»  وتاری هەفتە
كەركوك لەسایەی حوكمی عەسكەردا
بورهان حاجی سلێمان



یەكێك لە سیما دیارەكانی شارستانیەت لە هەر ژینگەیەكدا، بوونی كۆمەڵگەیەكی سڤیلە، كۆمەڵگەیەك یاساو پرەنسیپەكانی ژیانی شارو دامەزراوە زانستی و فەرهەنگییەكانی، پەیوەندییەكانی نێوان تاكەكانی رێكبخات نەك لولەی تفەنگەكان، بەدەر لەمە دیاردەی چەكداری و بەسەربازگەكردنی كۆمەڵگە، هەموو تایبەتمەندییەكانی چەمكی شارو شاری بوون لە ژینگەكەو تاكەكانی دەسەنێتەوەو كۆمەڵگەكەش جگە لە گردبوونەوەیەكی مرۆیی هیچی دیكە نابێت.
ئێستا ئەو پێناسەیە بەتەواوی لەسەر شارێكی خاوەن شارستانییەكی چەند هەزار ساڵەی وەكو كەركوك راستە، كە لە دوای كودەتای ساڵی 1958و حوكمی پیاوانی سوپا بە ناو كۆمارییەكانەوە، كراوەتە سەربازگەیەكی گەورەو ژیانی مەدەنیانەی تیایدا دژواركردووە.
ئێستا كەركوك بەدەست دەیان گرفت و كێشەی جۆراوجۆرەوە دەناڵێنێت، بەڵام مەترسیدارترینیان دوو كێشەن، یەكەم سیاسی – ئیداری و دووەمیشیان ئەمنی و سەربازی كە لە ئاكامی خستنەژێر پێی بڕگەو ماددەكانی دەستوورەوە سەرچاوەیان گرتووە، ئەوەی یەكەمیان بە لادانی راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك بەشێكی زۆری چارەسەر دەبێت، بەڵام كێشە ئەمنی و سەربازییەكە كە پەیوەندی راستەوخۆی بە گیان و ژیان و ئازادی هاوڵاتیانەوە هەیە، بە نەمانی ئەم حوكمە عەسكەرییەی ئێستا چارەسەر دەبێت كە تەنانەت چالاكی مەدەنیشی قەدەغەكردووە، بەڵكو نەمانی ئەم حوكمە عەسكەرییە چارەسەری كێشە ئیداری و سیاسییەكەش دەكات، چونكە ئەم واقعە ئیداری و سیاسییە، لە سایەی لوولەی تفەنگی عەسكەرەكان بەردەوامی بەخۆی دەدەات و راكان جبوری لە ژێر ركێف و پارێزبەندی ئەو حوكمە سەربازییەی كە لیوا مەعن ئەلسەعدی حاكمی رەهای كەركوك سەركردایەتی دەكات، بەردەوامی بە پرۆسەی بەعەرەبكردن دەدات، لە ژێر باڵی ئەویش نەبێت بۆ تاكە رۆژێك ناوێرێت لە بینای پارێزگا بمێنێتەوە.
كورد دەبێت چەندە جەخت لە گۆڕینی پارێزگای كەركوك بكاتەوە دوو ئەوەندە كار بۆ نەمانی حوكمی سەربازی سەر شارەكە بكات، تا ئەوەش نەكات گۆڕینی پارێزگا هیچ بەهایەكی ئەوتۆی نابێت، چونكە هەر پارێزگارێك لەسایەی ئەم دەسەڵاتە سەربازییەدا جگە لە فەرانبەرێكی بێدەسەڵات و جێبەجێكاری ئەجێندای عەسكەری حاكمەكان هیچی تر نابێت، ئەو داواكارییەش بە داوای شەرمنانە لە قەراغ شارەوە ناكرێت، بەڵكو بە ئاكتیڤكردنەوەی دەزگا تەشریعیەكان، دەبێت ئەو داوایە بكرێتە دروشمی یەكڕیزی كوردو بخرێتە نێو دۆسێی ئەجێندای ئەو وەفدانەی دانوستان لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەكەن، ئەگەر ئێستا كە جارێكی دیكە لاوازی بەغدا هەلێكە بۆ كورد، ئەو پرسە یەكلایی نەكرێتەوە ئەوە دوای پێكهێانی حكومەت و رێكەوتنی باڵەكانی شیعەو سوننە، دەبێتە كارتێكی سوتاو.. كات و كارتیشمان زۆر كەم ماوە چیتر مەیسوتێنن لە پێناو هیچ... هیچیش یەكسانە بە پلەو پۆست لە بەغدا. 









‌ 392 جار بینراوه‌
9/14/2018 11:13:37 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved