»  راپۆرت
سەگە بەرەڵاكانیش هەڕەشە لە ژیان و تەندروستی كەركوكییەكان دەكەن


ئەنەس 
دوایین قوربانی سەگە بەرەڵاكان 

بڵاوبوونەوەی سەگی بەڕەڵا بە گەڕەك و گوندەكانی شاری كەركوك، نیگەرانی هاوڵاتیانی لێدەكەوێتەوە، دوایین قوربانی دەستی ئەو ئاژەڵانەش منداڵێكی پێنج ساڵان  بەو هۆیەوە گیانی لە دەستدا، بەڕێوەبەری ڤێنتەرنەرییش دەڵێت “ بەهۆی  كەمبونەوەی  هاوكارییەكان توانی نی قەلاچۆكردنی سەگی بەرەڵا وەكو جاران نەماوە”.

ئەنەس هاوكار-ی تەمەن 5 ساڵ لە سێكانیانی شاری كەركوك چەند سەگێك پەلاماری دەدەن، برینەكانی ئەنەس زۆر سەخت بوون بە هۆیەوە گیانی لەدەستدا.
بەگشتی دیاردەی سەگی بەرەڵا  ژمارەیان زۆر لە زیادبووندایە، ئەمەش ترسی لای خەڵكی كەركوك دروست كردووە بەتایبەتی ماوەیەكی دیكە دەرگای خوێندنگەكان دەكرێنەوە 
بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری كەركوك، سەبارەت بە قەڵاچۆكردنی سەگە بەڕەڵاكان رایدەگەیەنێت، هەڵمەتەكان بەردەوامن بەڵام ئەو تواناو هاوكارییەی جاران نەماوە بۆ هەڵمەتەكان، بۆیە ژمارەیان لە نێو كۆڵان و شۆستەكان روویان لە زیادبوون كردوە.
دكتۆر ئەكرەم كەمال عارف، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری كەركوك، سەبارەت بە چۆنیەتی هەڵمەتی قەڵاچۆكردنی سەگە بەرەڵاكان لە گەڕەك و شەقامەكانی كەركوك بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:” پێشتر بۆ هەڵمەتی قەڵاچۆكردنی سەگە بەرەڵاكان پاڵپشتییەكی باش دەكراین لە لایەن هەرێم و ناوەندو پارێزگای كەركوكەوە”، ئەوەشیخستەروو:”ئێستا ئەو تواناو هاوكارییەی جاران نەماوە بۆ هەڵمەتی لەناوبردنی سەگەكان”.
بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری كەركوك باسی لەوەشكرد:”بۆ لەناوبردن و كوشتنی هەر سەگێكی بەرەڵا بڕی پێنج سەد دینارمان دەدا بەو كەسەی كە سەگەكانی دەكوشت”.
هەروەها ئاشكراشیكرد:” ساڵانی (2012-2013) زیاتر لە (40) هەزار سەگی بەرەڵامان لە كەركوك لەناو بردووە، هەر ئەوەش وایكرد لیژنەیەكی پێنج كەسی لە بەغداوە هاتنە كەركوك و ماوەی پێنج رۆژ مانەوە بۆ لێكۆڵینەوە لە كوشتنی ئەو ژمارە سەگە كە ئەوان پێیان وابوو، ئێمە زانیاری ناتەواومان پێداون، ئێمەش پێمان وتن بڕۆن بەناو شاردا بگەڕێن ئەگەر سەگێكتان بینیوە هەقی خۆتانە، لە راستیدا چەند رۆژ گەڕان چاویان بە سەگێكی بەرەڵا نەكەوت”.
بە وتەی بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری كەركوك ئێستاش بەردەوامن لە هەڵمەتەكانیان بۆ لەناوبردنی ئەو سەگە بەرەڵایانەی كە دەبنە مەترسی بۆسەر ژیانی هاوڵاتیان”.
دكۆتر ئەكەرم ئەوەشیخستەڕوو:” دوای كوشتنی سەگەكان، دواتر لە دەرەوەی شارو لە نزیك ناحیەی تازە لاشەكانیان دەخرێنە ژێر خۆڵەوە بۆ ئەوەی نەبنە مایەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی”.
لە بارەی شێوازی لەناوبردنی ئەو سەگانە، دكتۆر ئەكرەم وتی:” سەگەكان بە دوو جۆر لەناو دەبرێن، ئەویش جۆری تاپڕو ژەهرە، بەڵام ئێستا ژەهر نییەو تەنها بە چەكی تاپڕ ئەنجام دەدرێت”.
بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری كەركوك رونیشیكردەوە:” پێش چەند رۆژێك لە پارێزگا داوای هاوكاری كردووەو ئەوانیش بەڵێنیان پێداوە بۆ ئەو مەسەلەیە هاوكاری بكەن، تا كەركوك لە دیاردەی زۆری سەگە بەرەڵاكان خاوێن بكەنەوە”.
سەردار عەلی، بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوكیش بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:”:”ئەگەر ڤێتێرنەری پێویستیان بە ئۆتۆمبێل و حاویە هەبێت بۆ فڕێدانی ئەو سەگە بەرەڵایانەی كە بە چەند رێگایەك لەناو دەبرێن، ئێمە ئەو پێداویستییانەیان بۆ دابین دەكەین و لەو رووەوە هاوكاریان دەبین”.
فەرمانگەی تەندروستی كەركوكیش ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن، كەچاودێری قەڵاچۆكردنی سەگە بەڕەڵاكان دەكات، و ئاشكرای دەكات كە پێش چەند مانگێكش مەترسی ئەو سەگانەمان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان خستۆتەروو. 
دكتۆر بورهان عومەر، بەڕێوەبەری بەشی تەندروستی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:”قەڵاچۆكردنی سەگە بەڕەڵاكان ئەركی سەرەكی ڤێتێرنەری و شارەوانی و لیژنەیەكی قایمقامیەتە، ئێمەش وەك تەندروستی كەركوك چاودێری دەكەین”.
دكتۆر بورهان وتیشی:”وەك فەرمانگەی تەندروستی كەركوك پێش دوومانگ لە كۆبوونەوەی هەفتانەی پارێزگای كەركوك باسی ئەو بابەتەمان كردووەو مەترسییەكانی سەگە بەڕەڵاكانمان روون كردۆتەوە”.
لە بارەی جۆری مەترسییەكانی سەگە بەڕەڵاكان، بەرپرسەی كەی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، ئاشكرایكرد:” سەگە بەڕەڵاكان دوو جۆر مەترسییان بۆسەر ژیانی خەڵك هەیە، یەكەمیان ئەو سەگانەن كە خەڵك دەگەزن بەتایبەتی سەگی هار، كە هەر كەسێ بگەزێ ئەوە راستەوخۆ مەترسی بۆ سەر ژیانی ئەو كەسە دەبێت و پێویستە بە زووترین كات دەرزی لێ بدرێت، دووەمیش نەخۆشییەك هەیە كە پێی دەوترێت درمی سەگ، كە لە رێگای مێشولەیەكەوە دەگوازرێتەوە ئەویش كوشندەیە، كە خۆشبەختانە تائێستا ئەو مەترسییە لە شاری كەركوك بوونی نییە”.

‌ 138 جار بینراوه‌
9/14/2018 10:07:57 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved