕ ناكەم خەمی كەركوكیان بێت”، ئەوەشیخستەروو:”ئەو هێزانەی بەغداش كەركوك وەكو مەرج بەكاردەهێنن، لەبەر ئەوەی ئەو هێزانەی لە بەغدا هەن، رێگە بە كورد نادەن بۆ هەندێ شت، ئەمەش وادەكات هیچ ئومێدێك نەبینم  بۆ كەركوك بگرە بۆ كوردساتانیش “.

كەس دۆستی كورد نییە
بەوتەی ئەو چاودێرە سیاسییە،  وڵاتانی هەرێمایەتی لە ئێستادا دۆخیان لە لێژیە و مەترسیدارە، تاوەكو كورد پشیتان پێببەستێت،  روونشیكردەوە:”ئەوەی ماوەتەوە كورد مامەڵەی لەگەڵ بكات ئەمریكایە ئەگەرچی ئەوەش هیچ كات  دۆستی هەمیشەیی نییە، بەڵكو بەرژەوەندی هەمیشەیی بووە”.      

‌ 105 جار بینراوه‌
9/8/2018 9:15:33 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved