»  کاتژمێر یازدە
تاكەی؟
شوان داودى


لە هەموو شارێكی ئەم جیهانەدا خەڵكەكەی دڵخۆش دەبن و ئاهەنگ دەگێڕن، ئەگەر یەكێك لە رۆڵەكانی پۆستێكی باڵا لەدەوڵەتدا دەستەبەربكات، بەو ئومێدەی ئەو پۆستە بەخێروخۆشی بۆ ئەو شارە بگەڕێتەوەو لەو رێگەیەوە خزمەتی زیاتر بەو شارە بكرێت. 
ئێمەی كەركوكییەكان پێچەوانەی هەموو دنیا پێش هەموو كەس خۆمان رێگر دەبین لەوەی كە كەسێكمان یەك لە سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق وەربگرێت لەترسی ئەوەی ئەو پۆستە بەكار بهێنێت بۆ ململانێ ئیتنییەكانی شارەكە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بێ متمانەییەی كە لە نێوان پێكهاتەكانی شارەكەدا دروست بووە.
لەم نوسینەدا دەمەوێ لەسەر بەیاننامەیەكی بەرەی دیالۆگ كە ساڵح موتلەك سەرۆكایەتی دەكات، دوابەدوای هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویان كردەوە بوەستم.
لەو بەیاننامەیەدا جەخت لەسەر تواناكانی كاندیدە كەركوكیەكە (د. محمەد تەمیم ) لەبەڕێوەبردنی دەسەڵاتی یاسادانان دەكاتەوەو باس لەوە دەكات لەبەر سوربوونی بەرەكەیان لە پاراستنی بەرەی چاكسازی (اصلاح) لەگفتوگۆكانیاندا لەگەڵ برا كوردەكان لەدانانی بەرنامەیەكی حكومی سەركەوتوو كە بتوانێت چاكسازی دەستەبەر بكات، كوردەكان بەهۆی هەڵوێستەكانی پێشتری كاندیدەكان لەمەڕ كەركوك ناوبراو رەتدەكەنەوە، بۆیە داوای كشانەوەیان لەكاندیدەكەیان كردووە لە كێبڕكێكانی بەدەستهێنانی ئەو پۆستە باڵایە.
 لێرەدا مەبەستم لەكەمكردنەوەی تواناكی بەڕێز تەمیم نیە، من خۆم باوەڕم بەوە هەیە كەپیاوێكی بەتوانایەو رەتكردنەوەشی لەلایەن كوردەوە بەشێكی ترسە لەتواناكانی ئەو لەوەی ئەو دەزگا باڵا نیشتمانیە بخاتە خزمەت ئەجێندا سیاسیەكانی خۆیەوە، ئەم جۆرە فیتۆیانە تەنها بۆ تەمیم نیە، ئەوانیش واتە عەرەب یان توركمانەكانی كەركوك ڤیتۆیان لەسەر كەسە دیارەكانی كوردی كەركوك هەیە لەوەرگرتنی پۆستەكان, پۆستی پارێزگای كەركوك بە نموونە، تائێستا چەندین ناویان رەتكردۆتەوە بەهەمان هۆ.
بەڕای من ئەم پرسە واتە پرسی ڤیتۆی پێكهاتەیەك لەسەر كەسایەتییە سیاسییەكانی پێكهاتەیەكی تر ئەگەر بەشێكی بۆ ئەجێندا سیاسییەكان بگەڕێتەوە، بەشێكی پەیوەندی بە ئەدای خودی كەسەكەوە هەیە لەمامەڵەكردنی لەگەڵ رووداوەكاندا نەك هەڵوێستەكانی، چونكە هەڵوێستەكان پەیوەستن بە ئەجێندا سیاسیەكانەوە، بەڵام مامەڵەكردنی پۆزەتیف یان نێگەتیف پەیوەستە بە خودی كەسەكەوە، لەسێ خولی پێشوودا بەڕێز تەمیم یان پەرلەمانتار یان وەزیر بووە، من خۆم گلەیم لەهەڵوێستە سیاسییەكانی نییە، چونكە ئەو نوێنەری پێكهاتەیەك بووە، دەبێت بەرگری لەبەرژەوەندییە سیاسییەكانی ئەو پێكهاتەیە بكات و من قەد داوای ئەوەی لێناكەم وەكو من بۆ كورد بیربكاتەوە. بەڵام كە نوێنەری كەركوكە پێوێستە لەدەرەوەی ئەجندا سیاسیەكەی بۆ تێكڕای دانشتوانی شارەكە وەك یەك بێت.
كێشەكە لەوەدایە ئەدائی پەرلەمانتاری یان ئەدائی وەزاری بەستۆتەوە بە ئەجێندا سیاسییەكەیەوە, كە وەزیر بووە خزمەتی پێكهاتەیەكی كردووەو گلەیی زۆری پێكهاتەكانی تری لەسەر بووە، لەپەرلەمانیش لەدەرەوەی ئەجێندا سیاسییەكەی نەیتوانیوە ئەوەندەی پەرلەمانتاری كەركوك بێت ئەوەندە پەرلەمانتارێكی عەرەبی كەركوك بووە، نەك تەنها بۆ د. تەمیم لە ڕاستیدا بۆ هەموومان وا بووە، بۆ ئەرشەد ساڵحی بۆ خالید شوانی بۆ شوان داودی بۆ رێبوار تەها بۆ بێستون عادل بۆ حەسەن تۆران بۆ خالید مەفرەجی بۆ جەمال شكور و مەریوان و د.ئەحمەد و محەمەد عوسمان و ئەڵماس و خەدیجەو دیلانیش ئەمە ڕاستیەكی تاڵە.
بەڵام پرسیارەكە لە وەدایە: تاكەی .. تاكەی زەرەر لە خۆمان و شارەكەمان بدەین، تاكەی نەتوانین پێكەوە كار بكەین تاكەی نەتوانین كەركوكی بین؟

‌ 290 جار بینراوه‌
9/21/2018 11:06:36 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved