»  کاتژمێر یازدە
دوو پەرەگراف
شوان داودى


هەموان لەسەر ئەوە رێكین كە دۆخی كەركوك لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە تا ئەم ساتە وەختە دۆخێكی نائاسایی و ناسەقامگیرە لە شاری كەركوك، جگە لە ژمارەیەكی كەم لە پێكهاتەی كریستیان، سێ پێكهاتەی گەورە لە شارەكەدا بوونیان هەیە، ئەوانیش (كورد، عەرەب و توركمان)، سێ دۆسیەی گرنگ و هەستیاریش لە نێوان هەرسێ پێكهاتەكەدا كێشەیان لەسەرە، ئەو دۆسێیانەش بەڕێوەبردن و ئاسایش و ئابورییە.
بەدرێژایی مێژووی عێراق، هەر پێكهاتەیەك لەهەر سەردەمێكدا باڵا دەست بووبێت تێكڕای كایەكانی بۆ خۆی قۆرخكردووەو پێكهاتەكانی تری خستۆتە پەراوێزەوە، ئەمە وایكردووە پێكهاتەكان متمانەیان بە یەكتر نەمێنێ یاخود لاواز بێت، هەر ئەو بی متمانیشە دۆزی كەركوكی ئاڵۆز ترو زمانی لێكگەیشتنی لاڵ كردووە.
پێویستە كوردو عەرەب و توركمان زمانی هاوبەش بدۆزنەوە بۆ ئەوەی بتوانن هاوبەش بن لە بەڕێوەبردنی هەر سێ دۆسیەی بەڕێوەبردن و ئاسایش و ئابوری، نابێت هیچ پێكهاتەیەك هەست بە پەراوێزخستن بكات،  بۆ ئەمەش پێویستمان بەوەیە كار لەسەر خاڵە هاوبەشەكانمان بكەین، بگەڕێینەوە سەر رێبازەكەی جەنابی مام جەلال و پردەكانی پەیوەندی دروست بكەینەوە.
سێشەممەی رابردوو 11ی ئەیلول حزبە كوردییەكانی كەركوك لە ناحیەی قەرەهەنجیر بۆ قسەكردن لەسەر دۆخی كەركوك و چۆنێتی ئاساییكردنەوەی كۆبوونەوە، لەو بارەیەوە راگەیاندراوێكی حەوت خاڵییان بڵاوكردەوە.
سەبارەت بەو كۆبونەوەیەو راگەیاندنەش وەكو كاردانەوە راگەیاندراوێكی بەرەی توركمانی و بەیاننامەیەكی ئەنجومەنی عەرەبی بە دوادا هات.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم لەسەر خاڵێكی گرنگی هەرسێ راگەیاندراوەكە بووەستم، لە خاڵی حەوتەمی راگەیاندنی حزبە كوردییەكاندا هاتووە:( كۆبوونەوەكە تەئكید لەوە دەكاتەوە لایەنە كوردستانییەكان بڕوایان بە پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوەكان لە پارێزگای كەركوك هەیە)،  لە كۆتایی راگەیاندنەكەی بەرەی توركمانیدا هاتووە:( وما زالت القیادە التركمانیە تۆمن بپقافە التسامح المشترك و التوافق فی الادارە المشتركە لمحافڤە كركوك)، بەڵام بە داخەوە بەیاننامەكەی ئەنجومەنی عەرەبی زۆر دوورە لە هونەری دیالۆگ و زمانی لێكتێگەیشتن و پێكەوەژیان، وا دیارە عەرەبی كەركوك هێشتا لە خەونی دەسەڵاتی پێش ساڵی 2003 رانەچڵەكیون و پەندیان لە وانەكانی مێژوو وەرنەگرتووە.
بۆیە بە باشی دەزانم هەموو ئەو شتانەی لەو سێ راگەیاندراوەدا هاتووە بەلانێین و دەست بەو دوو پەرەگرافەی هەردوو راگەیاندراوەكەی حزبە كوردییەكان و بەرەی توركمانییەوە بگرین و بیكەینە دەستپێك و بنەما بۆ دیالۆكێكی كەركوكیانەو بەرەو پێشی بەرین، دواجار ئەوانی تریش ناچار دەبن لەگەڵماندا بن، ئەگینا دوا دەكەون و زەرەر لە خۆیان و لە شارەكەش دەدەن.
‌ 323 جار بینراوه‌
9/14/2018 9:54:04 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved