»  راپۆرت
لایەنە سیاسیەكان هاوڕان لە بوونی دەستی دەرەكی لە شارەكەیان
 ئا / رەوان تاڵیب


كەركوكیەكان داوای ئیرادەیەكی سیاسی سەربەخۆ دەكەن

پێكهاتەو لایەنە سیاسیەكانی كەركوك، داوای دوور كەوتنەوەی دەستی دەرەكی دەكەن لە شارەكەیان و رایدەگەیەنن، پێویستە كەركوك و بەرژەوەندیەكانی لە پێش هەموو شتێكی دیكەوە بێت.

ئەحمەد عەسكەری: چەند لایەنێك تەنها كاریان تێكدانی دۆخی شارەكەیە

پێكهاتەی كورد، وەكو زۆرینەی شارەكە داوای ئەوە دەكەن كە دەستی دەرەكی دووربكرێتوە لە شارەكە و ئیرادەیەكی سیاسی سەربەخۆ و خستنە پێشەوەی بەرژەوەندی شارەكەیان لە بەرانبەر بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەكە دەكەن، هاوكات ناشیشارنەوە، چەند لایەنێك تەنها كاریان تێكدانی دۆخی شارەكەیە.
ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە لێدوانێكیدا بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:” برواناكەم سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەكانی كەركوك كە لە پێكهاتە جیاوازەكانی شارەكەن بتوانن ئیرادەیەكی سەربەخۆی كەركوكیانەیان هەبێت چونكە بە پارەی وڵاتانی دراوسێ دروست بونە”، ئەوەشیخستەروو:”بەشێك لە حزبەكانی كە لە دوای 2003 لە شارەكە دروستبونە وەكو كارمەند و فەرمانبەرن و پارەیان لە وڵاتانەوە بۆ دێت ئیدی چۆن دەتوانن ببنە خاوەن ئیرادەیەكی سیسای سەربەخۆی كەركوكیانە و لەبەرژەوەندی پێكهاتەكانی شارەكە كاربكەن”. 
بەوتەی ئەندامەكەی لیستی برایەتی، بەرژەوەندی كەركوك لەوەدایە كە خۆیان بریار لەسەر چارەنوسی خۆیان بدەن بەبێ دەستێوەردانی وڵاتانی دیكە و كەسانی دەرەوەی كەركوك، باسی لەوەشكرد:”ئەو هەنگاوەش لە رێگای حزبەكانەوە دەكرێت بەڵام سەرجەم حزبەكان ئامادەیی ئەوەیان نیە بۆ كەركوك خۆشگوزەران بێت و بریار لەسەر چارەنوسی خۆ بدات”. 
ئەحمەد عەسكەری ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:”بەشێك لە حزبەكانی كەركوك تەنها بۆ ئەوە دروست بوونە و پارەیان پێ ئەدرێت بۆ ئەوەی نەهێڵن رێكەوتن ئەنجامبدرێت ”، وتیشی:”ئەجێندای سیساسی چەند حزبێك ئەوەیە كە دژایەتی كەركوك بكەن و هەمیشە لە شارەكە پشێوی و ئاڵۆزی بوونی هەبێت چونكە سوود لەوە دەبینن”.
ئەندامەكەی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئەوەشی نەشاردەوە كە ئەوان وەكو یەكێتی و كورد هەمیشە كارەكانیان بۆ ئەوە بوە كە كەركوك و كەركوكیەكان بە بێ دەستێوەردانی دەرەكی بریارەكانی بدات، راشیگەیاند:”هەنگاوەكانمان بۆ ئەوەیە هەموان كاربكەین لە پێناو بەرژەوەندی كەركوك”. 

نەجات حوسێن: پێویستە كەركوكیانە بیربكەینەوە

ئەگەرچی لە ئێستادا بەشێك لە لایەنە توركمانیەكان تۆمتبار دەكرێن بەوەی كاردەكەن لەگەڵ چەند وڵاتێكی هەرێمایەتی تاوەكو لەو رێگایەوە دەستێوەردانی راستەوخۆ ئەنجامبدەن لە شارەكە، بەڵام، سەركردەیەكی توركمان، رایدەگەیەنێت هەندێك لایەن هەیە بە قسە دەڵێن لەگەڵ ئیرادەیەكی سەربەخۆین بۆ كەركوك بەڵام بەكردەوە پێچەوانەن.
نەجات حوسێن، لە پێكهاتەی توركمان كە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیشە، بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:”بەشێویەكی مەبدەئیی ئێمە لەگەڵ ئەوەین كە كەركوكیەكان خۆیان بریار لەسەر چارەنوسی خۆیان بدەن و خاوەن ئیرادەیەكی سەربەخۆ بن و هەمووانیش كاربكەین لە پێناو بەرژەوەندییەكانی شارەكە”، ئەوەشیخستەروو:” هەندێك لایەن هەیە بە قسە دەڵێن لەگەڵ ئیرادەیەكی سەربەخۆین بۆ كەركوك بەڵام بەكردەوە پێچەوانەن بۆیە پێویستە ئەوەی بە قسە دەیڵێن بەكردەوەش جێبەجێیبكەن”. 
بەوتەی ئەندامە توركمانەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، رێز لە وڵاتانی دەوروبەر دەگرین كە وڵاتێكی وەكو ئێران هاوكارمان بونە لەشەڕی داعش و كەرەستەی پێداوین و لەرووی لۆجسیتەوە هاوكاریی كردوین و وڵاتێكی وەكو توركیاش دەیان كۆمپانیای هەیە ل شارەكان كە لە خزمەتی هاوڵاتیاندایە و سوودمان پێدەگەیەنێت، بەڵام ئەمانە نابێت ببنە هۆكاری ئەوەی بەرژەوەندی ئەو وڵاتە بخەینە پێش بەرژەوەندی شار و وڵاتەكەمان، باسی لەوەشكرد:”پێویستە یەكەم و كۆتای تەنها كەركوك بێت و بەرژەوەندیەكانمان بۆ ئەوەبێت و پێویستە كەركوكیانە بیربكەینەوە”. 
نەجات حوسێن، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:”بەرژەوەندی ئیجابی و سلبی هەیە ئێمە بەرژەوەندیە سلبیەكان نە لە ئێران و توركیا نە سعودییە نە لە ئەمریكاو شوێنەكانی دیكەش قبوڵ ناكەین، بەڵام بەرژەوەندی ئیجابی و لە خزمەت شار و وڵاتەكەمان بێت ئەوە ئاساییە و قبوڵی دەكەین”. 

ئیسماعیل حەدیدی: چەند لایەنێك بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە لەگەڵ وڵاتان

 پێكهاتەی عەربی شارەكەش، كە لە ئێستادا خاوەنی سێ كورسی پەرلەمانین و ئیدارەی شارەكەش لە ئێستادا لەلایی ئەوانە، باس لەوەدەكەن، گۆرەپانی عێراق بەشێوەیەك كراویە كە سەرجەم وڵاتانی هەرێمایەتی دەتوانن دەستێوەردانی تێدابكەن. 
ئیسماعیل حەدیدی، سەرۆكی پێشووی ئەنجومەن سیاسیی عەرەبی لەكەركوك، لە لێدوانێكدا سەبارەت بەهەمان پرس، رایگەیاند:”گۆرەپانی سیاسی لە عێراقدا بەشێوەیەك كراوەیەكە سەرجەم وڵاتانی هەرێمایەتی دەتوانن هەموو جۆرە دەستێوەردانێكی تێدابكەن”، ئەوەشیخستەروو:”ئێمە سەرجەم دەستێوەردانەكانی وڵاتان رەتدەكەینەوە و قبوڵیشنی ناكەین”. 
بەوتەی ئەو سەركردە سیاسیەی عەرەب لە كەركوك، ئەو وڵاتانەی كە دەستێوەردان لە كەركوك دەكەن بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان هەیە و بەشێك لە لایەنە ناوخۆیەكانی شارەكەش لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەرژەوەندییان هەیە، باسی لەوەشكرد:”لایەنە ناوخۆیەكان رێگە خۆشكەرن بۆ دەستێوەردانی وڵاتانی دەوروبەر”. 
ئیسماعیل حەدیدی، ئاشكراشیكرد:”ئەو لایەنەنانە هەر بە پاڵپشتی ئەو وڵاتانەی بەرژەوەندیان هاوبەشە و لەلایەن ئەوانەوە پشتگیری دەكرێن پشت ئەستورن”.
هەروەها راشیگەیاند:”ئێمە سورین لەسەر ئەوەی ئاشتی و پێكەوە ژیان لە كەركوك بەرقەراربێت”، وتیشی:”ئاشتی و پێكەوە ژیان لە پێش هەموو شتێكەوەیە و دەبێتە هۆی متمانەی سەرجەم لایەنەكان و پێكهاتە جیاوازەكان و بەڵام بەبێ پێكەوە ژیانیش لەكەركوك ژیانكردن نابێت و ئەمن و ئایشیش بەرقەررا نابێت.”

ئەڵماس فازڵ: جگە لە ئیرادەیەكی كەركوكیانەی سەربەخۆ هیچ چارەسەرێكی دیكە نیە بۆ شارەكە

پەرلەمانتارێكی كوردیش لە فراكسیۆنی یەكێتی نشتیمانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێرق، رایدەگەیەنێت، پێویستە سەرجەم لایەنەكان لە پێكهاتە و ئاینە جیاوازەكانی شارەكە بە عەقڵێتێكی كەركوكیانە كاربكەین. 
ئەڵماس فازڵ، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی نشتیمانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تایبەت بەم راپۆرتەی (هەواڵ)، رایگەیاند:” كەركوك پێویستی بە ئیرادەیەكی سیاسیی بەهێزی كەركوكیانە هەیە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان”، ئەوەشیخستەروو:” جگە لەو ئیرادە سەربەخۆیە كەركوكیە هیچ چارەسەرێكی دیكە نیە بۆ شارەكە كە لە پێناو بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوكدا بێت”.
بەوتەی پەرلەمانتارەكەی یەكێتی، رێز لەسەرجەم وڵاتانی دراوسێ دەگرن بەڵام دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆی شارەكە بەتەواوی رەتدەكەنەوە و دەڵێتیش:”بەهیچ شێوەیەك جێگای قبوڵ نیە”.
هەروەها راشیگەیاند:”لە ئێستادا بەهیچ جۆرێك ئجێندای وڵاتان خزمەت بە دۆسیەی كەركوك ناكات و لەبەرژەوەندی كەركوكیەكاندا نیە”، وتیشی:”پێویستە لە سەر سەرجەم لایەنەكان لە پێكهاتە و ئاینە جیاوازەكانی شارەكە بە عەقڵێتێكی كەركوكیانە كاربكەن”.
ئەڵماس فازڵ، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:” كەركوك شاری پێكەوە ژیان و چەپكە گوڵەكەی سەرۆك مام جەلالە”، وتیشی:”هیچ لایەن و پێكهاتەیەك ناتوانێت تێدا سەركەوتوبێت ئەگەر بێت وباڵانسی هێز رانەگرن”.
هاوكات باسی لەوەشكرد:”كورد نیوەی زیاتری شارەكە پێكدەهێنێت بۆیە ناكرێت پەراوێز بخرێت لە رووی ئیدارەدان و ئەمنیەتی شارەكەوە چونكە بۆ هیچ لایەن و كەسێك ناچێتەسەر و ناتوانێت بەتاك رەوانە بەردەوامبێت. 
پەرلەمانتارەكەی یەكێتی نشتیمانی كوردستان، روونشیكردەوە:”پێویستە لەسەر سەرجەم پێكهاتەكان كە بەرژەوەندی كەركوك بخەنە پێش بەرژەوەندی تەسكە حزبیەكان و كێشەكان وەلابنێن و بە بیرێكی كەركوكیانە هەنگاو بنێن بۆ چارەسەركردنی دۆخە”، وتیشی:”پێویستە سەرجەم دەستە دەرەكییەكان لە شارەكە دەربكەین و رێگربین لە هەر دەستێوەردانێك”. 

هاوكات  شوان داودی، پەرلەمانتاری پێشوی عێراق، هەفتەی رابردوو لە وتارێكدا كە  لە رۆژنامەی هەواڵ بڵاوكرایەوە داوایی لەسەرجەم پێكهاتەكان كردبوو بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی شارستانیانەی لە پێناو  دروستكردنی ئیرادەیەكی سیاسیی كەركوكیانە بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەی سەقامگیری و پتەوكردنی پایەكانی پێكەوە ژیان. 

‌ 364 جار بینراوه‌
9/14/2018 10:12:40 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved