رەوان تاڵیب
لە قەزای داقوق 9 كەس دەستگیردەكرێن و ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتیش لە پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت:"ئەو كەسانە لە بەندیخانە لەلایەن پۆلیسی فیدراڵیەوە ئەشكەنجە دراون".
جەماڵ شكور، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێكیدا بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:"9 هاوڵاتی لە داقوق لەلایەن پۆلیسی فیدراڵیەوە دەستگیركراون"، ئەوەشیخستەڕوو:"بە وتەی كەسوكاری ئەو هاوڵاتیانە لە بەندیخانە ئەشكەنجە دراون و دەست و پەنجەیان شكێندراوە".
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران، سكاڵایان دژی پۆلیسی فیدراڵی تۆماركردوە لە دادگای كەركوك و نوسراوشیان بۆ سەرۆكایەتی كۆمار كردووە دەربارەی ئەو پرسە، هەروەها باسی لەوەشكرد:" ئێمە بەردەوامین لە بەدواداچونەكانمان لەپێشوتر 6 كەس دەستگیر كرابوون بەڵام دواتر 3 كەسیی دیكەش دەستگیركران كە 8كەسیان كورد و كەسێكی عەرەبیشیان تێدایە".
جەمال شكور، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:"ئێمە لەگەڵ سەروەری یاساداین بەڵام ئەو كەسانەی دەستگیركراون ئەشكەنجە دراون و بەزۆر دانیان بەچەند كەیسێك پێناون كەپەیوەندی بەوانەوە نییە"، وتیشی:"بنەماڵەی ئەو هاوڵاتیانە كەسێكیان وەكو پارێزەر دەستنیشانكردبوو تا بەدوای دۆسیەكەیانەوە بچێت، بەڵام ئەو كەسە كارەكانی بەڕێوە نەبردو وەكو پێویست و سكاڵای هاوڵاتیانی نەگەیاندۆتە دادگا كە دەوری باش نەبوە و لە ئێسٍتادا پارێزەرێكی خۆمان بۆ ئەو بابەتە داناوە".
ئەندامەكەی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، راشیگەیاند:"ئەو كەسانە بە بیانوی ئەوە دەستگیركراون كە تەقینەوە لەوێ روویداوە كە ئەوانە دەستیان هەبوبێت لە تەقینەوەكە و پەیوەندیان بە داعشەوە هەبوبێت".
بەپێی زانییاریەكانیش كە تاوەكو ئێستا پشت راستنەكراونەتەوە، پۆلیسی فیدراڵی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ 70 كەس بۆ ئەو سنورە بەبیانوی جۆراو جۆردەركردوە، ئەوەش بە هاوكار ژماریەك لە عەرەب و توركمان كورد.